رووداو - واشنتن
ڤیان دەخیل ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییەی بە فرمێسکەکانی سۆزی جیهانی بە لای کوشتوبڕی ئێزدییەکان راکێشا، ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەو هاتووە وەک شاهیدێکی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێس و هەندێک لایەنی دەستڕۆیشتووی ئەمریکا قسە بکات.
ڤیان دەخیل دەڵێت: "ناساندنی کەیسی ئێزدیان بە جینۆساید بۆ ئێزدیان زۆر گرنگە، بۆ زامنی ئەوەی چییان بەسەردا هاتووەو بۆ مێژووش ، ئەوە ٧٢ جارە جینۆساید بەسەر ئێزدییان هاتووە و کەسیش پێی نەزانیوە".
ئەگەر کورد لەبەر بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمانەی رابردوو کە ئەنفالی بارزانییەکان و گەرمیانییەکانی تێدا کرا و سەروەختی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نەیتوانیبێت زانستییانە ئەو رووداوانە دۆکیۆمێنت بکات، رەنگە ئێستا کاتی ئەوە بێت جینۆسایدی ئێزدییەکان وەک بەڵگەی ئەو تاوانە ئامادە بکات.
ڤیان دەخیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئێمە دەبێت هەموو هەوڵێک لەگەڵ دەوڵەتانی مەزنی وەک ئەمریکاو ئەوروپا بدەین تاوەکو کەیسی ئێزدیان بە جینۆساید بناسێنن، چونکە ئێزدییەکان بۆیە وایان لێکردوون لەبەر ئەوەی ئایینێکی دیکە بوون و هیچ هۆکارێکی دیکە نەبووە".
هێشتا ئەو ئێزدیانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدان نازانرێ چییان بەسەر هاتووە، رەنگە لە ئێستادا بیرکردنەوە لە رزگاربووەکان و ئەوانەشی لە چیای شنگال ماون ئاهێک بە ناخی ئێزدییەکاندا بهێنیتەوە.
ڤیان دەخیل دەڵێ: "لەگەڵ سیناتۆر باربارا بۆکتەر باسی ئەو بابەتانەمان کرد، ئەو بەڵێنیدا هەر ئەمشەو تەلەفۆن لەگەڵ عەبادیدا بکات بۆ ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا هاوکاریی ئاوارە ئێزدییەکانیان نەکردووە".



