رووداو دیجیتاڵ
ئێران رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەگەرێکی کەمە، ئەمەش لە کاتێکدایە، هیوای رێککەوتنی تاران و واشنتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. لەلایەکی دیکەشەوە، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران هۆشداریدا و گوتی: "هێزە چەکدارەکانمان بە مەخزەنی پڕەوە لە چاوەڕوانیدان."
لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لەدوای ئاگربەستەکەی 8ـی نیسانەوە وەستاون، دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و دەستپێکردنەوەی بازرگانی لە رێگەی رێڕۆ ئاوییە گەمارۆدراوەکەوە وەستاون، ئەمەش ئابووریی جیهانی تووشی شڵەژان کردووە.
رۆژی چوارشەممە 27-05-2026، محەممەد ئەکبەرزادە، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، گوتی: "بەهۆی لاوازیی دووژمنەوە ئەگەری جەنگ کەمە و هێزە چەکدارەکان بە مەخزەنی پڕەوە لە چاوەڕوانیدان."
ئەکبەرزادە هۆشداریدا و گوتی، سوپای ئێران "کەناراوەکانی خۆی دەکاتە گۆڕستان بۆ دەستدرێژکاران."
هیواکانی ئاشتی و رەتکردنەوەکەی کۆشکی سپی
هیوای رێککەوتن بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە زیاتر لە 5٪ دابەزێت.
زیادبوونی گەشبینییەکان دوای راپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران هات کە تێیدا بانگەشە کرابوو واشنتن لە رەشنووسێکدا پابەند بووە بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو.
بەڵام کۆشکی سپی بەخێرایی راپۆرتەکەی بە "درۆیەکی تەواو" وەسفکرد و رایگەیاند: "نابێت کەس باوەڕ بەوە بکات کە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە."
گرژییەکانی ئەم دواییە
رۆژێک پێشتر، ئێران ئەمریکای بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردبوو، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا رایگەیاند "هێرشی بەرگری لە خۆکردن"ـی کردووە کە پێگەی مووشەکی و بەلەمی مینڕێژی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی تاران رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا هەوڵی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دابەشکردنی ئێران دەدەن.
ژیان لە سێبەری نادڵنیاییدا
ئێران و ئەمریکا بۆ ماوەی چەندین هەفتەیە لە جەنگی وشە و قسەدان، لە کاتێکدا هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان بەردەوامن.
رۆژی سێشەممە، دوای تێپەڕانی سێ مانگ بەسەر بلۆککردنی ئینتەرنێت، ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی سێرڤەرەکانی کردەوە و خەڵک دەستیان بە جیهانی دەرەوە گەیشت.
هانا، قوتابییەکی تەمەن 20 ساڵە لە تاران گوتی: "ئێستا هەستم باشترە چونکە لە کۆتاییدا دەتوانم ئەپلیکەیشنە دڵخوازەکانم بەکاربهێنم. لە هەمان کاتدا، ئەو نیگەرانییەم هەیە کە رەنگە جەنگ هەر ساتێک دەستپێبکاتەوە و دووبارە لە هاوڕێکانم بکات."
ئەمیر، گەشەپێدەرێکی سۆتفوێری تەمەن 27 ساڵە و گوتی: "هەست دەکەم هێشتا هیچ شتێک دڵنیا نییە. پرسیاری رۆژانە ئەوەیە، ئایا ئەمشەو هێرشی مووشەکی دەکرێت؟"
بەرەی لوبنان گڕی گرتووە
ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر وڵاتەکە، لەنێویاندا نزیک شاری سوور لە باشووری لوبنان.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی حیزبوڵڵا لە دەورووبەری شاری سوور.
وەزارەتی تەندروستیی بەیروت رایگەیاند، هێرشەکانی دوێنێ سێشەممەی ئیسرائیل 31 کەسیان کوشتووە، لەنێویاندا لانیکەم چوار منداڵ.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە بەڵێنی "تێکشکاندنی" حیزبوڵڵای دابوو و رۆژی دواتر بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانیان بۆ قووڵایی لوبنان فراوانتر دەکەن.
حیزبوڵڵا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، چەکدارەکانی "لە مەودای سفرەوە" لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیلدا لە شارۆچکەیەکی ستراتیژی لە باکووری رووباری لیتانی پێکدادانیان هەبووە.
