رووداو - هەولێر
دوای دووبارەبوونەوەی هێرش و پەلامارەکانی چەکدارانی داعش، کە لە باخەکانی گوندی مخیسە لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای بەعقوبە بوون، هێزە سەربازییە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ پاککردنەوە ئەو باخانە دەستیپێکرد و توانرا ژمارەیەک بۆمبی چێنراو و تەقەمەنی پوچەڵ بکەنەوە، کە چەکدارانی داعش بەمەبەستی ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم هێزە عێراقییەکان دایانابوو.
موقەدەم دورەید سوهەیل حەسەن، جێگری فەرماندەی فەوجی یەکی پیادە گوتی: "هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی بەرپرسیارییەتی فەوجی یەک لیوای 20ـی پیادە دەستیان بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کردووە لە گوندی حەوز، مخیسە، کوبە و چەلەبی، رۆڵی گەورەمان لە باخەکانی دەوروبەیدا هەبووە، ئەو گوندانە گرووپە تیرۆریستییەکانی لێبوو".
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان بە قەناس پێکرا و کوژرا، بەهۆی بۆردوومانکردنی مخیسە و گوندەکانی حەوز، هاووڵاتیان و چەکدارانی حەشدی هۆزەکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەستیانکرد بە پاککردنەوەی باخەکان و لەنێوبردنی مەترسی ئەو رێکخراوە.
ئەحمەد خەلیل، سەرباز دەڵێت: "زانیاریمان لەبارەی شانە نووستووەکانی نێو باخەکان هەبوو،بۆیە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیمان ئەنجامدا، بۆمبی چێنراوی تێدا دۆزرایەوە و تەقێنرانەوە و هەندێکی دیکەش هەڵگیرانەوە، بەهۆی قەناس بەدەستەوە یەکێکمان شەهید بوو، ئەمانە نیشانەشکێن و گولـلەهاوەنیش لە هێرشەکانیان بەکاردەهێنن".
بەشداریکردنی خەڵک لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەوانیش شانبەشانی هێزە ئەمنییەکان لەپێناو کۆتایی و دەربازبوون لە پاشماوەکانی رێکخراوی داعش لە هەوڵدان.
ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاککردنەوەی باخچە و خانووە چۆڵەکان، ئامانجییەتی ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە و شانەکانی داعشیش لەنێو ببات.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن



