ئەڵمانیا شانبەشانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، نیگەرانە لەوەی مووشەکی بالیستیی (عیماد) بە ئاسانی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئێرانی، ئەم مووشەکە لەناو ئێران دروستکراوە و تا ئەوکاتەی ئامانجەکەی دەپێکێت، دەتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێ. وڵاتانی خۆرئاوا ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە بە شکاندنی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزانن.
بەپێی بڕیارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە هیچ جۆرێکی تاقیکردنەوەی مووشەکی کە بتوانێ کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت، ئەنجام بدات.
لەلایەکی دیکەوە حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاندبوو، ئێران بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگری و مووشەکیی خۆی مۆڵەت لە کەس وەرناگرێ و بەردەوام دەبێت. دیپلۆماتکاران پێیان وایە ئەگەر پێشێلکارییەکانی ئێران بسەلمێندرێت، رەنگە لیژنەی گەمارۆ ناوی چەندین کۆمپانیای دیکە بخەنە سەر لیستی گەمارۆکان، لەو بڕوایەشدان رووسیا و چین دژی وەها بڕیارێک بوەستنەوە.
هەر بە پشتبەستن بەو دوو کوچکەیەی جیهان، چەند مانگێک لەمەوبەر ئێران دیمەنی بنکەیەکی مووشەکیی خستەڕوو کە لە قووڵایی 500 مەتر لەژێر زەویدا بنیات نراوە، عەمید ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند کە ئەم مووشەکانەی ئێران لە قووڵایی ژێر زەویدا پارێزراون، بە گوێرەی گوتەی حاجی زادە بێت، لە هەموو پارێزگاکان، بنکەی هاوشێوە هەیە و هەموو جۆرە مووشەکێکی تێدایە کە بۆ هەڵدان ئامادەکراون و لە چاوەڕوانیی فەرمانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیدان، ئەمەش بۆ خۆی هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە تا ئەو ئاستەی کە خۆرئاوا پێیوایە تەوەری چەکداریی شەیتان هەڕەشە لە ئاشتیی جیهانی دەکات. بە پێچەوانەی ئەوەش، ساڵی 2009 لە خولی دانوستاندنە ئەتۆمییەکاندا سەعید جەلیلی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە خافیێر سۆلانا، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای گوتبوو: "کاری دیپلۆماسی وەک فەرشی ئێرانی وایە، موو بە موو دەچێتە پێشەوە، ورد ورد، هێواش هیواش، پوخت، رێکوڕاست، بەڵام ئینشەئەڵڵا لە کۆتاییدا شتێکی جوان دروست دەبێت"، رەنگبێ عیماد و شەهاب بەشێک بن لە نەخشی فەرشە جوانەکە!
شەش ساڵ بەسەر ئەو قسە شاعیرانەیەی جەلیلی-دا تێپەڕ دەبێت و تیمی دانوستاندنکاری ئەتۆمیی ئێران بەسەرپەرشتی جەواد زەریف و هاوڕێکانی کەم کەم و وردە وردە چوونە پێشەوە، کۆتاییەکەشی ئەوە بوو لە بەرەبەیانی 14ی یۆلیۆی ئەمساڵدا، جیهان بە هەواڵی لەدایکبوونی رێککەوتنێکی سەیر و سەمەرە بێدار بوونەوە.
جەواد زەریف هەر لە ئەمریکا دکتۆرای لە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا هێناوە، بە دیپلۆماتکارە رێویەکەی ئێران نێودەبرێ، وەک قەوام سەڵتەنەیە کە ستالینی فێڵبازی فریو دا، یان محەممەد موسەدەق کە بە خۆماڵیکردنی نەوت، مێشکی ئینگلتەرەی تێکدا. جەواد زەریف توانی گرێکوێرەی ئەتۆمیی ئێران بکاتەوە، دوا شەوی دانوستاندنی نێوان ئێران و خۆرئاواییەکان، گفتوگۆ و هێنان و بردنێکی زۆر روویداو، کاتێک موگرینی دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەیەوێ دانیشتنەکە جێبهێڵێ، زەریف پێی دەڵێ: "بە بیرت بێنمەوە، هەرگیز هەوڵ مەدە ئێرانییەک بترسێنی".
راستیەکەی ئەمە رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن بوو، رێککەوتنێک وەک گڕکانێک بۆ سووتاندنی دەوروبەری ئێران کە هەرێمی کوردستانیش لەپاڵیدا شێوەی بێچووە شێرێکە لە پاڵ شێرێکی دڕندەی نێرینەدا و شێرە نێرینەکە بۆ حیلەوگمەی لەگەڵ هەرشێرە دایکێکدا، ئامادەیە بێچووەکان هەلا هەلا بکات، ئەم رێککەوتنە بەڵایەکی جیۆپۆلەتیکی و کۆدێتایەکە بەسەر هاوکێشەی جیۆستراتیژیی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هەتا دەگاتە رۆخی دەریای ناوەڕاست. واتە ئیدی ئەستەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئێران پەراوێز بخەن وەک ئەوروپییەکان، یان دوژمنایەتی بکەن وەک ئەمریکاییەکان، ئیدی ئەمریکا و ئەوروپییەکان باش لەوە تێگەیشتوون، شەڕەقۆچیان لەگەڵ تاران سوودێکی نییە و نابێ ناوچەکە بەرەو جەنگێکی ماڵوێرانکەر پاڵبنێن، ئەگینا بەرژەوەندییەکانیان لە نەوت و وزەو ئاسایشی ئیسرائیل تووشی کێشە دەکات، واتە بیریان کردووەتەوە لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و مەزهەبیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پێدانی ڕۆڵی کاریگەر و هەژموونگەر بە ئێران.
رەنگە ئەم خۆبەدوورگرتنەی خۆرئاوا لە شەڕەقۆچ، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کردبێت لە پاش ئەو بارەگا سووتاندنانەی پارتی لە ناوچەی ژێر هەژموونی دراوسێ ئێرانیەکەیدا، بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تاران. ئاگربەردان لە بارەگاکانی پارتی بەدەستی ئەوانە نەبوو کە بە هاندانی هەندێ لە راگەیاندنەکانی زۆنی سلێمانی فریو درابوون، بەڵکو شقارتە و دەبە بانزینەکان و هاندەری پشتەوەیان خودی ئەو زاتانە بوون کە بەبێ ئێران لەناو سلێمانیدا ناتوانن بێنە بەر قاپی ماڵی خۆیشیان، ئیتر خۆرئاواش ئەگەر لە مەودای نزیکدا ئێرانی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمیی قبووڵ نەبێ، بەڵام تازە وەک دەوڵەتێکی گەورە قبووڵی کردووە.
ئێران وەک دەوڵەتێکی شەریکی زلهێزەکانی لێهات، بەتایبەت لە ململانێ و گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی تر دەبات، لەمەودوا پێوەندییەکانی نێوان ئێران ـ خۆرئاوا ـ عەرەب ـ تورک ـ شیعە..تاد شکڵێکی تری دەبێت، لەم نێوەندەدا حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئێران مل لەبەر ملی نەنێت، ناچارە چاوێکی وردبینانەتر بەو پێوەندیانەی خۆیدا بخشێنێتەوە، گەرچی ئێرانیش لە مێژوودا پێشێلکارییەکی زۆروزەبەنی دەرهەق بە مافی نەتەوەی کوردی بندەستی خۆی هەبووە، هەمیشە دژ بەو خواستە خۆڕسکەی کوردی باشووری کوردستانیش بووە لە ئاواتی گەیشتنیان بە سەربەخۆیی، بەڵام دیارە دیدی کورد بە فەرشی ئێرانی ئاشنا بووە و شتێک لە کۆدە ئەهریمەنیەکانی ناو تەون و رایەڵەکانی تێدەگەن، نزیکبوونەوەی هەرێم و ئێران هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا، چونکە ناوچەکە بەپێی ئەو بەرنامەیەی تاران و واشنتن دادەڕێژرێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی مەترسیی داعش سەرتاپای ناوچەکەی داپۆشی و وێنەی عەرەب و تیرۆریست لە ئاوێنەی خۆرئاوادا وەک دوو ڕووی یەک دراو دەبینرێن، ئەمەش ئەو قەناعەتەی هێناوەتە کایەوە کە دەبێ وردتر سەرچاوەی هەڕەشەکان دیاری بکرێن، بە هەمان مانا بەلای حکومەتی هەرێمەوە لە ئێستادا داعش پێش ئێران، هەڕەشەیەکی گەورەترە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نەک ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەکەی.
هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەوەشە کە ئیدیعای رێکخراوە خۆرئاواییەکان لە کرانەوەی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەوانەش نەتەوەی کورد بەم نزیکبوونەوەیەی ئێران و ئەمەریکا چیتر جێی بایەخپێدان نین، لەکاتێکدا خۆرئاوا لە رۆژگاری پێش هاتنی خومەینی و هەر لە ئیدارەکەی جێمی کارتەرەوە ئێرانیان بەم بابەتانە رەخنەباران دەکرد.
دیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەو بابەتە دوورتر دەڕوانێت و نایەوێت جارێکی تر مێژووی نسکۆ لە کوردستان دووپات ببێتەوە، چونکە خۆرئاوا لە نێوان مافی مرۆڤ و بەرژەوەندیی خۆیدا، هەمیشە دووەم هەڵدەبژێرن و گوێی خۆیان لە مەسەلەکانی تر کەڕ دەکەن، دوای رێککەوتننامەی جەزائیر کاتێک مستەفا بارزانی لۆمەی ئەمریکاییەکان دەکات کە لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان دەستبەرداری مەسەلەیەکی مرۆیی و ئەخلاقیی گرنگی وەک شۆڕشی ئەیلول بوون، لە وەڵامدا هنری کیسنجەر دەڵی: ئێمە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ناکەینە قوربانی مافی مرۆڤـ.
هیچ دوور نییە جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمەریکاش بە نەوەکەی مەلا مستەفا بڵێت: رێککەوتنی ئەتۆمی ناکەینە قوربانی سەربەخۆیی هەرێمەکەتان..



.jpg&w=3840&q=75)