رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک لە باشووری ئێران و ئەو بەلەمانەی هەوڵیان دەدا مینی دەریایی بچێنن؛ ئەم هێرشانە لە کاتێکدان شاندی باڵای دانوستاندنکاری ئێران بۆ گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە قەتەرن.
تیم هاوکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هێرشی بەرگری لەخۆکردنیان لە باشووری ئێران کرد، بۆ پاراستنی سەربازەکانمان لەو هەڕەشانەی لە لایەن هێزە ئێرانییەکانەوە دروست دەکرێن." سێنتکۆم وردەکاریی زیاتری لەسەر هێرشەکان نەدا و تەنیا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجەکان پێگەی هاوێشتنی مووشەک و ئەو بەلەمانە بوون کە هەوڵیان دەدا "مین بچێنن".
ئەم هێرشانە مەترسی بۆ سەر ئەو ئاگربەستە لەرزۆکە دروست دەکەن کە لە 8ـی نیسانەوە کراوە، لەکاتێکدا ئەمریکا و ئێران لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە ئابووریی جیهانی شڵەژاندووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی رەوتی گواستنەوەی وزە.
هەڵوێستی نەتەنیاهوو و دۆسیەی حیزبوڵڵا
ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە رۆژانی رابردوودا گورزێکی دیکەیان بەرکەوت، کاتێک بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی دا حیزبوڵڵای لوبنانی سەر بە ئێران "تێکبشکێنێت". لە بەرامبەردا، تاران داوای کردووە کە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، دەبێت جەنگی لوبنانیش بگرێتەوە.
مەرجەکانی ترەمپ بۆ رێککەوتن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا رایگەیاند کە چاوەڕوان دەکات ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەستی ئەمریکا بکات بۆ ئەوەی لەناوببرێت، یان لە ناوخۆی ئێران و لە ژێر چاودێرییەکی نێودەوڵەتیدا تێکبشکێندرێت.
ترەمپ نووسیویەتی: "یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە (تۆزی ئەتۆمی!) دەبێت یان دەستبەجێ رادەستی ئەمریکا بکرێت یان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران لە شوێنی خۆی و لە ژێر چاودێریی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکاندا لەناوببرێت."
هەروەها ترەمپ داوای کردووە کە دەبێت وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، میسر، تورکیا، بەحرەین و ئوردن وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران، واژۆ لەسەر "رێککەوتننامەی ئەبراهام" بکەن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل. هەرچەندە ئیمارات و بەحرەین پێشتر واژۆیان کردووە، بەڵام وڵاتانی وەک سعودیە و قەتەر جەختیان کردووەتەوە کە بەبێ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین، پەیوەندییەکان ئاسایی ناکەنەوە.
گوشارەکان و وەڵامی تاران
ئانا جەیکۆبس، لە پەیمانگای وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە واشنتن، دەڵێت بڕیارە بێباکانەکانی ترەمپ ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی کەنداوی زیاتر خستووەتە مەترسییەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدارەی ئەمریکا بە دروستی لە ناوچەکە تێناگات.
لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بە ئەگەری رێککەوتن لە ماوەیەکی نزیکدا کردبوو، بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە هەرچەندە لەسەر زۆربەی بابەتەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت واژۆکردنی رێککەوتنەکە نزیکە.
چڕکردنەوەی هێرشەکان لە لوبنان
نەتەنیاهوو رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە فەرمانی بە سوپا کردووە هێرشەکانیان لە لوبنان بە مەبەستی تێکشاندنی حیزبوڵڵا خێراتر بکەن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ئەو و ترەمپ رێککەوتوون هەر رێککەوتنێکی کۆتایی دەبێت هەرەشەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوەتی لەناوببات.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە.
رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هێرشێکی مووشەکی و درۆنی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە.
رۆژی 17ی نیسان، لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا رێککەوتنی ئاگربەستیان کرد و بەردەوامیش حیزبوڵڵا پابەندبوونی بەو ئاگربەستەوە رەتکردووەتەوە.
