رووداو - هەولێر
زەكەریا یاپیجی ئۆغڵو سەرۆكی پارتی خەباتی ئازاد "هوداپار" رەخنە لە پەكەكە دەگرێت و دەڵێت "پەكەكە رێكخراوێكی نەتەوەیی نییە". سەرۆكی هوداپار پێیوایە دەوڵەتی توركیا و پەكەكە هەردوولا بەرپرسن لەو بارودۆخەی لە باكووری كوردستان هەیە و دەڵێت پەكەكە هۆكاری راكێشانی سوپا بوو بۆ نێو شارەكان، بەڵام دەڵێت نەدەبوو دەوڵەت بە چەكی قورس وەڵامی پەكەكە بداتەوە.
رووداو: بۆچوونی ئێوە لە بارەی رووداوەكانی ئێستای باكووری كوردستان چییە؟
یاپیجی ئۆغڵو: بەهۆی خەندەقەكانەوە ئۆپەراسیۆن كرا، یان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانەوە خەندەق هەڵكەنرا؟ بەڕاستی ئەم پرسە بووەتە مایەی ناڕەزایی خەڵكی باكووری كوردستان. هەردوولا پاكانە دەكەن و یەكدی تۆمەتبار دەكەن، بەبڕوای من ئەگەر خەندەق هەڵنەكەنرابا و گەریلا لە پشت بەربەستەكانەوە بەچەك و تفاقیانەوە وێنەیان نەگرتبا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان نەكردبایەوە، ئاستی شەڕ و پێكدادان هێندە چڕ نەدەبوو، نەشدەچووە ناو سەنتەری شار و شارۆچكەكان. بەڵام ئەگەر پەكەكە شەڕ و پێكدادانی بۆ ناو سەنتەری شار و شارۆچكەكانیش گواستبێتەوە، مانای ئەوە نییە سوپا رێ بەخۆی بدات چەكی قورس بەكاربێنێ. پێویستە هەردوولا بەهۆی كوشتنی هاووڵاتیانەوە سزا بدرێن، چونكە هەردوولا بەرپرسن لەو دۆخە.
من پێموایە پەكەكە بەئەنقەست شەڕ و پێكدادانی گواستەوە ناو سەنتەری شارەكان و سوپای ناچار كرد شەڕی كوچە و كۆڵان بكات. پێشتر هیچ بنكەیەكی سەربازی و پۆلیسی دەوڵەت لە گەڕەكەكانی سووری ئامەد نەبوون. لە هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیرانیشدا هێزی دەوڵەت وجودی نەبوو. پەكەكە گرووپی چەكداری زۆری هەبوو لەم ناوچانە. وێڕای ئەمەش دەوڵەت دەستی لەم ناوچەیە وەرنەدەدا.
رووداو: خەڵكی ناوچەكە كام لایەن بە بەرپرسیاری رووداوەكان دەزانن؟
یاپیجی ئۆغڵو: بەڕاستی خەڵك زۆر نیگەران بوون لە لێدانی خەندەق و دروستكردنی بەربەست و راكێشانی سوپا بۆ شەڕی كوچە و كۆڵان. بەشێك لە خەڵك پێیانوایە دەوڵەت پلانی داڕشتووە بۆ ئەوەی سیاسەتی قڕكردنی كورد بەناوی پەكەكەوە بكات، بەڵام بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچەكە دەزانن كە پەكەكە هۆكاری سەرەكیی راكێشان و ناچاركردنی سوپای توركیایە بۆ ئەم شەڕە خوێناوییە. پەكەكە بەنیازبوو پلانی لەمە گەورەتر دابڕێژێت. تەنانەت لە سەردەمی پرۆسەی ئاشتیشدا بەشێوەیەكی بەردەوام لایەنگرانی خۆی پڕچەك دەكرد و جبەخانەیەكی زۆری دامەزراند و پلانی چۆنیەتی
رووبەڕووبوونەوەی سوپای داڕشتبوو. تەنانەت دەوڵەت زانیاری هەبوو لەسەر دابەشكردنی 80 هەزار پارچە چەك بۆ گەریلا و لایەنگرانی پەكەكە و رێكخستنەكان و شانەكانیان. هەروەها بانگی زۆر خەڵكی دیكە كرا بۆ شەڕ لە دژی دەوڵەت، بەڵام خەڵكی ناوچەكە پشتگیرییان نەكردن و پشتیان تێكردن.
رووداو: بەبڕوای ئێوە پرۆسەی ئاشتی دووبارە دەستپێدەكاتەوە؟
یاپیجی ئۆغڵو: دەوڵەت لە پرۆسەی ئاشتیدا هەندێك هەڵەی كرد. پێداگریی لەسەر فڕێدانی چەك دەكرد و ئەمەش هەڵە بوو.
سەرەتا نكۆڵییان كرد. ئێمە جەختمان لەوە دەكردەوە كە كورد تەنیا لە پەكەكە پێكنەهاتووە، بەڵكو لایەن و بیروبۆچوونی جیاوازیشی هەن، كەچی ئەوان پەكەكەیان بە موخاتەب وەرگرت و كار گەیشتە ئەم ئاستە. ئەگەر دانوستاندن لەگەڵ چین و توێژەكانی دیكەی گەل بكرایە، نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین.
دەوڵەت سەرەتا پرۆژەیەكی جددی نەبوو، نەخشەڕێیەكی دیاریكراوی بۆ چارەسەركردنی پرسەكەش نەبوو. ئێمەش بۆچوونی خۆمان خستەڕوو، گوتمان سەركەوتوو نابێت و لە نیوەی رێگادا كێشەی بۆ دروست دەبێت. ئێمە داوامان لە دەوڵەت كرد دوو مێزی دانوستاندن دابنێن. یەكەمیان بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی توندوتیژی و فڕێدانی چەكی پەكەكە. دووەمیشیان باس لە مافە رەواكانی گەلی كورد بكەن. هەروەها سەرجەم نوێنەر و پێكهاتەكانی گەلی كورد بەشدار بكەن لەم دانوستاندنانە. بانگی هەدەپە بكەن و پێیان بڵێن ئەگەر مەبەستتانە باس لە پەكەكە بكەن، فەرموون بۆ مێزی یەكەم و ئەگەریش مەبەستتانە باسی مافی كورد بكەن، فەرموون لە مێزی دووەم دابنیشن. با خۆیان بڕیار بدەن لەكامە مێزی دانوستاندن دادەنیشن. زۆر هەڵەیە هەدەپە لەم پرسە دەربكرێت.
رووداو: بۆچوونتان لەسەر سیاسەتی هەدەپە چییە؟
یاپیجی ئۆغڵو: هەدەپە پارتێكی كوردی نییە، سەیركە، هەدەپە، دەبەپە، دەتەكە ناوی كوردستانیان پێوە نییە؟ هەدەپە دەڵێت كاردەكەین بۆ توركیایەكی دیموكراتی، هەروەها كار بۆ سۆسیالیست و چەپڕەوییەكی پێشكەوتنخواز دەكەین. لێدوانەكانیان شتێك دەڵێت و هەڵوێستەكانیان شتێكی دیكە، هەندێكجار رێك وەك پارتێكی توركی لێدوان دەدەن. هەندێكجار دەچنە نێو بۆتەی پارتێكی پارێزگاریكار لە پەكەكە. بەڵام ئێمە پارتێكی تەواو كوردین. ئێمە وەكو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانین، هەم پارتێكی ئیسلامین و هەم پارتێكی كوردین. دەستەی دامەزرێنەری پارتەكەمان سەرجەمیان كوردن، تەنیا جێگری سەرۆكێكمان هەیە توركە، ئەگینا زۆربەیان كرمانج و زازاكین. ئەگەر توانامان هەبێت سنوورەكان وەلادەنێین و دووبارە كوردستانی گەورە دادەمەزرێنین، نەك كوردستانێك دابەشی چوار پارچە كرابێت.
رووداو: ئێوە وەك پارتێكی سیاسی، پەكەكە لە نەتەوەییبوونی پرسەكانی خۆسەری بەدوور دەزانن، لە كاتێكدا لە كۆنگرەكانی ئێوەشدا ئاڵای كوردستان بەرز نەكرایەوە، بۆچی؟
یاپیجی ئۆغڵو: كۆنگرەكەمان تایبەتە بە پارتەكەمان، پێمان باش بوو تەنیا ئاڵای پارتەكەمان هەڵبكەین. بەڵام ئێمە لە بارەگاكانمان تەنیا ئاڵای پارتەكەمان و ئاڵای كوردستانمان داناوە. هەندێك كەس پێیانوایە ئەو ئاڵایە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان نەك ئاڵای هەموو كوردستان، لە كاتێكدا ئێمە وای نابینین. ئێمە لە ئاڵای كوردستان نیگەران نین، هەروەها لە ئاڵای توركیاش نیگەران نین، بەڵام ئەوەی نیگەرانمان دەكات ئەوەیە كە دەڵێن ئاڵای تورك. یان زۆر شتی دیكەی وەك سوپای تورك، یاسای باری شارستانیی تورك، هاووڵاتیی تورك و هتد.
رووداو: بەڵام لە كۆنگرەكەتاندا ئاڵای فەلەستین دانرابوو؟
یاپیجی ئۆغڵو: ئەو ئاڵایەی تۆ باسی دەكەیت من نەمبینی، ناشڵێم نەبوو، بەڵام سیاسەتی پارتەكەمان نییە و نەبووە. ئێمە كۆنگرەیەكی ئاساییمان سازكرد و بەشێوەیەكی فەرمی تەنیا ئاڵای تەوحیدمان هەڵدابوو.
رووداو: كەواتە خۆتان بە نەتەوەیی دەناسێنن؟
یاپیجی ئۆغڵو: پرسی نەتەوەییبوون یان نەبوونی پەكەكە مایەی تێڕامانە، ئایدیۆلۆژیی پەكەكە خۆی لەخۆیدا رێگرە لە نەتەوەییبوون. چۆن ئیسلام بەرنامەیەكی گشتگیرە، سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمیش بەهەمانشێوەیە.
یاپیجی ئۆغڵو: ئێمە بەیعەتمان پێنەداوە و نایدەین.
بیۆگرافی: زەكەریا یاپیجی ئۆغڵو:

- ساڵی 1966 لە شاری باتمانی سەر بە ئامەد لەدایك بووە.
- ساڵی 1988 كۆلێژی یاسای لە زانكۆی ئەنقەرە تەواوكردووە.
- ساڵی 1990 – 2012 پارێزەرایەتی كردووە.
- یەكێكە لە دامەزرێنەرانی هوداپار.
- لە كۆنگرەی یەكەمی هوداپار لە 30/6/2013 بە سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا.
- خێزاندارە و باوكی 5 منداڵە.

.jpeg&w=3840&q=75)
