رووداو - هەولێر
ئەو ئێرانییانەی نەخۆشیی درێژماوەی وەك شێرپەنجە، تالاسمیا، رەبۆ و ئێم ئێسیان هەیە، بەدەست كەمبوونەوەی دەرمانی بیانی و بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دەرمانە خۆماڵییەكانەوە گیریان خواردووە، لە كاتێكدا كاریگەریی گوشاری سزاكانی ئەمریكا بەرەبەرە دەردەكەون.
واشنتن هەر لەسەرەتاوە رایگەیاندووە كە سزاكان دەرمان، خۆراك و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان ناگرێتەوە. بەو حاڵەشەوە سزاكان كاریگەرییان لەسەر نرخی هەموو شتەكان داناوە، هەر لە نانەوە هەتا دەگاتە دەرمان.
چەندین نەخۆش، پزیشكی دەرمانساز و پەرستار كە لە ناوخۆی ئێرانەوە قسەیان بۆ (رووداو) كردووە، دەڵێن سزاكان بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر خەرجیی دەرمان داناوە.
رێبوار محەممەدی كە خەڵكی سنەیە و ئێستا لە پاریس دەژی، بە (رووداو)ی گوت: "باوكم 15 ساڵە رەبۆیەتی و هەموو مانگێك پێویستی بە بەخاخێكی نوێیە. بەڵام لە بازاڕدا هەر نەماوە".
باوكی رێبوار پێش سەپاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا 50 بۆ 100 هەزار تومەنی بە یەك بەخاخ دەدا. رێبوار دەڵێ "خوشكم پەرستارە، بەڵام چیدی بەخاخەكان لە هیچ شوێنێكی ئێران دەستناكەون. لە تاران شوێنێك هەیە بە ناوی ناسر خوسرەو كە هەموو دەرمانێكی یاسایی و نایاسایی لێ دەستدەكەوێ، بەڵام نەمانتوانی بەخاخەكە لەوێش دەستبخەین".
خێزانی محەممەدی بەخاخیان لە سلێمانی دەستكەوت كە بووە بە رێڕەوی دابینكردنی پێداویستییە دەرمانییەكان بۆ ئێران. بەخاخەكان ماوەیان بەسەر چووبوو، بەڵام لە هیچ باشتر بوون. رێبوار 13 بەخاخی سیریتاید 500 ی لە فەرەنساوە بۆ خێزانەكەیان لە سنە ناردووە كە بۆ هەر كامێكیان 60 یورۆی پێداوە، ئەوەش پارەیەكی یەكجار زۆرە لە ئێران.
قورسایی سزاكانی ئەمریكا بەسەر شانی خەڵكی ئاسایی ئێرانەوەیە. ئەوانەی كار بۆ حكومەت دەكەن سوود لە بیمەی حكومەت وەردەگرن. هێزە چەكدارەكان، بەتایبەتیش سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، زیاترین خێروبێریان لە سیاسەتی بیمەی حكومەت بینیوە.
زۆربەی ئەوانەی بۆ ئەم راپۆرتە قسەیان كردووە، بە مەرجی ئاشكرا نەكردنی ناویان قسەیان كردووە، بۆ ئەوەی ئازادانە قسەیان خۆیان بكەن، بێ ئەوەی تووشی سەردانی هێزە ئەمنییەكانی ئێران ببن.
بەهار فاتحی، ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵ و خێزاندار لە شاری مەریوان، دەڵێ: "من حەوت جۆر دەرمان بەكاردەهێنم. یەكێكیان بە تایبەتی بۆ نەخۆشیی ئێم ئێسە كە هەموو رۆژێك بەكاریدەهێنم".
بەهار دەرمانی فینگۆلید بەكاردەهێنێ كە جۆرێكی ئێرانیی دەرمانی فینگۆلیمۆدە و بۆ رێكخستنەوەی سیستەمی بەرگریی لەش لەلایەن تووشبووانی نەخۆشیی ئێم ئێسەوە بەكاردەهێنرێ. ئەو هەموو شەوێك یەك دانە كەپسوولی فینگۆلید و 6 حەبی دیكە دەخوات.
ئەو دەرمانانەی لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێن، لە لایەن حكومەتەوە بە خۆڕایی بەو كەسانە دەدرێ كە هەندێك نەخۆشی و حاڵەتی دیاریكراویان هەیە، لەوانەش تووشبووانی ئێم ئێس، بەڵام زۆربەی جار نەخۆشەكان گلەییان لە كواڵیتیی نزمی ئەو دەرمانانە هەیە كە دەكرێ كاریگەریی لابەلای لەسەر نەخۆشەكان هەبێت.
بەهار دەڵێ: "هەشت مانگ لەمەوبەر یەك دەستەی 30 دانەیی لە كەپسوولی فینگۆلید بە 500 هەزار تومەن (40 دۆلار) بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ قورسبوونی سزاكان، (لە دەرمانخانەكان) داوای ملیۆنێك و 250 هەزار تومەنت لێدەكەن".
هەرچەند بەهار دەرمان بە خۆڕایی لە حكومەت وەردەگرێ، بەڵام هەر كات ئەو دەرمانە لە كۆگاكانی حكومەتدا نەما، دەبێ بە پارە بیكڕێ. ئەو دەڵێ: "ئەگەر دەرمانەكە نەخۆم، كار لە هەموو لەشم دەكات، یەكەمجار هەناسەم نامێنێ و دواتریش هەموو ئەندامانی لەشم وەك ئیفلیجیان لێدێ".
ئەو دەرمانانەی بەهار بەكاریان دەهێنێ كاریگەریی لابەلا لەسەر دڵی، گورچیلە و سووڕی خوێنی دروست دەكەن، بەڵام توانای دارایی ئەوەی نییە جۆرە بیانییەكانی ئەو دەرمانە بكڕێ.
كەرتی تەندروستیی ئێران یەكجار بەهێزە و خۆی 97٪ی پێداویستییەكانی خۆی دابین دەكات. سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد رەزا شانەساز، یاریدەدەری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ كاروباری خۆراك و دەرمان رایگەیاند: "ئێستا كەموكووڕی دەرمان لە ئێران كەمتر لە 20 جۆر دەرمان دەگرێتەوە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو ئەم كاتانە كەموكورتیی دەرمان ژمارەیەكی سێ رەقەمی بوو".
شانەساز نەیشاردەوە كە سزاكان بوونەتە هۆی ئەوەی ئێران بە سەختی پێداویستییە دەرمانییەكان لە دەرەوە هاوردە بكات و گوتی: "ئەگەر میكانیزمە داراییەكەی ئەوروپا (بۆ ئاسانكاری هاوردەی كاڵای بیانی بۆ ئێران) بكەوێتە كار، ئەوە دەرمان یەكێك لە ئەولەویەتانەیە كە پارەی بۆ تەرخان دەكرێ. سەرەڕای بانگەشەكان كە خۆراك و دەرمان لەو شتانە نین سزا بیانگرێتەوە، بەڵام گواستنەوەی پارە بۆ بەدەستهێنانی دەرمان، رووبەڕووی هەمان ئەو بەربەستانە دەبێتەوە كە كاڵاكانی دیكە رووبەڕوویان دەبنەوە".
سەرەڕای ئەو بانگەشانەی حكومەتی تاران، ئێران لەسەر لێواری قەیرانی تەندروستییە. (رووداو) سەبارەت بە بەردەستبوونی دەرمانی نەخۆشیی ئێم ئێس لە پێنج شاری سەر بە پارێزگاكانی سنە، كرماشان و ورمێ و تەنانەت لە ژمارەیەك لە دەرمانخانەكانی تارانیش پرسیاری كرد. لە ئەنجامدا دەركەوت كەموكووڕییەكی زۆری ئەو دەرمانە هەیە.
وا دیارە سزاكانی ئەمریكا كاریگەرییەكی ناخۆشیان لەسەر دابینكردنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان هەبێ. شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت: "كۆمپانیاكانی كوردستان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەناردەكردنی دەرمان بۆ ئێران دەكەن".
بەگوتەی شێخ مستەفا، دەرمان بە دوو رێگا هەناردە دەكرێ: یەكێكیان لە رێگەی هاوبەشی نێوان كۆمپانیایەكی كوردستان و كۆمپانیایەكی ئێرانە. رێگاكەی دیكەشیان ئەوەیە كۆمپانیاكانی ئێران هەرێمی كوردستان وەك رێگەی ترانزێت بۆ گواستنەوەی دەرمان بەكاردەهێنن.
گوتیشی: "هیچ ژمارەیەكی ورد لەبەردەست نییە كە چەندە (دەرمان) هەناردە كراوە (بۆ ئێران)، بەڵام بڕەكەی زیادی كردووە. زۆربەی بازرگانەكان بە نهێنیی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەكەن".
(رووداو) بۆ وەرگرتنی سەرنجی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لەبارەی كەموكووڕییەكانی دەرمان پەیوەندیی بەو دامەزراوە دیپلۆماسییەوە كرد، بەڵام هیچ وەڵامێكی وەرنەگرت.
ئەم دۆخە لەسەر كەسێكی وەك كامەران محەممەدی، تەمەن 28 ساڵ و تووشبووی تالاسیمیا قورسترە، لەكاتێكدا لەشی كامەران ناتوانێ هیمۆگلۆبینی ئاسایی و پێگەیشتوو بەرهەم بهێنێ. هەر ئەوەش وایكردووە تووشی كەمخوێنییەكی سەخت ببێ.
كامەران دەبێ هەموو 20 بۆ 30 رۆژ جارێك خوێن وەربگرێ. بەڵام پێش ئەوە پێویستی بە چارەسەرێك هەیە بە ناوی (چەلەیشن تێراپی) كە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی ئاسنە لە خوێنیدا. كامەران دەڵێ: "بۆ كەمكردنەوەی ئاسنی خوێنم، دەرمانی دیفیراسیرۆكسی بیانی بەكاردەهێنم كە جاران زۆر بە ئاسانی دەستدەكەوت، بەڵام ئێستا كەم بووەتەوە".
بە گوتەی كامەران بازاڕی دەرمان جێگیر نییە، هەندێكجار دەرمان كەمە یان هەر دەستناكەوێ.
كامەران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەشێكی كەموكووڕییەكان لە ئەنجامی سزاكان دروستبووە، بەڵام هۆكارێكی دیكەی ئەو حاڵەتە بۆ پێداگریی بەرپرسانی تەندروستی لەسەر نەخۆشەكان بۆ بەكارهێنانی دەرمانی دروستكراوی ئێرانی دەگەڕێتەوە، هەر چەند دەرمانەكان كاریگەریی لابەلایان زۆرە.
هەتادێ كاریگەریی سزاكان لەسەر كۆمەڵگای ئێران زیاتر دەبێ و ژیان لە خەڵكانی خاوەن حاڵەت و نەخۆشییە درێژماوەكان قورستر دەكات. حاڵی حازر، حكومەتی ئێران بەشێك لە پێداویستییەكانی ئەو نەخۆشانە دابین دەكات، بەڵام لەگەڵ وشكبوونی سەرچاوەكانی داهاتی دەوڵەت، رەنگە حكومەت نەتوانێ بەو ئاستەی ئێستا پابەند بێ.
بەرپرسانی ئەمریكی باس لەوە دەكەن كە سزاكان كەلوپەلە مرۆییەكان و دەرمانی نەكردووەتە ئامانج، بەڵام خەڵكی ئێران كە لە واقیعەكەدا دەژین، شتێكی دیكە دەڵێن. رێبوار محەممەدی دەڵێ "تەنانەت ئەگەر پارەشت هەبێ، دەرمانت دەستناكەوێ. ئەوە هەقیقەتێكە، كە ئەم دۆخە دەرئەنجامی سزاكانە".



.jpg&w=3840&q=75)