رووداو- بەردەڕەش
فیتەرێكی كورد لەنێو جەرگەی مووسڵ، زانیاری نوێ لەسەر هەندێك لەو كچە كوردانە ئاشكرا دەكات كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندراون. ئەو فیتەرە دەڵێت داعش جگە لە كچ و ژنی ئێزدی، كچی شەبەكیشی بردوون و لە چەكدارەكانی خۆی مارە كردوون.
جەعفەر، كوردێكی شەبەكی نیشتەجێی مووسڵە و پێشتر لە ناوچەی پیشەسازیی ئەو شارە كاری فیتەری دەكرد، بەڵام ئێستا لە ماڵەكەی خۆی لە مووسڵ دانیشتووە. جەعفەر كە گوتی لەسەربانی نهۆمی سێیەمی خانوویەكی گەڕەكەكەیانەوە قسە بۆ (رووداو) دەكات بەهۆی لاوازیی تۆڕی مۆبایل و هەروەها لەترسی چەكدارانی داعش، زۆر زانیاری لەبارەی ژیانی رۆژانە لەو شارە باسكرد.
جەعفەر گوتی "چەند رۆژێك لەمەوبەر كوردێك تەلەفۆنی كردبوو، داعش پێیان زانیبوو، دەستگیریان كرد، كەسوكارەكەی بە هەزار واستە ئازادیان كرد، بەڵام داعش هەردوو دەستیان شكاندبوو، بە كەسوكارەكەیان گوتبوو ئەوە سزای ئەو كەسانەیە كە مۆبایل بەكاردێنن".
تەنیا 3 كاژێر كارەبا هەیە
سەبارەت بە رەوشی خزمەتگوزاری لە شاری مووسڵ، جەعفەر دەڵێت "خزمەتگوزاری زۆر خراپە، پێشتر كارەبا هەر نەبوو، ئێستا لە شەو و رۆژێكدا تەنیا 3 كاژێر كارەبا هەیە.
بە قسەی ناوبراو شەبەكەی مۆبایل لە نێو مووسڵ زۆر لاوازە، تەنیا لە ناوچەی شەلالات و گۆگ جەلیل شەبەكە هەیە كە نزیكن لە سنووری هەرێمی كوردستان، بۆیە خەڵك ناچارن بچنە سەر باڵەخانە بەرزەكان بۆ تەلەفۆنكردن، ئەویش بەنهێنی.
لەبارەی تۆڕی ئینتەرنێتیش گوتی لە هەندێك شوێن كار دەكات و لە شوێنی واش هەیە بەهیچ شێوەیەك كار ناكات، جاروباریش لە هەندێك گەڕەك بەشێوەی پچڕ پچڕ هەیە.
شوێنی 7 كچی كورد
جەعفەر شوێنی 7 كچی كورد ئاشكرا دەكات كە تائێستا لەلای چەكدارانی داعشن (لەبەر سەلامەتیی كچەكان ناوی شوێنەكە لای رووداو پارێزراوە). بەپێی قسەی جەعفەر ئەو حەوت كچە چواریان ئێزدین و سێشیان كوردی شەبەكن و خەڵكی بەرتلەن.
جەعفەر باسی چۆنیەتی دۆزینەوەی شوێنەكەیان دەكات و دەڵێت "هاوڕێیەكی عەرەبم هەبوو لە ناوچەی پیشەسازی بەناوی (ب.ت) رۆنگۆڕ بوو، ئێستا چەكداری داعشە. لە نزیك ماڵی ئێمە بارەگایەكی داعشی لێیە، رۆژێكیان ئۆتۆمبێلەكەیان تێكچووبوو، (ب) هاتە لام و داوای كرد ئۆتۆمبێلەكەیان بۆ چاك بكەمەوە، منیش نەموێرا بڵێم نایەم نەوەك شكاتم لێ بكات لەلای داعش، بۆیە چووم ئۆتۆمبێلەكەم بۆ چاك كردنەوە".
جەعفەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت "چەكدارەكان زۆر رێزیان گرتم، فەرموویان كردم بۆ ژوورەوە، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووم، بینیم 7 كچ لە ژوورەوەن، چەكدارێكی لێ بوو بەناوی ئەبو حەسەن، لێمپرسی ئێرە ماڵە یان بارەگایە، ئەویش بەپێكەنینەوە گوتی هەردووكیان. ئەمانە دەستكەوتی جەنگن و ئێستا ژنی ئێمەن".
جەعفەر بواری هەبووە بە تەنیا لەگەڵ كچەكان قسە بكات لە كاتێكدا چەكدارانی داعش مەشغول بوون. ئەو گوتی "لێم پرسین خەڵكی كوێن، گوتیان خەڵكی بەرتلە و شەنگالین".
جەعفەر لێیان دەپرسێت ئەی چۆن شووتان بەمانە كردووە، ئەوانیش دەڵێن "ئێمە رفێندراوین".
جەعفەر كە هیچی لە دەست نەهاتووە بۆ ئەو كچانەی بكات، پێیگوتوون من ماڵم لەم نزیكانەیە ئەگەر پێویستتان بە شتێك هەیە پێم بڵێن، بەڵام ئەوان تەنیا دەڵێن "سوپاس".
عەرەبە عەشایرەكان بەرگرییان لێدەكەن
ئەو هاووڵاتییە كوردە باسی سەرەتای هاتنی داعش بۆ مووسڵ دەكات و دەڵێت "كاتێك چەكدارانی داعش هاتنە نێو شاری مووسڵ، خەڵك هەمووی دەهاتنە بەر دەرگا و نان و ئاویان بۆ دەبردن و خۆشحاڵی خۆیان بۆ دەردەبڕین، بەڵام پاش تەقاندنەوەی مەزارگەی نەبی یونس و چەند مزگەوتێك و رفاندنی كچانی ئێزدی و مەسیحی و شەبەك، خەڵك لێیان تێگەیشت و زۆر رووی خۆیانیان نادەنێ، بەڵام عەشایرە عەرەبەكان بە تایبەتی ئەوانەی دەوروبەری مووسڵ زۆربەیان لەگەڵ داعشن".
داعشە كوردەكانی مووسڵ
ئەو هاووڵاتییە كوردە لەبارەی چەكدارە كوردەكانی نێو داعش بە (رووداو)ی گوت "چەكدارێكی زۆری كورد لەنێو داعشدان، خۆم چەندین كەسم بینیوە كە جلی هاوشێوەی ئەفغانی و پاكستانییان لەبەردا بووە، بەڵام بە زمانی كوردی قسە لەگەڵ یەكدی دەكەن.
جەعفەر باسی لەوەش كرد كە جاران چەكدارانی داعش بە ئاشكرا دەهاتنە بازاڕ و شوێنە گشتیەكان و دەگەڕان، بەڵام ئێستا نایەنە نێو خەڵك و لە خۆیان دەترسێن، چونكە لەلایەن چەند گرووپی نەناسراوەوە تەقەیان لێدەكرێت".
جەعفەر دەڵێت ئێستا تەنیا شوێن كە چەكدارەكانی داعش بە ئاشكرا لێی كۆدەبنەوە مزگەوتەكانن، بە تایبەتی لە رۆژی هەینی. جەعفەر گوتی "خۆم لە نوێژی هەینی چەندین چەكداری كوردم بینیوە، یەكێك لەوانە چەكدارەكان زۆر رێزی دەگرن و بە ئەبو كەوسەر بانگی دەكەن، پێدەچێت ئەمیریان بێت. ئەم ئەبوكەوسەرە بەشێوەزاری سۆرانی قسە دەكات".


.png&w=3840&q=75)
