رووداو- هەولێر
ئەلکسەندەر لاڤرەنتیف نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا دەڵێت، وڵاتانی گرەنتیکاری راگرتنی شەڕ لە سووریا، هەماهەنگی و گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە دیاریکردنی ئەو لایەنانەی بەشداری کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سۆچی دەکەن بە کوردیشەوە.
نوێنەرەکەی پووتین لە سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی دیاریکردنی بەشداربووەکان لە کوردانی سووریا لە کۆنگرەکەدا، نابێتە بەربەست لەبەردەم هەماهەنگی و دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی کۆنگرەی سۆچی و گوتی، هەموو هەوڵێکمانداوە کوردانی سووریا بەشداری لە کۆنگرەی سۆچی بکەن.
رۆژی پێنجشەممە 21-12-2017 لە شاری ئاستانای پایتەختی كازاخستان گەڕێكی دیكەی دانوستاندنەكانی نێوان نوێنەران و بەرهەڵستكارانی سووری بە سەرپەرشتی رووسیا، ئێران و توركیا دەستیپێکرد، بڕیاریشە لە 29ـی کانوونی دووەمی 2018 دانوستاندنەکانی سۆچی دەستپێبکەن.

.jpeg&w=3840&q=75)
