رووداو- هەولێر بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئێستا كوالێتی كۆنتڕۆڵ دانراوە و رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی كوالێتی خراپ هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە بەگوتەی مامەڵەكارانی ئۆتۆمبێل، ئەو ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزانەی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان بێ كەموكووڕی نین. 290 كۆمپانیا ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەن بەهۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان، ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو ئۆتۆمبێل هاوردەی كوردستان دەكرێت. حاڵی حازر 293 كۆمپانیا ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن. وەك ئامارەكان دەریدەخەن، تەنیا لەماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 13 هەزار و 951 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون: 7 هەزار و 296 ئۆتۆمبێل بۆ هەولێر و 4 هەزار و 167 ئۆتۆمبێل بۆ شاری سلێمانی و 2 هەزار و 488 ئۆتۆمبێل بۆ شاری دهۆك. عەمید قادر سدیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا ملیۆنێك و 191 هەزار و 270 ئۆتۆمبێل هەیە". كۆڵێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەهێنرێنە كوردستان جێی گومانە، عەمید قادر دەڵێت "پێشتر كوالێتی كۆنترۆڵ نەبوو، بەڵام ئێستا هەیە و لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە ساڵانە هەززە بۆ تەواوی ئۆتۆمبێلەكان دەكرێت و كەموكووڕییەكانیان دەستنیشان دەكرێت". %65ی ئۆتۆمبێلەكانی هەولێر و دهۆك پشكنینیان بۆ نەكراوە "هەززە" یاخود ئەو پشكنینەی بۆ رادەی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێل دەكرێت، لە ساڵی 2009وە لە هەرێمی كوردستاندا دانراوە. ئۆتۆمبێلەكانی سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە رێگەی كۆمپانیایەكەوە هەززە دەكرێن، بەڵام ئۆتۆمبێلەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەی 7 كۆمپانیاوە هەززە دەكرێن. بەپێی ئامارەكانی ئەو كۆمپانیایە، لە ساڵی 2009دا تەنیا لە پارێزگای هەولێر و دهۆك 80 هەزار و 198 ئۆتۆمبێل پشكنینیان بۆ كراوە، بەڵام لە ساڵی 2013 ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ 330 هەزار و 879 ئۆتۆمبێل. سیروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای opv بۆ پشكنینی ئۆتۆمبێل دەڵێت "بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان كاتێك كەموكووڕییەكانیان دەستنیشان دەكەین و بە خاوەنەكەی دەڵێین چاكیبكەوە، شوفێرەكە دەڕوات و نایەتەوە، چونكە سزای پۆلیسی هاتوچۆ بڕی 30 هەزار دینارە و لە هەرشوێنێك تووشی مەفرەزەكانی پۆلیسی هاتوچۆ ببێت سزاكەی ئەوەندە زۆر نییە كە پێی نەدرێت، بۆیە ئەوەندە خۆی بە بڕوانامەی ئێمەوە سەرقاڵ ناكات، شوفێریش هەیە كە كەموكووڕی ئۆتۆمبێلەكەیمان دەستنیشان كردووە هەوڵی داوە بەرتیلمان بداتێ". ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە شوفێران زۆر گرنگی بە پشكنینەكان نادەن "بەپێی ئاماری ئێمە، ساڵی رابردوو 69%ی ئۆتۆمبێلەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و 61%ی ئۆتۆمبێلەكانی سنووری پارێزگای دهۆك پشكنینیان بۆ نەكراوە". بەپێی ئاماری ئەو كۆمپانیایە، لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە ساڵی رابردوودا 217 هەزار و 339 ئۆتۆمبێل لە پشكنینی یەكەم بڕوانامەی دەرچوونیان پێدراوە، 65 هەزار و 295 ئۆتۆمبێلیش لە پشكنینی دووەم بڕوانامەی دەرچوونیان پێدراوە، 6 هەزار و 589 ئۆتۆمبێلیش لە پشكنینی سێیەم بڕوانامەیان پێدراوە. پارەی خەڵكی كوردستان بۆ ئۆتۆمبێلە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی كوردستاندان بەدەست چینی مامناوەند یان فەرمانبەرانەوەن كە نرخیان لە نێوان 15 هەزار تاوەكو 20 هەزار دۆلارە. لە هەمانكاندا ئۆتۆمبێلی نرخ بەرزیش هەن. ئەگەر تێكڕای ناوەندیی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دەست چینی ناوەندەن بكرێتە پێوەر كە دەكاتە 17 هەزار و 500 دۆلار. ئەوا هەرێمی كوردستان بایی 20 ملیار و 847 هەزار و 225 هەزار دۆلار ئۆتۆمبێلی تێدایە. داهاتی هەززە 6 ملیار دینار بووە بۆ هەززەكردنی هەر ئۆتۆمبێلێك بڕی 20 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەوپێیە ساڵی 2013 تەنیا پارەی پشكنینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پشكنینیان بۆ كراوە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك 6 ملیار و 617 ملیۆن و 580 هەزار دینار بووە، سیروان عەبدوڵڵا دەڵێت "15%ی ئەو داهاتە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆیە و 85%یشی بۆ ئێمەیە". 20 ملیۆن دۆلار بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بەپێی ئەو ئامارەی دەست (رووداو) كەوتووە، ساڵی رابردوو نزیكەی 234 هەزار و 851 ئۆتۆمبێل خراپ بوون، یان كەموكووڕییان هەبووە و چاككراونەتەوە و خەرجیەكانیشیان 20 ملیۆن دۆلار بووە. عەبدولكەریم بازیانی، شارەزای كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر كە ئێستا كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات، دەڵێت ئۆتۆمبێلەكەی هەززە نەكردووە، عەبدولكەریم دەڵێت "بە گشتی 150 دۆلار بۆ چاككردنەوەی گێڕ و 25 دۆلار بۆ گۆڕینی لایت و 100 دۆلار بۆ گۆڕینی رۆت و 25 دۆلار بۆ برێك، كڕینی 2 تایەش 100 دۆلاری دەوێت". بەپێی ئاماری كۆمپانیای opvi لەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵی رابردوو پشكنینیان بۆ كراوە 56 هەزار و 578 ئۆتۆمبێل كێشە لە تایەیاندا هەبووە و پێیان گۆڕدراوە. 56 هەزار و 247 ئۆتۆمبێل كێشەیان لە مەكینەدا هەبووە، 68 هەزار و 159 ئۆتۆمبێل كێشەیان لە برێكدا هەبووە، 29 هەزار و 116 ئۆتۆمبێل لایتیان كێشەی هەبووە، 33 هەزار و 748 ئۆتۆمبێل رۆت و ڤۆڵتیان تەواو نەبووە. بەپێی ئەو نرخانەی كە بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل هەن لە هەرێمی كوردستان، شوفێرانی پارێزگای هەولێر و دهۆك بۆ گۆڕینی دوو تایەی ئۆتۆمبێلەكانیان 5 ملیۆن و 659 هەزار دۆلاریان خەرج كردووە، بۆ چاككردنەوەی مەكینە 8 ملیۆن و 437 هەزار دۆلار، بۆ گۆڕینی بانس و كۆنتڕۆڵكردنی برێك 1 ملیۆن و 703 هەزار دۆلار، بۆ گۆڕینی لایتی ئۆتۆمبێل 728 هەزار دۆلار، بۆ گۆڕینی رۆت و ڤۆڵت 3 ملیۆن و 375 دۆلاریان خەرجكردووە، سەرجەم ئەو خەرجیانەش نزیكەی 20 ملیۆن دۆلارن.