رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران پشتڕاستی کردەوە، درۆنێکی ئەمریکی لە سیریک بەلەمێکی راوچییانی کردووەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە رۆژهەڵاتی رێڕۆ ئاوییەکە، مین بە کەشتییەکی ''سەرپێچیکار''ـدا تەقیوەتەوە.
بەرەبیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-11-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، کاژێر 03:30 خولەک درۆنێکی ئەمریکی لە سیریکی باشووری ئێران، خۆی بە بەلەمێکی راوچییاندا کێشاوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەهۆی تەقینەوەی درۆنەکەوە، دوو کەس کە لە بەلەمەکەدا بوون، بە سەختی بریندار بوون کە دواتر گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکی سیریک.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا یەکێک لە سەرنشینانی بەلەمەکە بە ناوی (مەحموود ئالفەتە) بێسەروشوێنە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
هاوکات پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە راگەیێندراوێکی دیکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە، لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز مین بە کەشتییەکی دیکەدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا گڕی گرتووە.
وەک سوپای ئێران دەڵێت، کەشتییەکە سیستمی رێدۆزی (جی پی ئێس)ـی خۆی کوژاندووەتەوە، بۆ ئەوەی بەبێ ئاگاداریی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی قورسی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ تێپەڕین وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێنە ئامانج یان بەهۆی مینە چیندراوەکانەوە، مەترسیی تەقینەوەیان لەسەرە.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕۆ ئاوییەدا ئەنجام دەدات.



