بە شێوەیەكی هەمەكی، لە یادگەی هەموو موسڵمانێكی باودا، ئەوە چەقیوە كە ـ زۆرلێكردن لە دیندا نییە ـ و هەردەم وەك شانازییەك، بە دەنگی بەرزەوە ئایەتی (لا اكراة في الدين) دەچڕین.
ئەم ئایەتە، وەك هەبوونی خۆی لەنێو قورئاندا، مایەی ئەوەیە شانازیی پێوە بكرێت، بەوەی بنەوایەكی پتەوی بۆ سەربەستیی بیڕوباوەڕی كەسێتی و ئازادیی گشتی داناوە. ئەوەی بۆ من زێتر جێگەی تێڕامانە، ئەو ئایەتە "مدنی"ییە، یانی لە قۆناغی ژینی مەدینەیی، هاتووەتە دابەزین. بەوەش ئەو بانگەشەیە كپ دەبێتەوە كە وای پێشانداوە، هەرچی ئایەتی مەدەنییە، دوور لە جوانی و تۆلێرانسە، چونكە قۆناغی دەستەڵاتییە. پێچەوانەی قۆناغی مەككەیی كە سەردەمی ژێردەستەیی بوو.
ئەم ئایەتە (لا اكراة في الدين) ژمارەی 256ی سوورەتی (البقرة)ية. شڕۆڤەكارانی قورئان دەڵێن: ئەم ئایەتە، لە یەكێ لەم سێ بارەدا دابەزیوە:
یەك ـ یەكەم بار كە بە هۆكاری دابەزینی ئایەتەكە دانراوە، پێوەستی بە نەریتێكەوە هەیە، كە لەپێش هاتنی ئیسلام، لەنێو ئافرەتانی مەدینەدا، باو بووە. شڕۆڤەكارانی قورئان دەڵێن: ئافرەتانی مەدینە، ئەوانەی منداڵەكانیان بە زیندوویی لەدایك نەدەبوون، نەزریان كردبوو ئەگەر منداڵەكانیان بۆ بژیێت، بیانخەنە سەر ئایینی یەكێك لە هۆزەكانی جوولەكە و مەسیحییەكانی مەدینە. (الطبري، جامع البيان، المجلد۳، ص۲۱ ـ تفسير القران الكريم لابن كثير، المجلد۱، ص۱۹٨)
وێدەچێت ئەم نەریتە بە ئەندازەیەكی زۆر برەوی لەنێو مەدینەدا هەبووبێت. هەروەك یەكێ لە جەنگە بەراییەكانی مێژووی ئیسلام، لە دووی رووداوێكی پێوەست بەمەوە، ئەمە رۆشەن دەكاتەوە، باس لە تۆقدانی قەڵاتی خێڵی بەنی نەزیر لە مەدینەدا دەكەم، لە چوارەمین ساڵی كۆچی، ساڵی 625ی زاینی.
ناچمە نێو وردەكارییەكانی ئەو رووداوە، لە ژێدەرەكانی ئیسلامی، بە چڕی لێی هاتوونەتە دوان. رووداوەكە بەهۆی ناپاكیی خێڵی بەنی نەزیر لە پەیمانی نێوان خۆیان و پەیامهێندا بوو، هەم هەوڵی كوشتنیان دا، بەوەش موسڵمانان، 15 رۆژ لەنێو قەڵاتەكەی خۆیان لە باشووری مەدینە، تۆقیان دان. دواتر بە بەجێهێشتنی هۆزەكە لە مەدینە، تۆقدانەكە بە كۆتا هات. هەر لە بەرەنجامی ئەو رووداوەش بوو، پەیمانی مەدینە هاتە ئاراوە كە لە ئەدەبیاتی ئیسلامی بە "دەستووری مەدینە" ناسراوە.
جا هێندێ لە موسڵمانەكان، بە پەیامهێنیان گوت: "ئەی پەیامهێنی خودا، منداڵ و براكانمان لەنێو ئەواندان" ـ ٲسباب النزول للواحدی، بیروت، عالم الكتب، ۱۹۷۰، ص٥٨ ـ
هێندێ لە رۆڵەكانی مەدینە، لەسەر دینی یەهوودی پێڕاگەیشتبوون و دەگەڵ ئەو هۆزانە دەژیان كە لە منداڵییەوە لەخۆیانیان گرتبوون. ئا لە وەرامی ئەو پرسیارەی موسڵماناندا ئایەتی (لا اكراه في الدين، قد تبين الرشد من الغي) دابەزی. بەو واتایەی ئەو كوڕ و برایانە، خۆیان مانەوەیان لەنێو ئەو هۆزەدا هەڵبژاردووە كە ناپاكییان لە پەیامهێن كردووە. ئیتر پێویست ناكات زۆریان لێ بكەن.
سیاقی ئایەتەكە، گرنگییەكی زۆری هەیە، بەوەی تەنانەت لە باری شەڕدا، لە ساتی تۆقدانی هۆزێكی جوولەكەشدا، هەموو زۆلێكردنێكی دینی، رەتكراوەتەوە.
دوو ـ باری دووەم كە بە هۆكاری دابەزینی ئایەتەكە دانراوە، دەڵێن پێوەستیی بە ویستی هێندێ مەدینەنشینەوە هەیە، دەیانویست كوڕ و براكانیان كە لەنێو هۆزی (بني قورةيزة) دەژیان، ناچاری هاتنە نێو ئیسلام بكەن. ئەو ریوایەتە، هەرچەندە لەچاو ریوایەتی هۆزی بەنی نەزیر، زۆر بە كەمی لەنێو ژێدەرە ئیسلامییەكاندا هاتووە، بەڵام چ ئاماژەیەكی بۆ هەبوونی دوژمنایەتی لەنێوان موسڵمانان و یەهوودییەكانی ئەم سەردەمە تێدا نییە. بەڵكە تەنێ باس لە ویستی موسڵمانە مەدینەییەكان بۆ هاتنی ناسیاوەكانیان بۆ نێو ئیسلام دەكات. ئا لێرەدا، وەحی دادەبەزێت و پێچەوانەی ویستی ئەوان، سەربەستیی پێوەستیی دینی، وەدەست خۆیان دەداتەوە. (سنن ٲبي داود، المجلد ۲، ص ۲٦۲ ـ ۲٦۳)
سێ ـ باری سێیەم، دەڵێن بۆ كوڕێكی سەحابەیەك بەناوی (ابو الحصين) دەگەڕێتەوە، تاوێ بازرگانە مەسیحییەكان هاتبوونە مەدینە، بۆ نێو ئایینی مەسیحی بانگێشتیان كردبوو. ئیتر ئەویش بووبوو بە مەسیحی و دەگەڵیشیان رۆیشتبوو. كە باوكی ئەمەی زانی، داوای مۆڵەتی لە پەیامهێن كرد، تا شوێنیان بكەوێت و بۆ مەدینەیان بگەڕێنێتەوە. پەیامهێن ئەم ئایەتەی بۆ خوێندەوە (لا اكراة في الدين قد تبين الرشد من الغي) وەختێ گوێی لەم ئایەتە بوو، وازی لێهێنان. (جامع البيان للطبري، مجلد۳، ص۲۲)
دابەزینی ئەم ئایەتە، بەگوێرەی سەرچاوە سەرەكییەكانی شرۆڤەی قورئان، بۆ یەكێ لەم سێ بارە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە بۆنەی دابەزین (مناسبة النزول)یش بگەڕێین، پەیامی ئایەتەكە وەك خۆی، لووتكەی تۆلێرانسە. ئەم ئایەتە لە بەشی بەها و ئاكارە مرۆیی و وێژدانییەكانە، بان شوێنكاتە و، تا هەتا، شایەنی پیادەكردنە. وەك هێندێ ئایەتی وابەستەی شوێنكات ـ زمكان ـ نییە.
دەبینی موفەسیری ناودار (ابن كثير) دەڵێت: "ٲي لا تكرهوا احدا علي الدخول في دين الاسلام، فٳنه بين واضح جلي دلائله و براهينه لا يحتاج الي ان يكره احد علي الدخول فيه..." ـ ابن كثير، التفسير، المجلد ۱، ص ٤۱٦.
هەرچەندە هێندێ لەو زانایانەی باوەڕیان بە نەسخ هەیە، ئەو ئایەتە بە مەنسووخ هەژمار دەكەن، بەڵام لای هەردوو ئەو موفەسیرە دیارە ـ تەبەڕی و بن كەسیر ـ نەسخ نەبووەتەوە و هەرچەندە بۆ هۆكارێكی پێوەست بە یەهوودی مەدینە و مەسیحیی شامێ دابەزیوە، بەڵام پیادەكردنی، گشتگیرانە دەبێت. ـ الطبري، ج۳، ص۲٥ ، ابن كثير، ج۱، ص٤۱۷ ـ
ئەمە وەك بنەوای قورئانی ـ كە لە دیدی مەی موسڵماندا سرووشی خوداییە ـ وەها رێسای داڕشتووە، بەڵام تاوێ بۆ پیادەكردن شۆڕ دەبێتەوە، بەر لە هەر لایەن و كەسانێ، ئەوە ئێمەی موسڵمانان بووین، دژ بەو بنەوا قورئانییە وەستاین. هەر لەو رۆژگارە زووەی ئیسلامەتی، بەناوی دین، نەریتی فتووحاتمان دانا و، چەندان نێوچە و نەتەوەمان، ناچاری هاتنە نێو ئیسلامەتی كرد. تا رۆژگاری خیلافە ئیسلامییەكان و واوەتریش وەرە، لە سەردەمی نوێدا بەناو رابوونی ئیسلامی و، تراویلكەی دینی زۆرینە، دنیامان خستووەتە ژێر جەبری كولتووری و دینداریی خۆمان.
موسڵمانان لە رەمەزاندا بە میناك وەربگرە: تۆ بەگوێرەی ئەو ئایەتە، بنەوایەكت بۆ داڕێژراوە كە نابێت كەس ناچاری هاتن بۆ نێو ئیسلام بكەیت وەك دین، چجای ئیسلامەتی وەك دینداری. كە دین بنەچەی خوداییە و دینداریی فرەڕەهەندیی مرۆییە. ئەوان دێن، لە باری كەسێتی، بە چاوی نزم لە هەركەسێك دەڕوانن كە بەڕۆژوو نابێت.. بەپێی چەشەی دیندارانەی خۆیان، باڵ بەسەر فەزای گشتیی نێوچەكەدا دەگرن.. گوێی خەڵكی ناچاری بیستنی هێندێ سرووتی دینداریی خۆیان دەكەن كە لە بڵندگۆكان دەنگیان رۆژە رێیەك دەڕوات.. هەرچی چێشتخانەی شارە، ناچار بە داخستن دەكرێت، بابای رۆژوونەگر، لە ماڵەوە هەر بۆی نییە بخوا و بخواتەوە، لە دەرەوەی ماڵێشی هەروەتر... زۆر نموونەی دیكەش.. دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئێمەی دیندار لە رەمەزاندا، لەڕێی رەفتار و گوفتارەكانمان، بە رووكەشی ئاكارمان، دەمانەوێت ئەوانەی دیندار نین، ناچاری هاتنە نێو دینداریی خۆمانیان بكەین. بە سلووكی دەستەجەمعیی كۆمەڵگەدا، ئەوان تووشی جەبری چەشە و فیكری باو بكەین، كردووشمانە. بە دیدی من، تەنێ پرسینی "بۆ بەڕۆژوو نابیت" لە كەسی بەرانبەر، خۆ بە خواكردنە، خۆهەڵقورتانە لە پێوەندیی نێوان بەندە و خودا، هەم دژ بە پرەنسیپەكانی سەربەستیی كەسێتی و بنەوا ئازادییەكان و مافی بەرایی تاكە، بەر لە هەر چتێك، دژ بە بنەوا قورئانییەكە، كە رێگری لە ناچارییكردن بۆ ئایین (دین) دەكات، كەچی بابای موسڵمان، ئەوی تر ناچاری ئاینداری (تدین) دەكات.
راستینەی راستیی دژێتیی موسڵمان بە قورئان، بە روونی لە رەمەزاندا، دێتە بەرچاوان.

