كۆمەڵگەی كوردی شتێك ناناسێ بەناوی ژنی ئازاد، وشەی ئازاد ئەگەر بە مێینەوە بلكێنرێ لە دیدی بەشێكی زۆری خەڵكی ئەم وڵاتەدا واتە ژنێكی سۆزانی.
كاتێك ژن باسی ماچ بكات یان هەفتەی ماچ رابگەیەنێ، ئیدی دەكەوێتە بەر شاڵاوی بەشێكی زۆری نێرینە و مێینەی بەستەزمانی ئەم كۆمەڵگایە، چونكە سێكس و ماچ ئەگەر بە ئاشكرا باس بكرێن ترسناكە، بەڵام ئەگەر بە دزییەوە بەدوایدا بگەڕێی و كەس پێی نەزانێ، ئەوە سەركەوتنە و وەك پاڵەوانێتی باس دەكرێ.
ژن لەم كۆمەڵگەیەدا دەبێ وەكو مریشك ماڵی بێت و جوجەڵەكانی لەبن باڵی بنێ، ئەگەرنا بە ژنێكی باش نابینرێ. لەم دەڤەرە لە نێوان رەش و سپیدا رەنگێكی دیكە نییە.
ئەگەر ویستت وەك ژنێكی ئازاد بژیت، ئەوە هەمووان هەوڵەكانیان یەكدەخەن بۆ ئەوەی ماڵیت بكەنەوە و بتگەڕێننەوە نێو قەفەسی ماڵ، چونكە ئازادیی ژن گەورەترین مەترسییە بۆ خودی ژن و خێزان و كۆمەڵگە. مەترسییەكی گەورە كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی شەرەف و هاوڕێ و كەسوكار و خزم و دۆست. بەشێكی زۆری ژنانی خوێندەوار و بەناو داكۆكیكار لە مافی ژنانیش پێیانوایە كە ئازادیی ژن یان ژنی ئازاد مانای مومارەسەكردنی سێكسە لەگەڵ زۆرترین پیاو و گەڕانەوەی درەنگانی شەو بۆ ماڵ، بۆیە ئەوانیش لە دژی ژنی ئازاد و ئازادیی ژن دەوەستنەوە، ئەو ژنەی كە دەیەوێ بڕیار لە ژیانی خۆی بدات و لە بواری ئابووری سەربەخۆ بێت و پێداویستییەكانی ژیانی خۆی دابین بكات، بەبێ ئەوەی دەست بۆ كەس پانبكاتەوە.
پیاوانی بەناو رۆشنبیریش كاتێك داوای سێكس لە ژنێكی ئازاد دەكەن و رەفزیان بۆ دێتەوە، تووشی شۆك دەبن و دەست دەكەن بە بڵاوكردنەوەی ناوناتۆرە تەنیا لەبەرئەوەی خزمەتگوزارییە سێكسیە بەلاشەكەی ئەوانت رەتكردووەتەوە. چۆن دەبێ داوەتی سێكسی پیاوێك رەتبكەیتەوە لە كاتێكدا تۆ ژنێكی ئازادی و ئەوەی بتەوێ دەتوانی بیكەی؟!.
ئەوە بیركردنەوەی زۆربەی پیاوانی رۆشنفكری ئەم وڵاتەیە. ئێمە لە مانای ئازادی نەگەیشتووین. نازانین ژنی ئازاد ئامێری سێكسی ئازاد نییە هەركاتێ پیاو بیەوێ بەكاری بهێنێ. پیاوی رۆژهەڵاتی چووك یان زەكەر بە پیاوەتی دەزانێ و گیرۆدەی ئەم دەردەیە، پێیوایە ئەوەی بیەوێ و بەدڵی بێت دەبێ لەگەڵیدا جووت بێت.
ژنی ئازاد خاوەن بیرو باوەڕ و كەسایەتی خۆیەتی، خۆی بڕیار دەدات و وشەی نەخێری زۆرترە لە بەڵێ.
مەسەلەی ئازادیی ژن و كاركردن بۆ مافی ژنان لەكۆمەڵگە داخراوەكاندا ناڕەحەتی و نائارامی بۆ پیاوان و بەشێكی زۆر لە ژنان دروستكردووە، بۆیە بەشێكی زۆر لە ژنان بە دووڕوویی دەژین، روویەكی ئازاد لەبەرامبەر زوومی كامێراكان و روویەكی دیكەی شەرمن و ترسنۆك بەرامبەر بە پیاوەكانی خێزان جا باوك بێت یان برا یان مێرد، تەنانەت بەرامبەر ئەو كوڕەی خۆی هێناوێتیە دونیاوە.
هاوشێوەی ئەو خزمەتكارەی كە لەخاوەن كارەكەی دەترسێ، ژن ئاوا لە نێرینەكانی خێزان دەترسێن، ژن دەترسێ سڵاو لە هاوڕێیەكی زەمانی زانكۆی بكات ئەگەر بەڕێكەوت لە شوێنێكی گشتی بەرچاوی بكەوێ، ئاخر رەنگە ئەو سڵاوە جیابوونەوەی بەدواوە بێت. هاوسەرەكان ئازادیی یەكتر دەبەستنەوە، نازانن خۆشەویستی تەنیا لە ئازادیدا گەشە دەكات، وەك مرۆڤ لەگەڵ یەكدی مامەڵە ناكەن، بەڵكو بەردەوام چاودێری یەكتر دەكەن و بە گومانن لەیەك و لەگەڵ رۆژگاردا بۆشایی نێوانیان فراوانتر دەبێت تا دەگاتە ئەوەی كە هەریەكەیان لە جیهانێكی جیاواز لەوی دیكە دەژی. هەمیشە وەك سەركار و كرێكار مامەڵەیان لەگەڵ یەكدی كردووە، لەبەر ئەوەی پیاوەكە پارەو مارەیی زۆری داوە بە ژنەكە و لەبری ئەوەش ئازادی و كەسایەتی ژنەكەی داگیركردووە، لەم كۆمەڵگایەدا كە داواكاری گشتی ئامادە بێت ماچێكی خۆشەویستانە بباتە بەردەم دادگا، باسكردن لە كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و كراوە خۆخەڵەتاندنە.


