رووداو - هەولێر گەنجێكی دانیشتووی هەولێر ماوەی 9 ساڵە لە توركیا گیراوە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت ئەو كوڕە لەسەر تاوانی "دزی بەزەبری چەك" دەستگیر كراوە و سزا دراوە، بەڵام دایكی كوڕەكە دەڵێت كوڕەكەی لەسەر "كوردایەتی" گیراوە. بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كە بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی ناردووە لەبارەی دۆسیەی ئەو كوڕە، كاروان ئومێد كەریم، بە تۆمەتی دزیكردن بە زەبری چەك دەستگیر كراوە، دوای دادگایی سزای 30 ساڵ بەندكردنی بەسەردا سەپێنراوە. نەسرین عەبدولڕەحمان، دایكی كاروان كە دانیشتووی گەڕەكی تەیراوای شاری هەولێرە، بەسەرهاتی كوڕەكەی و دەستگیركردنی لە توركیا بۆ (رووداو) گێڕایەوە. وەك دایكی كاروان باسی كرد، خێزانەكەیان كە پێكدێت لە 5 كوڕ و 2 كچ، لە ساڵی 1998 بەهۆی خراپیی رەوشی ناوخۆی كوردستان روو لە توركیا دەكەن كە ئەوكات كاروان تەمەنی تەنیا 10 ساڵ بووە. باوكی كاروان لە توركیا گیان لەدەست دەدات، بۆیە نەسرین دەبێتە باوكیش بۆ منداڵەكانی. كاروان كە كوڕە بچووكی نەسرینە، ئەوكاتەی دەستگیر كراوە تەمەنی 16 ساڵ بووە. "لەسەر كوردایەتی گیراوە" بەقسەی نەسرین، كوڕەكەی لەسەر كوردایەتی گیراوە و دەڵێت "ئەو كاتەی مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی سەردانی توركیایان كرد، چەند توركێك جنێویان بە گەلی كورد دابوو، قسەی ناشیرینیان بە سەركردەكانی كورد گوتبوو، كوڕەكەشم هەستی كوردایەتی جووڵابوو وەڵامی دابوونەوە". وەك نەسرین باسی كرد، دوای تێپەڕینی چەند رۆژێك بەسەر ئەو رووداوە، پۆلیس تۆمەتێكی "ناڕەوا"ی بۆ كوڕەكەی دروستكردووە و بەو هۆیەشەوە دەستگیری كردووە. 30 ساڵ حوكم دراوە كاروان دوای دەستگیركردن و دادگاییكردنی، سزای 30 ساڵ زیندانی بۆ دەبڕێتەوە. نەسرین دەڵێت "كوڕەكەم بێتاوانە و تۆمەتی بۆ هەڵبەستراوە لەلایەن پیاوێكی تورك، دواتر ئەو پیاوەش دەستگیر كرا و دانی بە تاوانەكەدا ناو گوتی كوڕەكەی من تاوانبار نییە، بەڵام كوڕەكەمیان ئازاد نەكرد". شوان ئومێد، برای كاروان داكۆكی لە براكەی دەكات و بەبێ تاوانی دەزانێت، شوان دەڵێت "براكەم بەپێی یاسایەك سزا دراوە، گوایە رێگەی بە خەڵك گرتووە و دزی كردووە، ئاخر براكەم ئەو كات لەو تەمەنەدا نەبووە كە بتوانیت رێگە لە خەڵك بگرێت و دزیی گەورە بكات". داوا دەكات بیگەڕێننەوە كوردستان هەردوو حكومەتی توركیا و عێراق رێككەوتنێكیان واژوو كردووە بەناوی "رێككەوتننامەی هاوكاریی دادوەری". بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە كاروان دەتوانێت حكومەكەی لە یەكێك لە زیندانەكانی عێراق یان هەرێمی كوردستان تەواو بكات. بەڵام دایكی كاروان دەڵێت سەرەڕای هەوڵەكانیان تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە كوڕەكەیان بگەڕێننەوە كوردستان. بەپێی نووسراوێك كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی دۆسیەكەی كاروانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی ناردووە، توركیا ئامادەیە كاروان رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بكاتەوە، بەڵام بە چەند مەرجێك. یەكەم: بڕیارێكی پێداچوونەوە لەلایەن دادگای عێراقەوە دەرچووبێت بۆ ئەو بڕیارەی دادگای توركیا. دووەم: ناردنی بەڵگەنامەیەك كە بیسەلمێنێت كاروان بە رەگەز عێراقییە. سێیەم: ئاگادار كردنەوەی توركیا لە كاتی ئازادكردنی مەرجدار یان بێ مەرجی كاروان لە عێراق. چوارەم: ناردنی ماددە یاساییەكانی تایبەت بەو جۆرە تاوانە بە زمانی توركی بۆ دادگاكانی توركیا. دایكی كاروان دەڵێت ئەو نووسراوەیان لە رێكەوتی 12/1/2014 ناردووە بۆ وەزارەتی دادی عێراق، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامی توركیایان نەداوەتەوە. نەسرین دەڵێت "ئەگەر وەڵامی نووسراوەكە بدەنەوە ئەوا كوڕەكەم دەهێنرێتەوە عێراق و لێرە حكومەكەی تەواو دەكات". گوتیشی "توانای ئەوەم نییە هەموو مانگێك بۆ بینینی كوڕەكەم بگەمە توركیا، ناچارم ساڵێ جارێك بیبینم". دایكی كاروان دەڵێت نامەی بۆ مەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی و نوری مالیكیش ناردووە و داوای یارمەتی دەكات بۆ هێنانەوەی كوڕەكەی، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە "هەموو ئەو نامانەم لا ماوە كە ناردوومن، بەڵام نازانم بۆ وەڵامیان نەداوەتەوە، لەوانەیە هەر نەگەیشتبێتە دەستیان".