رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی دڵنیایی دایە تاران کە وڵاتەکەی هیچ نیازێکی نییە دەستوەردان یان بەشداری لە شەڕدا بکات، هیچ پلانێکیشی بۆ ناردنی سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیئۆل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، چۆ هیون و عەباس عێراقچی تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکەیان کردووە.
وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئاشتی و سەقامگیری کردەوە و دڵنیایی دایە هاوتا ئێرانییەکەی کە "سیئۆل بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە شەڕدا ناکات و هیچ هێزێک رەوانەی ناوچەکە ناکات"، هاوکات هیوای خواست رێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان بدۆزرێتەوە.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا لە بوونی هەر هێزێکی سەربازیی بیانی لە ناوچەکەدا و روونیکردەوە کە جێگیرکردنی هێزە دەرەکییەکان نەک تەنیا خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و فراوانبوونی بازنەی ململانێکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
عێراقچی هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تاران بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لەبارەی مەرج و چوارچێوە پێویستەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا خستەڕوو.



