هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی توركیا تەواو بوو، ئێمەش ئاهێكمان هەڵكێشا. خۆ خوا هەڵناگرێ ئێمەش ئەوەندەی خەڵكی توركیا پێیەوە سەرقاڵ و ماندوو بووین. لە كاتێكدا ئێمە خەریكی توركیا بووین، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بەهۆی نەبوونی پارە و كاتی پێوستەوە ناتوانرێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكرێت.
بۆ میللەتی ئێمە، ئەم هەواڵە هێندەی نەهاتنی مووچە و سووتانی فیول پەمپ ناخۆشە. ئاخر ئێمە ئەوەندە حەزمان لە هەڵبژاردنە كە هەندێكمان هەر لە سیازدە ساڵی حەزی دەنگدانمان چەكەرەی كردووە و پێش ئەوەی باڵغ بین، دەنگمان داوە. هەشە لە دوو هەڵبژاردندا چوار دەنگی داوە، ئەمە بێجگە لەوەی تەنانەت مردووەكانیشمان لە رۆژی هەڵبژاردندا زیندوو دەبنەوە و دەنگی خۆیان دەدەن.
ئاخر گوناه نییە بە بیانووی نەبوونی پارە و كات میللەتێك لە هەڵبژاردن مەحرووم بكەی كە عاشقی دەنگدانە؟ مادام بڕیارمان داوە قەرز بكەین ، با بەشێكی ئەو قەرزە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت. تەنانەت دەكرێت بە رەسمی داوا لە یەكێك لەو وڵاتانە بكەین كە هەڵبژاردنیان زۆرە ، بە قەرز هەڵبژاردنێكمان بدەنێ. بۆ نموونە ئەمریكا هەموو دوو ساڵ جارێك هەڵبژاردنی كۆنگرێس ئەنجامدەدات. دەكرێت ئەمساڵ نەیكەن و ئەوەی خۆیان بدەن بە ئێمە. ژمارەیەكی زۆر سیاسیمان هەیە كە بەهۆی نەبوونی هەڵبژاردنی پێویستەوە لای خۆمان ناچارن بڕۆن بۆ وڵاتانی تر و لەوێ حەزی خۆیان خاڵی بكەنەوە. بۆ نموونە ماوەی مانگێكە بەشێك لە سیاسیەكانمان پەرلەمانی بەغدا و هەولێر و كارەكانی خۆیان بەجێهێشتووە و لە توركیا خەریكی سیاسەتن.
دەكرێت بگوترێ گرنگیدانی ئێمە بە هەڵبژاردنەكانی توركیا لەبەر ئەوەیە كە كوردی لێیە و كوردیش بەشداری هەڵبژاردنەكانن. بەڵام لەراستیدا ئەم قسەیە جێی گومانە. ئێمە هەر حەزمان لە خودی هەڵبژاردنەكەیە ئەگەر وا نییە خۆ بەس لە توركیا كورد هەیە؟ لە زۆر شوێنی دیكەش كورد هەیە. هەر دوور نەڕۆین، پیاوێك هەیە بەناوی ئاغای قاسم سلێمانی كە زۆرجاریش بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئێمە دەكات، بەڵام ئێمە هەرگیز بەشداری هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی ئەو ناكەین.
حەزی ئێمە بۆ هەڵبژاردن زۆر سادە و راستگۆیانەیە. دوو سەعات لەسەرەدا دەوەستین بۆ ئەوەی دەنگ بدەین و دوای ئەوەی دەنگمان دا، قیامەتیش هەستێ بە خەیاڵماندا نایەت. لای ئێمە گرنگ موشارەكەیە و ئەنجام هەرچی بێت گرنگ نییە. هەر بۆیە لە كوردستان كەس خۆی بە دۆڕاو نازانێ و شەوی هەڵبژاردن كەناڵی هەموو حیزبەكان جڕت و چەقەنەیە. سەركردەی هیچ حیزبێكیش تا ئێستا بەهۆی خراپیی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە.
بەشێك لە ئیشتیاقی خەڵكی ئێمە بۆ هەڵبژاردن لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە درەنگ درەنگ دەیبینین. هەموو شتێك كە كەم بوو، بەنرخ و شیرین دەبێت. لە زۆر ماڵدا رۆژی هەڵبژاردن قەیسی لێدەنرێت و ئەندامانی خێزان بە جلی كوردییەوە دەچن بۆ دەنگدان. تەنانەت منداڵەكانیش بە میزەڵدانەوە دەڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و هەر بۆ خۆشی پەنجەیان مورەكەباوی دەكەن. تا هەڵبژاردنیش لە كاتی خۆی دواكەوێت، ئەم تامەزرۆییە زیاتر دەبێت.
ئەركی سەرشانی سیاسیەكانمانە كە خەڵكی خۆشمان بە هەڵبژاردن شاد بكەنەوە. حورمەت بگەڕێننەوە بۆ سندووقی دەنگدان چ بە رێگرتن لە تەزویری ئیرادەی میللەت ، چ بە درەنگ نەخستنی پێكهێنانی ئیدارە و رێنەگرتن لە كەسانی هەڵبژێردراو. ئەگەر ئەوەیان كرد، حەقی خۆیانە لەسەر سەكۆكانی هەڵبژاردنی ئامەد بن یان لە كەنار دەریاكانی ئەنتالیا.



