رووداو - دیالە
بەهۆی بە ئامانج كردنیان لەلایەن گرووپە چەكدارەكان بەو پیێەی ئەڵقەی گەیاندنی نێوان دانیشتوان و هێزە ئەمنییەكانن و دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پلانی گرووپە چەكدارەكان لە ناوچە جیاجیاكانی دیالە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 15 موختار كوژراون و 250 موختاری دیكەش وازیان لە كارەكانیان هێناوە.
عەبدوڵڵا حیالی، دانیشتووی شارۆچکەی دیالە بە رووداوی راگەیاند "بەهۆی كردنە ئامانجیان لەلایەن گرووپە چەكدارەكان زیاتر لە 250 موختار وازیان لە كارەكانیان هێناوە، زیاتر لە 15 موختاری دیكەش كوژراون و نزیكەی 7 ـ 8 موختاریش برینداربوونە، بە ئامانجكردنی ئەو موختارانە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزیە لە نێو كۆمەڵگا".
خەڵك داوای پشتگیریكردن و پاراستنی توێژی موختاران دەكەن، بەتایبەتی دوای ئەو ئاڵۆزیەی بەهۆی نەمانیان دروست بووەو زۆربەی كاروباری خەڵكی لە فەرمانگە حكومییەكان رایی ناكرێن، سەرەڕای گرنگی ئەمنییان بەو پێیەی چاوی چاودێرین لەناوچەكان، فەرماندەیی پۆلیسی دیالەش رەزامەندی نیشانداوە پاسەوانیان بۆ دابین بكات و بیانگەڕێنێتەوە سەر كارەكانیان.
عەقید غالب عەتیە، بەڕێوەبەی راگەیاندنی پۆلیسی دیالە دەڵێت "هەڵبژاردن و دۆزینەوەی هەل و كارو پۆست بۆ موختاران گرنگە بۆ ئەوەی بە ئازادی و بە ئاسانی كاری خۆیان بكەن، سەرەڕای فەراهەمكردنی كەشێكی لەبار و پارێزگاریكردنیان لە پێناو درێژەدان بەكارەكانیان و بە جۆرێك هەست بە ئەمان بكات".



