رووداو - هەولێر بەهۆی نەبوونی بودجە بەشێك لە پڕۆژەكان لە هەرێمی كوردستان بە قەرز بەڕێوەدەچن و بەشێكی دیكەشیان لەلایەن بەڵێندەرانەوە راگیراون. بەرپرسێكی یەكێتی بەڵێندەران دەڵێت قەرزێكی زۆریان لەلای حكومەتە كە نزیكەی 750 ملیار دینار دەبێت. بەڵێندەران دەڵێن سەرەڕای نەبوونی بودجە و پێنەدانی سولفە بە بەڵێندەران، كەچی تەواوی رۆژەكانیان لەسەر ئەژمار كراوە و هیچ لێخۆشبوونێكی گومرگیشیان بۆ نەكراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت پێمانگوتوون داواكارییەكانیان بنووسن بەڵكو رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە. یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان 3028 ئەندامیان هەیە (1346 لە هەولێر، 1046 لە سلێمانی، 600 بەڵێندەر لە دهۆك و 36 بەڵێندەریش لە گەرمیان). بەشار عەلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت "جگە لەم بەڵێندەرانەی كە لای ئێمە ئەندامن، بەڵێندەری دیكەش هەن كە ئەندام نین و كاردەكەن". بەشار دەشڵێت "نیوەی ئەو بەڵێندەرانە ئێستا كاریان بەدەستەوەیە و پڕۆژە حكومیەكانیان وەرگرتووە كە لە بودجەی بەكارخستن بڕیاریان لەسەر دراوە". بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی بەڵێندەران، هەر بەڵێندەرێك پرۆژەی لە حكومەت وەرگرتبێت، بەلانیكەم 500 ملیۆن دیناری لەلای حكومەتە و وەرینەگرتووە "تەنانەت بەڵێندەر هەیە 20 ملیار دیناری لەلای حكومەتە". بەپێی قسەی بەشار عەلی، ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 1500 بەڵێندەر كار دەكەن كە هەریەكەیان 500 ملیۆن دیناری لەلای حكومەتە، بەمەش حكومەت 750 ملیار دینار قەرزداری بەڵێندەرانە. پڕۆژەكان بە قەرز بەڕێوەدەچن بەشار عەلی كە خۆی ئێستا 4 پڕۆژەی بەبڕی 5 ملیار و 233 ملیۆن دینار وەرگرتووە، دەڵێت 4 پڕۆژەیان تەواو بووە و پڕۆژەیەكیشیان 45%ی تەواو بووە، بەڵام تەنیا ملیارێك و 256 ملیۆن دیناری وەرگرتووە. بەشار دەڵێت "بەڵێندەران ناتوانن بەپارەی خۆیان پڕۆژەكان بەڕێوەببەن، بەڵكو كەرەستە لای كەسێك یاخود چەند كەسێك دێنن بە قەرز، كاتێك سولفەی ئیشەكەیان پێدرا قەرزەكان دەدەنەوە". گوتیشی "ئەمساڵ هیچ پارەیەكمان لە حكومەت وەرنەگرتووە، پارەكانمان بە تەواوی لە پڕۆژەكاندا خەرج كردووە و پارەیەكی زۆریشمان قەرز كردووە، بە گشتی تەواوی بەڵێندەران لەم بارودۆخەدا زەرەرمەند بوون و پڕۆژەكانیش بە سستی بەڕێوەدەچن". پێنەدانی سولفە بە بەڵێندەران كێشەی كۆمەڵایەتیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. وەك بەشار گوتی "بەڵێندەر هاتووەتە لامان هەڕەشەی لێكراوە، هەندێك بەڵێندەر تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی بوونە لە ئەنجامی بێ پارەیی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە سومعەی بەڵێندەر بشكێ لەكاتێكدا خەتای بەڵێندەر نییە". بەشار دەڵێت "بەڵێندەر قەرزاری كۆگاكانی كەرەستەیە، خاوەن كۆگاكان قەرزاری كرێكارانن، كرێكاران قەرزاری بازاڕن". بەپێی زانیارییەكانی (تۆڕی میدیایی رووداو) چەندین بەڵێندەر بەهۆی وەرنەگرتنی سولفەوە كەوتوونەتە ژێر باری قەرز. سەفەر حەسەن، بەڵێندەرێكی شاری هەولێر، 6 پڕۆژەی لە حكومەت وەرگرتووە بە بڕی 12 ملیار دینار و 5 پڕۆژەیان 90% تەواوبوون، پڕۆژەی شەشەمیش 70%ی تەواو بووە، بەڵام تاوەكو ئێستا 6 ملیار دیناری وەرگرتووە. سەفەر دەڵێت "پێشتر قەرزم بە هاوڕێ بەڵێندەرەكانم دەدا، بەڵام ئێستا خۆم قەرزارم". سەفەر كە بێجگە لەوەی كاری بازرگانیی بۆڕی دەكات، دەڵێت بە بڕی ملیارێك و 463 ملیۆن دینار بۆڕیم بە قەرز داوەتە بەڵێندەران و ئەوانیش نییانە بیدەنەوە، گوتیشی "وەك بەڵێندەران دەتوانین تاوەكو 20 رۆژی دیكە رابوەستین، لەبەرئەوەی پارەمان بەدەستەوە نەماوە ناچار دەبین پڕۆژەكان رابگرین". سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی سولفەی بەڵێندەران سەرۆ دزەیی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "هەر دوای ئەو قەیرانە بەڵێندەرەكانی خۆمان كۆكردەوە و پێمانگوتن ئێستا ئەو كێشەیە هەیە و دەشزانین كە بەغدا حكومەتی قەیرانەكانە، ئێمە لەو دانیشتنەدا بەڵێنمان دا بوەستین و چاوەڕوانی هاتنی بودجە بین، بەڵام تاوەكو ماوەیەك دەتوانین بوەستین، چونكە كێشەكان زیاد دەبن ئەگەر سولفە نەدرێتە بەڵێندەر، چونكە بەڵێندەران بەشێكی كارەكانیان بە قەرز رایی دەكەن". وەك سەرۆ دزەیی ئاماژەی پێدا، لەگەڵ سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بریكاری وەزارەتی دارایی و پارێزگاری هەولێر دانیشتوون و ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتەكەیان داوە. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لە سایتی وەزارەت بڵاویان كردووەتەوە كە داوایان لە بەڵێندەران كردووە داواكاری خۆیان بنووسن تاوەكو رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە. دزەییش دەڵێت "بەڵێنمان پێدراوە كە ئەو داواكارییانەی هەمانبووە لە هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر بدرێت، بریكاری وەزارەتی دارایی پێیگوتین ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگەیشتینە رێككەوتن، خۆمان سولفەی بەڵێندەران دەدەین". داواكاریی بەڵێندەران: 1 - لە 1/12/2013 ەوە كات لەسەر بەڵێندەر ئەژمار نەكرێت، چونكە بەهۆی بێ پارەییەوە بەشێك لە پڕۆژەكان تەواو نەبوونە. 2 - ئەو پڕۆژانەی لە 1/9/2013 مۆڵەتیان وەرگرتووە لە باجی دەرامەت ببەخشرێن. 3 - ئەگەر پارەیەكی كەمیش بێت بدرێتە بەڵێندەران، چونكە تاوەكو ئێستا لەلایەن حكومەتەوە پڕۆژەكان بەردەوامن و رانەگیراون و رۆژەكان لەسەر ئێمە ئەژمار دەكرێن. 4 - چەكی بەڵێندەران لە حكومەت بكرێتەوە، چونكە ئەو پارەیەی بەڵێندەر لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا خەرجی كردووە تەنیا پارەی خۆی نییە و بەشێكی قەرزە، ئەم چەكە بۆ ئەوە بێت كە بەڵێندەر لە حكومەت وەریبگرێت و بیداتە خاوەن قەرزەكە بۆ ئەوەی خاوەن قەرزەكان قەرزیان لای حكومەت بێت.