رووداو- هەولێر
نەخۆشخانەی شاری ورمێ تەرمی ئاکام تەلاجی رادەستی بنەماڵەکەی نەکردەوە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بردرایەوە شاری مهاباد، لەلایەن سەدان كەس و بنەماڵەكەی پێشوازی لێكرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بنەماڵەی ئاکامیان راگەیاندووە کە رێگەیان پێنادەن تەرمەکەی ببەنەوە ماڵەوە و پرسەشی بۆ دابنێن. ئەو هێزە ئەمنیانە هەروەها گوتوویانە کە خۆیان تەرمەکەی دەبەنە مزگەوت و دوای شووشتنیشی راستەوخۆ دەیبەن بۆ گۆڕستانی بوداغ سوڵتان و دەینێژن.
بنەماڵە و کەسوکاری ئاکام خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەمی سەرەخۆشی ئاکام ئامادەکردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەنادەن پێش ناشتنی تەرمەکەی بیبەنەوە ماڵەوە و بەپێی نەریتی شاری مهاباد پێشوازی لە تەرمەكەی بکرێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29-6-2015 ، ئاکام تەلاج کە لەكاتی خۆپیشاندانەکەی شاری مهاباد بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێران بریندارببوو، شەهیدبوو.
ئاکام تەلاج 19 ساڵ، خەڵکی شاری نەغەدە و خوێندکاری قۆناخی یەکەمی زانکۆی ئازادی شاری مهاباد بوو. رۆژی 7ی مانگی مایسی رابردوو لە ناڕەزایەتییەکەی بەردەم هوتێل تارای شاری مهاباد بە تەقەی هێزەکانی ئێران برینداربوو، دوای 53 رۆژش مانەوەش لە نەخۆشخانەی ئیمامی شاری ورمێ شەهیدبوو.




