رووداو - هەولێر
مانگی سووری کوردی لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کەمپەینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند، کە ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
کەمپەینەکەی لە رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، رۆژانە لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە بۆ 18:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئەحمەد شێخمووس، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لەبارەی کەمپەینەوەکەوە دەڵێ "ئەمە بۆ هاوکاریکردنی برایانمانە، کە لەئەنجامی بوومەلەرزە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە. کەمپەینەکە لە هەموو ئەو شار و شارۆچکانەی مانگی سووری کوردییان لێیە، بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت".
سەید رەئووف، هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستانە و یەکێکە لەوانەی هاوکاریی گەیاندووەتە کەمپەینەکە، ئەو کارەکەی وەکو ئەرکێکی مرۆڤایەتی دەبینیێت و دەڵێ "هاتووم یارمەتی بگەیەنمە خەڵکی زیانلێکەوتووی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمە ئەرکێکی مرۆییە و دەبێت هەموو کەسێک چی لەدەست دێت یارمەتی پێشکەش بکات".
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

.jpeg&w=3840&q=75)
