رۆژی 2/9/2018 وەك نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربووم لە ئەنجامدانی هەڤپەیڤینێكی هاوبەشی چەند تەلەڤزیۆنێكی نێودار لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی لیستی نەسر د.حەیدەر عەبادی . حەوت پرسیارمان ئامادەكردبوون كە ئاراستەی عەبادییان بكەین، پێنجەم پرسیار ئەوەبوو "راستی ئەو راپۆرتانە چییە كە باس لە هەبوونی بنكەی مووشەكی و كارگەی بەرهەمهێنانی مووشەكی ئێرانی دەكەن لە عێراق ؟ ".
كاژێر چواری ئێوارە گەیشتینە كۆشكی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق لە بەغدا . سەرەتا لە ژووری پێشوازی چاوەڕێمانكرد تاوەكو هەموو رۆژنامەڤانانی داوەتكراو گەیشتن و ژمارەیان بە منەوە بووە 10 رۆژنامەڤان . رێكخەری چاوپێكەوتنەكانی عەبادی هاتە لامان و هەریەكە و كاخەزێكی دایە دەستمان و گوتی ، تكایە هەر یەكێكتان تەنیا مافی دووپرسیارتان هەیە ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی بكەن و فەرموون دوو پرسیار لەوانەی ئامادەتانكردوون لەو كاخەزە بنووسن .منیش پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری گشتی رووداوەوە كرد و پێمگوت كە تەنیا مافی دوو پرسیارمان هەیە لەو حەوت پرسیارەی بەردەستم، كامەیان هەڵبژێرم . دیاربوو كاك ئاكۆ لەنێو كۆبوونەوەی پلاندانان بوو ، گوتی ئەوە جەماعەت لێرەن ، پرسیارەكانم دووبارە خوێندنەوە، دیاربوو هەموویان پێیان باشبوو پرسیار سەبارەت هەڵوێستی كورد بكەم : رات چییە تائێستا كورد نەچوونەتە پاڵ هیچ هاوپەیمانییەكی عێراقی بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن؟ .
دووەم پرسیار لەبارەی كەركووكەوەبوو كە: بۆچی نایەوێ گفتوگۆ لەسەر كەركووك لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بكات و ئەوە لایەنە كوردییەكانی تووڕەكردووە؟.
لەوكاتدا بەڕێوەبەری گشتی رووداو بە هاوكارەكانی گوت ، ئەو پرسیارانە گرنگن بۆ بینەری كورد ، بۆیەش با بەڕای ئێوەبێت ، بەڵام ئەوەی سەبارەت بە مووشەكەكانی ئێران دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانی دەبێت . منیش لەوكاتدا هەر لەسەر تەلەفۆن پێمگوت ، پێدەچێت یەكێكی دیكەش لەو رۆژنامەڤانانەی هاتوون ئەو پرسیارەی هەبێت .
بەر لە دەسپێكردنی هەڤپەیڤینەكە بە چەند خولەكێكی كەم، پێیان راگەیاندین كە تەنیا مافی یەك پرسیارتان هەیە ! ، هیچ كات نەما بۆ من و مۆبایلەكانمان لێوەرگیرابوون ، ئیتر بیرم دەكردەوە كام پرسیار بپرسم ، دواتر سێ پرسیارم لە مێشكی خۆمدا كرد بە یەك پرسیار و لەو دەفتەرە نووسیمەوە كە لەبەردەستم بوو :" چۆن لە هەڵوێستی كورد دەڕوانن كە تائێستا نەچووەتە پاڵ هیچ هاوپەیمانییەكی عێراقی بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان؟ و بۆچی گوتووتە من بە هیچ شێوەیەك گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە كوردییەكان ناكەم لەسەر كەركووك و ئەوە لایەنە كوردییەكانی نیگەرانكردووە ، ئایا ئێوە رازین بە دەستبەسەرداگرتنی بارەگای پارتە كوردییەكان لە كەركووك و لادانی بەكۆمەڵی بەڕێوەبەر و سەرۆك بەشەكان لە فەرمانگەكانی كەركووك؟ ".
گوتی "ئێمە هیچ كەس و لایەنێكمان ناچارنەكردووە كەركووك بەجێبهێڵێت" . لەوكاتدا یەكسەر سووتاندن و رووخاندنی خانووەكانی خەڵكی خورماتووم هاتە بەرچاو ، دووبارە مایكەكەم گرتەوە دەست و پرسیارمكرد ئەی ئەوەی لە خوورماتوو روویدا چیبوو ؟ ، ئەوكات سەرۆكوزیرانی عێراق گوتی "ئەوە تاوانێكی گەورەبوو".
هیچ یەكێك لە پرسیارەكانی دە رۆژنامەڤانەكە ئەوانە نەبوون كە رووداو داینابوون ، لە كۆتاییدا كە هەڤپەیڤینەكە تەواوبوو گوتی " سەیرە كەس سەبارەت ئەو راپۆرتانە لێی نەپرسیم كە باس لە هەبوونی بنكەی مووشەكی و كارگەی بەرهەمهێنانی مووشەكی ئێرانی دەكەن لە عێراق". لەوكاتدا من یەكسەر پێمگۆت بۆچی ئەوە راستە ؟
د.حەیدەر عەبادی گوتی "بەهیچ شێوەیەك ئەو راپۆرتانە راست نین و دوورن لە راستییەوە كێ دڵنیایە بابێت بڵێ لە فڵان شوێن ئەو كارگە و بنكانە هەن . دوای ئەوە كارگەیمووشەكی ئێرانی بۆچی لە عێراق هەبن ؟".

.jpg&w=3840&q=75)
