ستافی كارای زۆربەی دەزگاكان جوملەیەك پیاون بەبێ ژن. پارەی نووسینی پیاوێك دوو هێندەی ئەو پارەیەیە كە بۆ ژنێك دانراوە، با پیاوەكە باری ئابووری زۆر باشیش بێت، چونكە دەزگا رۆشنبیری و راگەیاندنەكان پیاوانەن و پێیانوایە كەلامی پیاو پیرۆزە و موهیمترە لە هی ژن. ئەو سیستەمەی كاری پێدەكرێ پێشێلكردنی مافی ژنانی نووسەرە، جیاوازی دەكرێ لە بەخشینی پارە و لە شێوازی دانانی وتارەكان، ئەوەش رێز نەگرتنە لە گوتاری ژن. هەندێك لە سەرنووسەرەكان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی پارە بە نووسەر و گۆشەنووسەكان دەدەن، پیاوان دوو بەش و ژنان بەشێك، بەبێ ئەوەی رەچاوی باری ئابووری و كۆمەڵایەتی ژنان بكەن. ژن كاتێك وتارێك دەنووسێت رەنگە رووبەڕووی رەخنە و جنێو و سووكایەتی خوێنەرانی ئەم سایتە ببێتەوە، رەنگە لە شوێنی دیكەش كێشەی بۆ دروست ببێت، كەچی دەزگاكان رێز لەوە ناگرن. داخی گەورە ئەوەیە ئەم دەزگایانە دەیانەوێ كۆمەڵگە بگۆڕن! ئای لەم گۆڕانە. هەندێكیان وتاری ژنان بڵاودەكەنەوە تەنها بۆ ئەوەی رۆژنامەكەیان رۆژنامەیەكی زكوری نەبێت و لە گۆشەیەكدا وێنەی ژنێك هەبێت، نەوەك بیانییەك رۆژنامە یان سایتەكە ببینێ و رەخنەیان لێبگرێت. دەگمەنن ئەو خاوەن دەزگاو سەرنووسەرانەی رێز لە قەڵەم و هزری ژن دەگرن.
بابەتەكانی ژنان زیاتر بابەتی كۆمەڵایەتین و باس لە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و گرفتەكانی تاك لە كۆمەڵگە داخراوەكان دەكەن نەك بابەتی سیاسی، هەندێك سەرنووسەر حەزناكەن ژنانی نووسەر خۆیان لەقەرەی بابەتی سیاسی و لێكۆڵینەوەی فیكری بدەن. ئەو خاوەن دەزگایانە بیریان چووە ئەوە كۆمەڵگەیە سیاسەت بەرهەمدێنی نەك بە پێچەوانەوە. شاعیران و نووسەرانی ژن باس لە واقیعی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی دەكەن، دوای ئەوەی شارەزای عەقڵی پیاوسالاری كۆمەڵگە بوون، ئەوە ژنە دەتوانێ باس لە عەقڵ و بیركردنەوەی پیاو بكات، وێنەیەكی راستەقینەی كۆمەڵگە بگوازێتەوە، باس لە تێڕوانینی پیاو بكات بۆ ژن، ئەو پیاوەی كە هەموو جۆرە زوڵمێك مومارەسە دەكات بەرامبەر بە مێیینەی ناو خێزان و كۆمەڵگە. ژنان لەڕێی نووسینەوە هەستی خۆیان دەردەبڕن و هەستی پیاوانیش بەرامبەر خۆیان دەنووسنەوە. نووسینی ژن خەمی كۆمەڵگەیە و ئازارێكی قووڵی ناخی ئەوانەیە كە ناتوانن خۆیان بنووسنەوە، تەنها بۆ پڕكردنەوەی گۆشەی رۆژنامە نییە.
گەرەترین ترسی كۆمەڵگەی باوكسالاری ئەوەیە كە ژن بتوانێ بوونی خۆی بسەلمێنێ لە بوارەكانی زانست و تەكنەلۆژیاو كاری فیكری و لێكۆڵینەوەی زانستی و سیاسیدا، پیاوەكان زۆر دەترسن ژنان تام و چێژی سەركەوتن بكەن و ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە لەبەرئەوەی كەس نامێنێ برنج و فاسۆلیا لێبنێ و منداڵ پەروەردە بكات و ماڵ پاكبكاتەوە. فكر لەم وڵاتە مردووە، چونكە ژنان بەشداری جددییان پێناكرێت و بەشداركردنیان لەناو دەزگاكانی راگەیاندن وەك كۆتای پەرلەمانە.


