دەڵێن ئاغا لەگەڵ ئاغا كێشەی غوڵامەكانی هەبوو، غوڵامەكانیش كێشەی هەردووكیان! دەی روونە، كێشەی ئاغا بەڕەعیەت چارەسەر نابێت، بەڵام رەنگە هی رەعیەت بە ئاغاكان چارەسەر ببێ!
لە دونیادا میللەتان لەڕێی حیزبەكانیانەوە، ململانێ سیاسییەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام لە كوردستان حیزبەكان لەڕێی میللەتەوە ململانێی سیاسی یەكلایی دەكەنەوە. تۆ بڕوانە، هەر حیزبێك لەگەڵ حیزبێكی تر بەیەكدا هەڵشاخێت، غوڵامەكانیان پەلاماری یەكتر دەدەن. لەجیهاندا هەوڵەكان بۆ ئەوەن كە پیاوی دەوڵەتمەدار بەرهەم بهێنرێت، بەڵام لە كوردستان هەوڵەكان بۆ ئەوەن كە دەوڵەت بۆ پیاوێك بەرهەم بهێنرێت. لە دونیادا حیزب بۆ رێكخستنی میللەت دادەمەزرێ، لە كوردستان میللەت بۆ رێكخستنی حیزب تەزكیە دەكرێت.
جا خۆ ئێمە بەختمان هەیە وەك وڵاتە گەورەكانی دونیا كێشەی قەبەمان نییە، دەنا سەری بابمان دەچوو بەگۆڕا، سەیری ئێران بكەن، كێشەی ئەتۆمیی هەیە، كۆریای باكووریش هەروا، ڕووسیا لەگەڵ ئەمەریكا كێشەی گەردوونیی هەیە. ئێمە كوا كێشەی گەورەمان هەیە تا بەپیاوی گەورە حەل ببێت؟ ئێمە ژمارەیەكی زۆر كێشەی بچووكمان هەیە! ئێمەی كورد دوو جۆر پیاومان هەیە، جۆرێكیان ئەو پیاوە بچووكانەن كە كێشەی گەورەیان پێ دروست دەكرێت، جۆرەكەی تریان ئەو پیاوە گەورانەن كە كێشەی بچووكیان پێ چارەسەر ناكرێت !
خۆ گەر هەموو ئەوانەش بەلایەكدا بخەین، ئێمە كێشە بنەڕەتییەكەمان ئەوەیە پیاوی بچووكمان زۆرە كە كێشەی گەورەمان بۆ دروست بكات، دەنا ئاریشەكانمان، بە دوو تەوقە لەگەڵ یەكدی و هەندێ رەسمگرتن و تەوزیعكردنی فرۆشی نەوت چارەسەر دەبن !
سەرجەم سیاسییەكانی ئەم وڵاتە، سەرجەم حیزبەكان، شەرەفی میللەتیان شكاندووە، بەڵام دروشمەكانی سەر تەلەفزیۆنیان بە "كۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵكی كوردستان!" دەستپێدەكات! كورد لەسەر تەلەفزیۆن كە باسی منداڵ بكات، هەر وەك راهاتنێك، پێی دەڵێت، منداڵە چاوگەشەكان، بەپێشمەرگە دەڵێت، پێشمەرگە قارەمانەكان، بە شاعیر دەڵێت: شاعیری گەورەی گەلەكەمان، ئەمانە وەك ئاخاوتنێكی زمانەوانی و رۆتیناتی رۆژگار شتێكی ئاسایین، بەڵام كاتێك ناوی سەرۆك و سەركردەكانیان دەهێنن، دەیان پاشناو و پاشگر و پێشگری پیاهەڵدانی پێوە دەكەن، دەی ئەمە نائاساییە، ئەم هەموو چاوەڕوانییە لە سەرۆك و سەركردە، لەپای چی؟
كەس چاوەڕێ نەكات كە ئاریشەكان بە سەركردەكان چارەسەر بن، تۆ هەی پیاوی بچووك، كێشەی گەورە دروست مەكە و چاوەڕێی سەركردەكانیش مەكە چارەسەری بكەن، سەركردەكان سوپەرمان نین، كە شێخ مەحموود شۆڕشی لە 22ی مایسی 1919 راگەیاند، ئینگلیزەكان گرتیان و رەوانەی هیندستانیان كرد، هەموو كورد وایاندەزانی بەس شێخ بێتەوە، سەرجەم كێشەكانی چارەسەر دەبن، شێخ هاتەوە و كێشەكانیش وەك خۆیان مانەوە. كاتێك ڕەحمەتی، مستەفا بارزانی پەنای بردە بەر سۆڤێت، هەموو كورد وایاندەزانی بەس ئەو بگەڕێتەوە، هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن، لە 26ی تشرینی یەكەمی 1958، بارزانی گەڕایەوە و كێشەكانیش هەروەكو خۆیان مانەوە. لە 15ی شوباتی 1999 كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕادەستی توركیا كرا، لەو كاتەوە بەشێكی گەورەی كورد پێیانوایە، ئاپۆ بێتەوە هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن.
لە مانگی ئەیلولی 2014شەوە كە نەوشیروان مستەفا چووەتە دەرەوە، ئومەتێك لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەیدایە، رەنگە وابزانن بەس ئەو بێتەوە، ئیتر هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن!
هەتا ئێستا لە كوردستان سەركردەیەك دروست نەبووە كە سەركردەی تێكڕای خەڵك بێت. هیچ پارتییەك نییە كە قسەی كرد گۆڕانێك و یەكێتییەك و ئیسلامییەك لەو قسەیەی ڕازی بن. هیچ یەكێتییەك نییە كە قسەی كرد، گۆڕانێك و پارتییەك و ئیسلامییەك لێی ڕازی بن. سەركردەكانی كورد، چەندەش كاریگەر و بەدەسەڵات و ناسراو بن، هەرگیز نەیانتوانیوە سەركردەی هەموو خەڵكی هەرێمەكەیان بن. شانۆیی "ئاخیر زەمان" لە كوردستان زۆر عەجیبە، دەجال و كەرەكەی دەردەكەوێ، بەڵام هەمیشە عیسا دوادەكەوێ.



.png&w=3840&q=75)