رووداو دیجیتاڵ
لە شارێکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران مامۆستایەکی ئایینی کوژرا. رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەڵێت، مامۆستاکە سەر بە سوپای پاسدارانە و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.
رووداوەکە کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ شەممە 28-11-2026 (بەکاتی تاران) لە شاری سەربازی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران روویداوە و چەند چەکدارێکی نەناسراو دەستڕێژیان لە مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی (مەولەوی بەشیر سەلاح زێهی) کردووە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، مەولەوی بەشیر لە دەستڕێژەکەدا چەند گوللەی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە و هیچ لایەنێکیش هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
رێکخراوی مافی مرۆڤی (حال وەش) کە لە سیستان مو بەلووچستان چالاکە رایگەیاندووە، بەشیر سەلاح زێهی، جیا لەوەی کە مامۆستایەکی ئایینییە، فەرماندەیەکی سەربازیی سوپای پاسدارانیشە.
پێشتر چەندین گرووپی چەکداریی سوننە لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان هەبوون، بەڵام ئێستا هاوپەیمانییەکیان بە ناوی (بەرەی خەباتگێرانی خەڵک) پێکهێناوە و پێکەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان دەکەن.



