رووداو - دهۆک
بەهەوڵی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، 19 کوردی ئێزدی کە لەلایان داعشەوە بەدیل گیرابوون، رزگارکران.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە 14-3-2016، 19 کەسی خەڵکی شنگال لەدەستی داعش رزگاربوون".
حوسێن قایدی راشیگەیاند: "داعش ئەو 19 کەسەی بردبووە سووریا و بە هەوڵی نووسینگەکەمان رزگارکراون. ئێستا لەڕێگەی گەڕانەوەن بۆ دهۆک".
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان گوتیشی: "زۆربەی رزگارکراوەکان ژن و کچن و هەموویان رۆژی 3/8/2014 لەلایەن داعش بەدیل گیرابوون".
بەپێی ئامارێکی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری ئێزدییەکان " 6255 کوردی ئێزدی کەوتوونەتە ژێر دەستی داعش و، لەوەتەی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان دەستی بە کارەکانی کردووە تاوەکو 6-3-2016 ، 2417 کەس رزگارکراون، 130 کەسیان پیاون، 896 کچ و ژنن لەگەڵ 1191 منداڵ".



