رووداو - راپەڕین
لە دەڤەری راپەڕین بەهۆی خراپی باری ئابوورییەوە کار و چالاکییەکانی ئەو دەڤەرە روو لە سستبوونە و کەمترین چالاکی لەو دەڤەرەدا ئەنجامدەدرێت، سێ یانەی تۆپی پێش 70 ملیۆن دینار قەرزدارن.
لە دەڤەری راپەڕیندا سێ یانەی وەرزشی هەن کە بڕی 70 ملیۆن دینار قەرزارن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای دانەوەی قەرزەکانیشیان نییە.
قەیرانی دارایی یانە وەرزشییەکانی دەڤەری راپەڕینی خستووەتە ژێر قەرز، لەو دەڤەرە سێ یانەی وەرزشی هەن و نزیکەی 70 ملیۆن دینار قەرزداری بازاڕ و یاریزانەکانیان، ئەوەش کاریگەری لەسەر پێشکەوتن و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی ئەو یانانە دروستکردووە، چونکە ناتوانن بەشداری پاڵەوانیەتیە وەرزشییەکان بکەن.
بەختیار حەسەن، جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی رانیە دەڵێت "بودجەی سەرجەم یانەکانی باشووری کوردستان بڕدراوە، ئێمە جاران مانگانە نۆ ملیۆن 600 هەزار دینارمان وەردەگرت، ئێستا بە چەند مانگ جارێک سێ ملیۆن وەردەگرین، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 30 ملیۆن دینار قەرزدارین".
بەهۆی خراپی باری دارایی، یانە وەرزشیەکانی دەڤەرەكە ناتوانن بەشداری پاڵەوانێتییەکان بکەن، ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی یانە وەرزشیەکان نەتوانن ئاستی وەرزشیان بەرز بکەنەوە.
هەوراز کەریم، سکرتێری یانەی وەرزشی قەڵادزێ دەڵێت "ناتوانین چالاکی وەرزشی ئەنجامبدەین، چونکە نەمانتوانیوە هاوکاری یاریزانەکانمان بکەین و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆری یاریزانەکانمان وازیان هێناوە"
هەرچەندە بەشێک لە یانە وەرزشییەکان یاریگاکانیان بەکرێ دەدەن، بەڵام داهاتەکەیان بەشی پێداویستیەکان و دانەوەی قەرزەکانیان ناکات
سیروان حەسەن، سکرتێری یانەی وەرزشی دەروازە گوتی "ژێرخانی ئابووریمان نییە، چاومان لە حکومەتی هەرێمە دەرگایەکمان لێ بکاتەوە، بۆ ئەوەی قەرزەکانمان بدەینەوە و ئەرکی سەر شانمان سووک بکەین".
یانە وەرزشییەکانی دەڤەری راپەڕین بۆ دانەوەی قەرزەکانیان و ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی بەدوای دۆزینەوەی سپۆنسەردا دەگەڕێن، چونکە لەوە دڵنیابوونەتەوە تاوەكو قەیرانی دارایی بەردەوام بێت وەک جاران بودجەیان پێنادرێتەوە.

