رووداو- دهۆک
ئامێدی یەکێکە لەو قەزایانەی کە بەهۆی سرووشتە جوان و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بووەتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری. بەڵام گەشتیاران گلەییان لە کەمی خزمەتگوزارییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکانیدا هەیە.
سلێمان ئالیخان، پەیامنیری رووداو لە دهۆک رایگەیاند: "قەزای ئامێدی شوێنی گەشتیاری زۆری لێیە لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و عێراقیش چەنین شوێنی گەشتیاری بەناوبانگی هەیە، زیاتر لە 50% -ی ئەو گەشتیارانەی روودەکەنە پارێزگای دهۆک دەچنە قەزای ئامێدی. بەتایبەتی شوێنە گەشتیارییەکانی وەک سولاڤ و سەرسنگ".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بە کەمی خزمەتگوزاری گەشتیارای لە شوێنە گەشتیارییەکان کرد و گوتی: "بەشێکی زۆر لەو گەشتیارانەی کە رۆژی هەینی 5-8-2016 سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کرد چ عەرەب یان لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان هاتبوون چەند تێبینییەکیان هەبوو بەتایبەت لەسەر رێگای گەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەکان".
سلێمان ئالیخان گوتی: "لە ناوچەی گەشتیاری سولاڤ گەشتیار ناچارە لە شوێنێکی دوور ئۆتۆمبێلەکەی رابگرێت و ماوەیەکی زۆر ببڕێ تاوەکو دەگاتە ئەو شوێنە، هەروەها شوێنێک بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلەکانیش نییە و ئەوەش دەبێتە کێشە بۆ گەشتیاران".
پەیامنێری رووداو باسی چەند گلەییەکی دیکەی گەشتیاران کرد و گوتی: "گەشتیاران هەروەها گلەییان هەبوو لە گرانی نرخی کەل و پەل لەو شوێنانە، پاک و خاوێنی شوێنە گەشتیارییەکانیش یەکێکی دیکە بوو لەو خاڵانەی کە گلەیی لەسەر بوو لەبەر ئەوەی نەبوونی شوێنێک بۆ فڕێدانی پاشماوەکان و پاشماوەی بەجێماوی گەشتیاران لە شوێنە گەشتیارییەکان، دیمەنێکی ناشیرینی دروستکردووە".



