دەڵێن ئێستا بەپێی ریسێرچ و مەدارك و شەواهیدە ژێنەتیكییە نوێیەكان، لە هەر دووسەد مرۆڤێكی زیندووی سەر زەوی، یەكێكیان لە رەگەز و پاشماوەی جەنگیزخان و قەومی مەغۆلە. ئەگەر ئێستا فەحسێكی دی ئێن ئەی بۆ من بكرێت و بڵێن: هەتیوە نانەجیبە، تۆ بە حەوت پشت كوڕی ئەكباتا خان دەرچووی، پاش ماوەیەك لە میدیای كوردیدا دەنووسرێت: ئەكباتا خان بە رەگەز كوردە! ئێمە حەز دەكەین هەرچی پیاوی گەورە و ناوداری دونیا هەیە كورد دەربچن، بەڵام خۆمان كە كوردین، خۆمان پێ گەورە و ناودار ناكرێ، ئێمە میللەتێكی موەقەتین، ماوەیەك حەزمان لە سەربەخۆییە، پاش ماوەیەك جاڕی خۆپیشاندان دەدەین، هێشتا لە خۆپیشاندان نەبووینەتەوە داوای هێمنی و ئاسایش دەكەین، چونكە ئێمە لە دیاردەكان ورد نابینەوە، بەڵكو دەستیان تێوەردەدەین و كەسیشمان نییە هەڵەكانمان بۆ راست بكاتەوە. ئەشهەدو پسپۆڕ و عالم و خوبەرامان لە بواری (چی مەكە!)دا زۆرە، رۆژ دەبێتەوە تا ئێوارە، بە یەكتری دەڵێین چی مەكە، یەك كەس شك نابەین پێمان بڵێ: ئەرێ قوربان ئەی چی بكەین؟ جا لەبەرئەوەی دەزانین چی نەكەین و نازانین چی بكەین، بۆیە ئەمەریكا جارێك فشار لە ئێمە دەكات كە لەگەل بەغدا رێكبكەوین و جارێك فشار لەبەغدا دەكات لەگەڵ ئێمە رێكبكەوێ، ئەوجا چ مەڕەكە ببەیت بۆ لای گورگەكە و چ گورگەكە بهێنی بۆ لای مەڕەكە، هەر گورگەكە قازانجێتی! ئێمە بە هەڵە هەین، دەی ناڕەحەت مەبە، میللەتێك گەر فێر نەبێت سەرزەنشتی خۆی بكات، میللەتێكی هەڵەیە. تۆ سەیركە، لێرە زۆربەی شتەكان دەخرێنە راپرسییەوە. راپرسییەكانیش مەڵۆی درۆن. لەدونیای پێگەیشتوودا، هەرگیز چەند شتێك هەن ناخرێنە راپرسییەوە، بۆنموونە هەرگیز سزا ناخرێتە راپرسییەوە، بەڵام كورد دەیخات، پۆلیس پیاوكوژێك دەگرێت، لە سایتە كوردییەكاندا دەنووسرێت: پێتان باشە چی لێ بكرێت؟ چۆن سزا بدرێت؟ نابێت كۆمەڵگە پشكی هەبێت لە سزاداندا، مەگەر قانون سزای دیاری نەكردووە؟ سەد جار دیتومە، مەسەلەن: پێتان باشە مەلا شوان چی لێ بكرێت؟ یەكێك دەڵێت بیسووتێنن، یەكێكی دی: هەڵیواسن، ئەویدی دەڵێت داری تێببڕن، یەكێكی دی دەڵێت ملی بپەڕێنن! هەرگیز زانست ناخرێتە راپرسییەوە، كەچی كورد دەیخات، مەسەلەن: پێت باشە حكومەت دەرزی ئاڤاستین قەدەغە بكات؟ یەكێك دەڵێت با قەدەغە بكرێت. یەكێكی دی: نەیهێنن. ئەوی دیكە: وەزیر هەڵبواسن و هتد. مەگەر تۆ دەزانیت دەرزی ئاڤاستین چییە؟ من خۆم نایزانم. قسەكە لەسەر ئاڤاستین نییە، بەڵكو تەنێ نموونەیەكی ناسراوە كە زۆرێك لە كورد ئاڤاستین بەهۆی كوێركردنی چەند كەسێكەوە دەناسن. من گوتم ئاڤاستین، هیوادارم ناوەكەیم بە هەڵە نەگوتبێ. كورد یەكێكە لەو میللەتانەی كە بە ئیشتیهای خەڵكی دیكەوە نان دەخوات، هەر ئێستا پێی بڵێن كاتی سەربەخۆیی نییە، یەكسەر دەستی لێ بەردەدات، پیس عەجیبین، هەمیشە پێش دەستپێكردنی رەشبەڵەك هەڵدەپەڕین، لەگەڵ ناوبژیواندا شەڕمان خەستترە تا لەگەڵ شەڕخواز! ئێمە لە جیهانێكداین، لەولامانەوە دونیایەك هەیە كە بازرگانەكانیان بەهۆی سامانەكەیانەوە دەبنە سیاسی و سەركردەی دیار، لای ئێمە لاتەكان دەبنە سیاسی و پاشان بەهۆی پێگە سیاسییەكەیانەوە دەبنە بازرگانێكی دیار! ئێمە پرسیارێكین كە جاروبار بەهەڵە لە جیهان دەكرێین، ئەرێ كورد كێیە؟ قوربان ئێمە لەبەر قەیرانەكانمان هەین، گەر بەم هزر و جیهانبینییەی ئێستامانەوە قەیرانمان نەبووایە، حەتمەن كەس لەم جیهانە نەیدەناسین، كەواتە شیرم مەكەن، سوپاسی قەیرانەكانتان بكەن!
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست10-06-2026عێراقچی بۆ ئەمریکا: هێرشەکان بێ وەڵام نامێننەوە و ئەگەر دەتانەوێ سەلامەت بن بڕۆن