كورد لە رابردوودا سیاسی نەبووە، لەم دواییانەدا ئاوا قوڕ كرا بەسەریاندا و هەموویان بوونە لێكۆڵەری سیاسی. رەچەڵەكی هەموومان یان جوتیارە یان گاوان. ئەوە هیچ كە ئێستا كەس گاوان نییە، بەڵام رێك لەو كاتەی كە لەبری دەڕاسە و كەمپا و تراكتۆر، حكومەت و كۆمپانیاكان، ئاڵتیما و فۆرچنەریان بەسەر جوتیاراندا دابەش دەكرد، ئیدی قوڕیان كرد بەسەر كشتوكاڵدا و جەنابیشت وەك فەیلەسوف و پڕۆفیسۆری گەورەی گەلەكەمان، بڕۆ ئاو بێنە و (ئاودێریی چی نەگبەت؟) دەستت بشۆ!
ئێستا بڕۆ لە هەر شارێكی كوردستاندا سەتڵێك ماستی بەقەولی باو (خۆماڵی) بكڕە، ئەگەر كابرا سوێندی قورست بۆ نەخوات كە هی مەڕە، حەتمەن دەڵێت: ماستی گامێشە. راستە ئێمە گوێدرێژمان زۆرە و دەشێت لە كوردستان هەموو شت هەبێت، بەس رێی تێناچێ گامێشمان هەبێت. من بەنزیكەیی هەموو ناوچەكانی باشووری كوردستان گەڕاوم، تا ئێستا گامێشم بەچاوی خۆم نەبینیوە! گامێش و بیگ فووتەكەی ئەم ماوەیە لە كوردستان، درۆیەكی ئیعلامین !
تۆ با هەندێك بە زمانی ماتماتیك قسە بكەین. لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 12 ملیۆن دۆنم زەویی كشتوكاڵی هەیە، نزیكەی 50 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، نزیكەی 153 هەزار و 840 كەس وەك جوتیار لە وەزارەتی كشتوكاڵ ناونووس كراون و زەویی كشتوكاڵییان لەبەردەستدایە، دەی خۆ ئەگەر ئەو هەموو جوتیار و پاڵە و رەنجدەرانە، لەسەر ئەو خاك و ئاوە زۆرە، تەنیا تەماتە و خەیار و كاهوو و گێزەر بەرهەم بهێنن، سوێندی ناوێت، كە زەڵاتە و موقەبیلاتی هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان دابین دەكرد !
بەڵام نەهامەتییەكە لەوەدایە كە لەو 153 هەزار بەناو جوتیارەی كوردستان، دەگوترێت تەنیا سەدی شانزەیان كە نزیكەی 40 هەزار كەس دەبن، خەریكی كشتوكاڵن و ئەوانی دی، رەنگە ئێستا لە فەیسبووك خەریكی شرۆڤەی سەردانەكەی بارزانی بن بۆ توركیا و ئەدمینی یەك دوو پەیجی جنێوفرۆشیش بن !
ئەمە جگە لەوەی كە لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان 2478 ئەمیر و شازادە و حوكام و عالی مەقام، ڤێلایان دروست كردووە و وەزارەتی كشتوكاڵیش ناوێرێت دەم بكاتەوە !
جا ئەوە ماوەیەك پێش ئێستا كە پارەی گەنمی جوتیاران دواكەوتبوو، كۆمپانیایەك لەبری پارەی گەنمی جوتیاران، تاكسی مۆدێل 2012ی پێ دەفرۆشتن. قاقا نانووسرێتەوە و جڕتیش عەیبە، بەقەولی پەشێو: ئەدی چ بكەم كردگاری كورد؟ سێ كاژێر پێكەنین دادی ئەمە نادات.
لەوەش بێتامتر، ساڵی 2010 لقی هەولێری یەكێتی جوتیارانی كوردستان، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ژاپۆنی كرد بۆئەوەی 10 هەزار تۆیۆتای دەبڵ كابینە بۆ جوتیاران هاوردە بكەن. ئاخر بەس تێمبگەیەنە، خۆ تۆ هیچ بەرهەم ناهێنیت تاوەكو بە پیكاب بیگوازیتەوە، ئیتر پێم بڵێ، جوتیار پیكابی بۆ چییە؟
ئێوە بەس سەیری ئامار و داتاكانی كشتوكاڵ بكەن دەزانن ئەم وڵاتە چەند وێرانە، بۆ نموونە لەبەرامبەر هەر كیلۆیەك سەوزە و میوەی خۆماڵی (ئەویش ئەگەر بەرهەمهێنرابێت)، كیلۆیەك لە دەرەوە هاوردە كراوە، هیچ بەروبوومێكی كشتوكاڵی لە كوردستاندا هەڵناگیرێت، هەموو خۆراكێكی لەقوتوونراو كە لەم وڵاتەدا هەیە، لە دەرەوە هێنراوە. هەندێ خۆراك هەن كە چاندنیان زۆر ئاسانە، كەچی بەڕێژەی سەدی هەشتا لەدەرەوە دەهێنرێت، دەی ئیتر ئێوەش بۆخۆتان هەر بڵێن: كوردستان ئاوی كەوسەرە و خاكی گەوهەرە. بەڵام من ئەگەر وەك حەمە ساڵح دیلان دەنگم خۆش بووایە، ئێستا دوو ئۆكتاڤی تریش تۆنەكەم سەردەخست و بە سیغەی رابردوو دەمچریكاند "ئەم وڵاتە پڕ لە پیت و پڕ سامانە، جێگەی فەڕ بوو، پڕ بوو لە شەقڵی پیاوانە".



.png&w=3840&q=75)