رووداو- هەولێر لەگەڵ بانگی مەغریب، پیرە پیاوێك لەبەردەم بەشە ناوخۆیی زانكۆی كوردستان رادەوەستێ و چاوەڕێی یەكە یەكەی كچەكان دەكات، دوای بانگی مەغریب ئیدی دەرگای بەشە ناوخۆییەكە دادەخات و هیچ كچێك بۆی نییە بچێتە دەرەوە، تەنیا بۆ كاری زۆر پێویستی وەكو نەخۆشی یان مردنی كەسێكی نزیكی نەبێت، ئەویش دەبێت رەزامەندی بۆ وەربگرێت. كچانی بەشە ناوخۆییەكان لەو رێوشوێنە توندە ناڕازین، هەندێك لە كچان بەشە ناوخۆییەكان بە زیندان ناو دەبەن، بەڵام "زیندانێكی موحتەرەم". بەپێی ئامارێك كە بەرپرسی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سەلاحەددین داویەتی بە (رووداو)، 46 بەشە ناوخۆیی لە شاری هەولێر هەن كە 19یان تایبەتن بە كچان. هەر زانكۆیەك سیستمی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەكان، هەندێكیان هەر لە دوای بانگی مەغریب رێگە بە قوتابیانی كچ نادەن بچنە دەرەوە، هەندێكیشیان لە دوای كاژێر 8 دەرگا دادەخەن. خانوو دەگرن ئەو رێوشوێنە توندەی لە بەشە ناوخۆییەكانی كچان گیراوەتەبەر، وای لە هەندێك لە كچان كردووە پەنا ببەنە بەر گرتنی خانوو. سەنا مەجید، قوتابی زانكۆیەكی ئەهلییە و خەڵكی دەرەوەی شاری هەولێرە، سەرەتا لە بەشە ناوخۆییەكی تایبەت بە زانكۆكەی ماوەتەوە، بەڵام دواتر بڕیاری داوە لەگەڵ چەند قوتابییەكی دیكە خانوو بە كرێ بگرن. سەنا دەڵێت "لەوانەیە تۆزێك قورس بێت كە قوتابی كرێی خانوو بدات، بەڵام هەر چۆنێك بێت لە بەشی ناوخۆیی باشترە، چونكە بەشی ناوخۆ هەر دەڵێی زیندانە، بەڵام زیندانێكی موحتەرەم". گوتیشی "ئێمە كە خانوومان گرتووە زۆر سەربەستین هەر كاتێك بمانەوێت دەتوانین بچینە دەرەوە، سەردانی خزم و كەسمان بكەین، یان كە نەخۆش بووین بچینە نەخۆشخانە". لە هەندێك لە بەشە ناوخۆییەكان گلەیی ئەوە دەكرێت كە كاتێك یەكێك نەخۆش دەكەوێت، پێویستە راستەوخۆ بگەیەندرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لە كاتی خۆیدا ناگەیەندرێت، یەكێك لە قوتابی بەشە ناوخۆییەكان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە(رووداو)ی گوت "جارێكیان هاوڕێیەكم زۆر نەخۆش بوو، تەنانەت نەیدەتوانی لە جێگەی خۆی هەڵبستێتەوە، تاوەكو رەزامەندی بەرپرسی بەشە ناوخۆییەكەمان وەرنەگرت نەمانتوانی بیبەین بۆ نەخۆشخانە". ژووری لێپرسینەوە ئەحمەد جەلال، بەرپرسی یەكێك لە بەشە ناوخۆییەكانی كچان دەڵێت ئەو رێوشوێنەی ئەوان گرتوویانەتەبەر تەنیا بۆ پاراستنی قوتابییەكانە. ئەحمەد گوتی "ئەو بەشە ناوخۆییەی كە من لێی بەرپرسم كاژێر 9ی شەو دادەخرێت، ئەگەر هەر قوتابیەكیش كاری هەبێت و درەنگتر بگەڕێتەوە پێویستە پەیوەندیمان پێوە بكات یاخود پێشتر ئاگادارمان بكاتەوە لە درەنگ گەڕانەوەی، بۆ ئەوەی تووشی هیچ كێشەیەك نەبێت". سەبارەت بەو قوتابیانەی كە لە كاتی دیاریكراودا ناگەڕێنەوە، ئەحمەد گوتی "هەر قوتابییەك لە بەشە ناوخۆییەكان ئەگەر درەنگ بگەڕێتەوە، پێویستە هۆكاری درەنگ كەوتنەكەی بڵێت، ئەگەر هۆكارێكی مەعقولی نەبوو، لە ژوورێكی تایبەت دادەنرێت، تاوەكو بەرپرسی بەشە ناوخۆییەكە دێت و هۆكارەكەی بۆ باس دەكات". قوتابییەك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گلەیی لەو رێوشوێنە توندانە هەیە و دەڵێت "تەنانەت ئەگەر قوتابییەك درەنگ بگەڕێتەوە، هەڕەشەی لێدەكرێت بەوەی لە زانكۆ ناوی بڵاودەكرێتەوە كە دوێنێ شەو درەنگ گەڕاوەتەوە". سەبارەت بەو قوتابیانەی نەخۆش دەبن و لە كاتی پێویست نابرێت بۆ نەخۆشخانە، ئەحمەد گوتی "ئەگەر قوتابییەك نەخۆش بكەوێت ئەوەندەی دەتوانین یارمەتی دەدەین، ئەگەر زانیمان حاڵەتەكەی مەترسیدارە، تەلەفۆن بۆ ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن دەكەین، یان خۆمان دەیگەیەنینە نەخۆشخانە و یەكێكی لەگەڵ دەنێرین تا چارەسەر وەردەگرێت". خێزانەكانیان داوا دەكەن هەندێك لە خێزانی ئەو قوتابیانەی دەچنە بەشە ناوخۆییەكان داوا دەكەن رێگە بە كچەكانیان نەدرێت تا درەنگی شەو بمێننەوە. دكتۆر سەعدوڵڵا عەباس، بەرپرسی هەموو بەشە ناوخۆییەكانی شاری هەولێر بە (رووداو)ی گوت "بەشە ناوخۆییەكان بە گشتی و بەشە ناوخۆیی كچان بە تایبەتی بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە، چونكە لە كۆمەڵگای ئێمە كچ تۆزێك حەساسە و ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی تاوەكو كاژیر 11ی شەو بمێنێتەوە، زۆریش لەو خێزانانەی كە كچەكانیان لەلای ئێمەیە لە بەشە ناوخۆییەكان، داوا دەكەن رێگە نەدەین تا درەنگ بمێننەوە لە دەرەوە، چونكە كچەكانیان بۆ خوێندن هاتوون، نەك بۆ پیاسە".