دەبێ هەموو لایەك بزانن كە دیموكراسی تەنیا بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ نییە لە هەڵبژاردنەكان، بەڵكو سازكردنی گفتوگۆی هێمنانەیە لە نێوان لایەنەكاندا بۆ پێكهنانی پەرلەمان و حكومەتێكی كارا بە بەشداری هاووڵاتیان.بەبێ رێككەوتنی نێوان لایەنە براوەو دۆڕاوەكان، هیچ كەس براوە نابێت.
دیموكراسی و سەركەوتن لە هەڵبژاردن، واتە بەشداریكردنی هەموو لایەنەكان لە پرۆسەی سیاسی و بانگەشەی هێمنانە، نەك نمایشكردنی هێز كە تا ئێستا لەم كەشە دیموكراسییەی كوردستاندا 8 كەس بوونەتە قوربانی و لەوانە 6 یان پۆلیسن. ئەگەر سەیری ناوی حیزبەكان و بەرنامەی كاریان بكەین لە چەپەوە تا راست، بەرنامەكانیان هی وڵاتێكی دیموكراسین، تەنانەت حیزبە ئیسلامییەكانیش هەڵوێستێكی بێ وێنەیان نواند، خۆیان ساخكردەوە كە ئەوان حیزبی سیاسین بە جلوبەرگی ئیسلامییەوە، مووچەی زۆری پەرلەمان تینی بۆ هێنان و لە پەیامەكانی پێشوویان پەشیمان بوونەتەوە. لە زاری سێ كاندیدی لایەنە ئیسلامییەكانەوە بیستم كە فەرموویان دین سیاسەتەو سیاسەتیش دینە، كەواتە ئەوەندەی پەیوەندیی رۆحییان لەگەڵ هۆڵی پەرلەمان هەیە، لەگەڵ خواوەندیان نییە.
جا ئەگەر هەڵبژاردن لە هەموو دونیا پرۆسەیەكی دیموكراسی بێت، لە كوردستان پرۆسەی نمایشی هێز و عەشیرەتە، هەرچی عەشیرەتی كوردستان هەیە شوكر ناویان بەرز راگیراوەو بوونەتە پاشناوی كاندیدەكانمان. ئەگەرچی دیموكراسی و عەشیرەت كوجا مەرحەبا، نازانین دەنگ بە شێوازێكی دیموكراسی بە كاندیدێكی لێهاتوو بدەین، یان دەنگ بە عەشیرەتەكەی بدەین. زۆربەی كاندیدەكان ئەگەر حیزب دەست بە باڵیانەوە نەگرێ دەكەونە هەڵەی سەیر و سەمەرەوە. بەشێك لە كاندیدەكان تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشانی دەنگدەران شتی زۆر سەیریان كردووە، كاندیدێكی بەڕێز وێنەی خۆی داناوە و بە فۆتۆشۆپ رەنگی جلەكانی گۆڕیوە، جا ئەگەر لە ئێستاوە بە فۆتۆشۆپ رەنگ بگۆڕێ، گەرەنتی چییە لە داهاتوودا لەنێو هۆڵی پەرلەمان، هەڵوێستەكانی بە فۆتۆشۆب ناگۆڕێ.
كاندیدێكی دیكە زۆر بێ ئاگایانە بە دەستی، لاسایی ئەو هێمایە دەكاتەوە كە ئەردۆغان بەكاری دەهێنا بۆ پشتیوانیی ئەو ئیخوانانەی كە لە لە مەیدانی رابیعەی عەدەویەی میسر، مانیان گرتبوو بۆ گەڕانەوەی مورسی، ئەو دیمەنە رۆژانە چەندین جار لە كەناڵێكەوە نمایش دەكرێت. بەڵام مەبەست روون نییە، تۆ بڵێی ئەم كاندیدە ئیخوانی (ماسۆنی بێت)؟ ئاخر ئەوە هێمای ماسۆنیەكانە، دەیەوێ فێڵ لە خەڵك بكات، كاندیدێكی دیكە كە مێژووی بنەماڵەكەی رەشە، خۆی كردووە بە خاوەنی شەهیدانی شارێك و بەناوی ئەوانەوە خۆی بە خەڵك دەناسێنێ.
كاندیدێكی بەڕێزی دیكە زیاتر لە 30 ساڵە ئەم كوردستانەی وێڵ كردووە و هیچی ئێرەی بەدڵ نییە و هەمیشە خەڵكی كوردستانی بە موتەخەلیف ناودەبرد، ئێستا دەیەوێ بە دەنگی ئەو موتەخەلیفانە بچێتە پەرلەمانەوە، بە دڵنیاییەوە لە هۆڵی پەرلەمانیش بۆ بڕیارە موتەخەلیفەكان دەست بەرزدەكاتەوە.
كاندیدێكی دیكە شەهیدانی قەرناقەو پشتئاشان بەجاش ناودەبات، كە بە دڵنیاییەوە ئاگای لە مێژووی خوێناویی شەڕی براكان نییە. خانمێكی دی ناسنامەی خەزووری هەڵگرتووە، جا دەنگ بە بووك بدەین یان بە خەزوور؟، لەوەش سەیرتر كابرا بڕوانامەی سەرەتایی هەیە و پسپۆڕە لە بواری سیاسەتدا!، ئەی كەستان بینیوە هەڵگری بڕوانامەی ئەكادیمی نەبێت و پسپۆڕ بێت لە بوارێكی وا ئاڵۆزدا؟، دەرچووی كۆلێجی یاسایەو پسپۆڕە لە بواری یاساو كارگێڕی، لە جیاتی ئەندامی سەندیكای پارێزەران بێ، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانە، زۆربەشیان لەبەردەم مایكرۆفۆن دەمیان تەتەڵە دەكات و ناتوانن چەند جوملەیەكی موفید بڵێن.
ئەم هەڵانەش بەهۆی نەبوونی راوێژكاری راگەیاندنەوەیە كە فێریان بكات چۆن خۆیان نمایش بكەن. سەرنجی دەنگدەر بۆ لای خۆیان رابكێشن. بەڵام ناحەقیان ناگرین ململانێكە سەختەو ئیمتیازەكانیش زۆرن زۆر.


