رووداو - کەرکووک
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی چارەسەری کێشەی زەوی و زاری کەرکووک لە شاری بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهاتەکانی کەرکووک بەڕێوەچوو.
هەریەک لە جەمال شکور، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق و کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی ماددەی 140 لە کۆبوونەوەکەدا وەک نوێنەری کورد بەشداربوون.
جەمال شکور بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی "هەر شار و شارۆچکەیەک کە تەنیا نەتەوەیەکی تێدا دەژی ئەوا گرێبەستی جووتیارە هاوردەکان هەڵبوەشێتەوە و بەو جۆرەش کێشەکە کۆتاییدێت، وەک ناوچەکانی شوان، قەرەهەنجیر و پردێ".
جەمال شکور گوتیشی "ئەو سنوورانەی دانیشتووانەکەی فرەپێکهاتەن وەکو لەیلان، داقووق، دوبز و بەشیر گرێبەستی جووتیارە هاوردەکان دوو رێگەیان هەیە، کە بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور ئەنجامدراوە. رێگەی یەکەم، ئەو گرێبەستانەی بەپێی بڕیاری کارگێڕی کراون، واتە ئەمنی و حیزبین دەبێت ھەڵبوەشێنەوە. رێگەی دووەم، ئەو بڕیارانەی لیژنەی کاروباری باکوور پشتبەستوو بە بڕیارەکانی (مەجلیس قیادە ئەلسەورە) داویەتی، پێویستیان بە بڕیاری پەرلەمان ھەیە واتە، یاسا بە یاسا هەڵدەوەشێتەوە".
جەمال شکور گوتیشی "گرێبەستەکانی یاسای ژمارە 117ی ساڵی 1970 وەک خۆی کاریان پێدەکرێت، کە بەپێی یاسای چاکسازی کشتوکاڵی کراون. بەڵام ئەو گرێبەستانەی بە یاسای ژمارە 117ی ساڵی 1975 بەرەوژوور ئەنجامدراون، ئەوە دەچنە خانەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە جێناکۆکەکان و دەبێت ھەڵبوەشێنەوە، ئەوەش بەپێی بڕیاری مادەی 140ی دەستووری عێراقی".



