رووداو - دهۆک
بڕیارە 5 کەمپ بۆ ئاوارەكانی سنووری پارێزگای دهۆک دروست بكرێن، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دروستکردنی کەمپەکان لە سنووری جوگرافی ماددەی 140 دەبێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێن.
سلێمان ئالیخان، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، بڕیاردراوە 5 کەمپ لە سنووری پارێزگاری دهۆک بۆ ئاوارەکان دروست بکرێن و یەکێک لە کەمپەکانیش لە گوندی جەمبووری نزیك دهۆك دەبێت.
بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک گوتیشی "ئەو شوێنانەی کەمپەکانیان لێ دروست دەکرێن، دەکەونە دەرەوەی سنووری جوگرافی هەرێمی کوردستان و لە سنووری ماددەی 140 دروست دەکرێن، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێن".
لەبارەی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، سلێمان ئالیخان گوتی" حکومەتی هەریمی کوردستان بڕیاریداوە هیچ کەمپێک لەنێو دهۆک دروست نەکات، هەروەها بە دروستکردنی ئەو کەمپانەش دەتوانن ئاوارەکان كۆنترۆڵ بکەن و بەمەش نزیکترین کەمپ کە دروست دەکرێت، 20 کیلۆمەتر لە دهۆک دوورە".



