رووداو- كوانجۆ
ئەو بازرگانە كوردانەی هاتوچۆی چین دەكەن، دەڵێن بەهۆی ئەوەی هیچ لە زمانی چینی تێناگەن، لەكاتی مامەڵە لەگەڵ چینییەكان حاسیبە بەكاردێنن. هەندێك لەو بازرگانانەش دەڵێن خۆیان فێری چەند وشەیەكی چینی كردووە كە بتوانن لە بازاڕ مامەڵەی پێ بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی نێردراوی (رووداو) بۆ چین، نزیكەی 100 هاووڵاتی كوردی باشووری كوردستان لە شارەكانی چین نیشتەجێن و لەوێ بە كاری بازرگانییەوە سەرقاڵن.
ئەو هاووڵاتیانە زۆرتر لە دوای ساڵی 2004ەوە روویان لەو وڵاتە كردووە و ئێستا 3 چێشتخانەی كوردییان كردووەتەوە بۆ ئەو بازرگانە كوردانەی ناتوانن خواردنی ئەوێ بخۆن.
ئەوەی تێبینی دەكرێ، زۆربەی ئەوانەی هاتوچۆی چین دەكەن گەنجن، تەنانەت هەندێك لەو گەنجانە لەوێ ژنیان هێناوە و ئێستا هەوڵدەدەن خۆیان فێری زمانی چینی بكەن.
چین لە هەولێر كونسوڵخانە دەكاتەوە
22 وڵاتی جیهان كە باڵیۆزخانەیان لە بەغدا هەیە، نوێنەرایەتی بازرگانی یان كونسولخانەیان لە هەرێمی كوردستانیش كردووەتەوە، بەڵام چین كە دەمێكە باڵیۆزخانەی لە بەغدا كردووەتەوە، هێشتا كونسولخانەی لە هەرێمی كوردستان نییە، ئەمە لە كاتێكدایە كاڵای چینی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی تەنیوە.
جەوهەر حەسەن، تەنیا كارمەندی كورد لە باڵیۆزخانەی عێراق لە پەكین دەڵێت، رێوشوێنەكانی كردنەوەی كونسوڵخانەی چین لە هەرێمی كوردستان تەواو بووە، تەنیا ماوە شوێنێك بۆ بینای كونسوڵخانە دەستنیشان بكرێت.
جەوهەر حەسەن باسی گەرموگوڕیی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چینی كرد و گوتی ساڵی رابردوو 24 هەزار عێراقی لە باڵیۆزخانەی چین ڤیزای چینیان وەرگرتوووە، لە بەرامبەریشدا 10 هەزار هاووڵاتی چینی ڤیزای عێراقیان وەگرتووە. گوتیشی كە "قەبارەی بازرگانیی عێراق و چین گەیشتووەتە 24 ملیار دۆلار".
سەبارەت بەو ڤیزایانەی وەردەگیرێن، جەوهەر دەڵێت ئەو ڤیزایانەی وەردەگیرێن بە دەگمەن بۆ گەشتیارین "عێراقییەكان لێرە كاری بازرگانی دەكەن و كاڵا دەكڕن، چینییەكانیش لە عێراق كار دەكەن و كۆمپانیای تایبەت بە نەوتیان هەیە و زۆربەی كارەكانیشیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقە".
خۆیان فێری زمانی چینی دەكەن
عارف جەوهەر، بازرگانێكی كوردە و چەند ساڵێكە هاتوچۆی چین دەكات، ئەو چەند وشەیەكی كەمی چینی دەزانێت، بەڵام بەشی ئەوە ناكات مامەڵەی پێ بكات، بۆیە دەڵێت "لەكاتی مامەڵە حاسیبە بەكاردێنم، بۆ نموونە بە حاسیبە نرخی كاڵام پێدەڵێن و منیش هەر بە حاسیبە نرخەكە كەمدەكەمەوە تاوەكو رێكدەكەوین".
چینییەكانیش فێری كوردی بوون
لە چێشتخانەی شاخەوان لە شاری ئیۆی بازرگانی، شاگردێكی چینی بە روویەكی خۆشەوە بە زمانی بە كوردی پێت دەڵێت "فەرموو چی دەخۆیت".
شاخەوان گەنجێكی هەڵەبجەییە و دەمێكە ئەو چێشتخانەیەی كردووەتەوە، دەڵێت "ناوی تەواوی خواردنەكانم بە زمانی كوردی و چینی نووسیوە و زۆربەی موشتەرییەكانم كوردن، بۆیە شاگردە چینییەكانم فێری هەندێك وشەی كوردی بوون".
بێجگە لە چێشتخانەكەی شاخەوان، لە بازاڕی ئەوێش گوێت لە زۆر وشەی كوردی دەبێت. ئەو بازاڕە لە كاژێر 5ی ئێوارە دەكرێتەوە تاوەكو 4ی بەرەبەیان. بازاڕەكە لە ماوەی 20 خولەكدا دروست دەكرێت.
ئەم بازاڕەش چەند چینییەكی لێیە كە زۆر بەباشی چەند وشەیەكی كوردی فێر بوونە و بە زمانی كوردی مامەڵە دەكەن. چیرۆكی ژنە قەڵەوەكە هەموو ئەو كوردانە دەیزانن كە دانیشتووی ئەم شارەن. ئەم ژنە ژمارەكان زۆر بەباشی بە كوردی دەزانێت و مامەڵە بە كوردی دەكات و هەندێكجاریش دەڵێت "زەرەرمە نایفرۆشم".
لە شاری كوانجۆ كە شارێكی پیشەسازی و بازرگانییە، نزیكەی 30 كوردی لێ دەژی. ساڵانە گەورەترین پێشەنگا لەم شارە دەكرێتەوە. ئەو پێشانگایە كە تەمەنی 77 ساڵە لە ساڵێكدا دووجار دەكرێتەوە. پێشەنگای یەكەم لە 15/4/2014 كرایەوە و 22 هەزار و 750 كۆمپانیا بەشدارییان تێدا كرد. نزیكەی 3 ملیۆن كەس سەردانی ئەو پێشەنگایەیان كرد كە بازرگانی كوردیشی تێدابوو.
ئازاد حاجی عومەر، بازرگانێكی شاری دهۆكە، وەك خۆی دەڵێت چوارەمین ساڵە سەردانی ئەم پێشانگایە دەكات و كەلوپەلی كارەبایی دەكڕێت. ئەو دەڵێت "زۆر بە دەگمەن چینییەك زمانێكی دیكە بێجگە لە زمانی چینی دەزانێت، هەر بۆیە كوردی ئێرە خۆیان فێری زمانی چینی كردووە، یەكەم وشەش كە هەموویان فێری بوون (نیهاو)ە واتا بەخێربێی، دوای ئەویش وشەیەكی دیكە فێر بووین، (شیشێ) واتا سوپاس".
سەرمایەداری كورد لە چین
بازرگانانی كورد لە چین خاوەنی نزیكەی 40 كۆمپانیای گواستنەوەن لەگەڵ 4 چێشتخانە. بازرگانێكی كوردیش كارگەیەكی گڵۆپی هەیە و چەند كوردێكیش كۆمپانیای فڕۆكەوانی و مۆبایلیان هەیە.
دەشتی ئەنوەر، 9 ساڵ لەمەوبەر لە رێگەی كوڕە پوورێكییەوە سەردانی چینی كرد بۆ ئەوەی كارێك بدۆزێتەوە، ئێستا خاوەنی كۆمپانیای گواستنەوەیە لە شاری كوانجۆ. دەشتی دەڵێت "رووخانی رژێمی بەعس و كرانەوەی كورد بە رووی جیهان هەلێكی باشی بۆ ئێمە رەخساند تاوەكو بە ئاسانی ببینە سەرمایەدار، ئێستا چەندین گەنجی وەكو من لێرە سەرقاڵی كاری بازرگانین و سەرمایەیەكی باشیان هەیە".
شاخەوان كە خاوەنی چێشتخانەیە، پێشتر كرێكاری كۆمپانیایەكی كوردی بوو لە چین، ئەو دەڵێت "3 ساڵ لێرە كارم لە كۆمپانیایەكی كوردیدا كرد، پاشان خۆم كارم كرد و ئەم چێشتخانەیەم دانا، ئێستا كورد و چینی و بیانییەكان سەردانی چێشخانەكەم دەكەن و خاوەن كاری خۆمم".



