مەلاى گەورە هەروەک لە بیرەوەرییەکانیدا دەردەکەوێت، لە سەرەتاى تەمەنى لاوێتیدا حەزى کردووە ببێتە شاعیر و وەک شاعیرە مەزنەکانى جیهان شیعر دابنێت، بەڵام چەند هۆکارێک بوونەتە ڕێگر لەوەی پەرە بەم حەز و خولیایەى بدات. لە گرینگترینیان خۆخەریککردن بووە بە کاروبارى مەلایەتى و مزگەوت و وانە گوتنەوە، بە جۆرێک ڕۆژى وا هەبووە (16) وانەى گوتووەتەوە (1).
بەشێکى ترى کاتى خۆی تەرخان کردووە بۆ نووسین. خاوەنى نزیکەى (20) کتێب و نامیلکەیە، گرینگترینیان تەفسیرەکەیەتى کە پێکهاتووە لە (10) بەرگى قەبارە گەورە و 10 ساڵى کۆتایى تەمەنى خۆى بۆ نووسینى ئەم تەفسیرە (1933-1943ز) تەرخان کردووە.
نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە مەلاى گەورە ماوەیەکى باش تێکەڵى سیاسەت بووە لە نێوان ساڵانى (1912 بۆ 1928) و چەند پلە و پۆستى لە حکوومەتى ئەوکاتى عێراقى و ئینگلیزەکان لەبەر لێهاتوویى پێ سپێردراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خاوەنى کۆمەڵێک شیعرە کە هیچى کەمتر نییە لە شیعرى شاعیرە گەورەکانى کورد و زۆرترینیان بۆ خۆشەویستى کورد و کوردستان دایناون.
هەتا دەمرم لە بۆ کوردان دەناڵم
عیلاجیان چۆن بکەم هاوار بە ماڵم
ئەوەى من مەبەستمە لێرەدا قسەى لەسەر بکەم، تەفسیرەکەى مەلاى گەورەیە کە کۆمەڵێک باسى ئەدەبى لەم تەفسیرە ورووژێندراون، هەوڵ دەدەین وەک خۆى بە کورتى ئاماژەى بۆ بکەین.
هەرکەسێک تەفسیرى مەلاى گەورەى خوێندبێتەوە بۆى دەردەکەوێت کە سەراپا ئەم تەفسیرە بە شێوەیەکى ئەدەبى داڕێژراوە، بۆیە کاتێک خوێنەر دەستدەکات بە خوێندنەوەى، سەرەڕاى سوودبینین و وەرگرتنى زانیارى باش، هاوکات چێژیشی لێ وەردەگرێ، چونکە بە شێوازێک نووسراوە خوێنەر وەڕەس ناکات.
کاتێکیش سەیرى ژیانى مەلاى گەورە دەکەین، دەبینین ژینگەى دەوروبەرى بە گشتى ژینگەیەکى ئەدەبى بووە، هەر لە پەروەردەبوونى لەلاى باوکى (حاجى مەلا عەبدوڵڵا) کە جگە لەوەى زانایەکى مەزن بووە، هاوکات زۆر شیعریشى هۆنیوەتەوە، وەک مەلاى گەورە پێمان دەڵێت ئەگەر (ئەشعارى کۆکرابایەوە ئێستا دیوانى ئەبوو).
- لە ئەیامى منداڵیم بابم بەعزە شعرى کوردى بۆ دادەنام، ئەز جوملە ئەیفەرموو:
ئەوى ماڵى نەبآ قوربان هەنووکە
لەوى ماقووڵترە خواجە حەنووکە(2)
- مەلاى گەورە پێیوایە ئێمە بآ شاعیر و مەلاى چاکین، لەوبارەوە دەڵێت: کورد بآ شاعیر و مەلاى چاکن، داکآ نییە بە لای لایى مێشکى منداڵى لەناو لانکى پوختە بکا؛ و شاعیرى میللى غەیرى (حاجى قادر)یان نەبوو.(3)
- هەروەها مەلاى گەورە لە باسى هەندێک بابەتى ئەدەبى و شاعیراندا دەڵێت: گوآ بدە (شێخ ڕەزا)، کوڕى (شێخ عەبدولڕەحمان) و براى (شێخ عەلى تاڵەبانى) چ بە خۆى دەکا لەگەڵ هەتیوە (بلغارى)، تا ئەچێتە لاى (ئەحمەد پاشاى بابان) شتەکى بداتآ. (حق الانێاف) (ئەحواڵ) و (ئەتوار) و (مسلک) و (غایەت) و دەعوەتى (محەممەدى) نسبەتى لەگەڵ کەس نییە، لە سەرامەدانى (ێلاح)، (فکیف) لەگەڵ (کاهن) و (شاعر) و کلى نانى؟ کورد تا گەیشتە دەورى (نالى) بە کوردى شعریان نەبوو، لە (وتیرە)ى شعرى عەرەبى و فارسى بەندى شاییان هەبوو (خزمینە گوێو لە من بى، بۆو دەکەم مەدحى یارێ)، بە لاوک یا غەیرى تەرزى لاوک بەعزە وەقائیعیان ڕێک ئەخست، چ (حەرب) وەکى (دمدم)ە یا (عشق) وەکى (مەم و زین) و (برایمى مەلا زیندینان) و (قەل و کۆڵە زەرد) و (ناێر و ماڵ ماڵ). ئى بەڕاستى (موسیقى) و (غرامى) بآ، حەیرانى ئێمەیە. واقیعەن بە شیعرى (تاغور) و (سائر)ى (ئەوروپا)ییان ئەچآ، بەندەکى کورتە، ئێکى درێژە، ئێکى ترى وەسەتە، بەندى (ئەحمەدى کۆر) مەیلى تەێوف ئەکا، (شاعیر)ى (میللى)مان غەیرى (حاجى قادر) نییە، منیش بەعزە ئەشعارم دانا، لە سۆزى دڵم، بۆ کوردان و ئیتاعەیان، بۆ موتەشەیخان، (مع الاسف) بۆ من زەرەر بوو، ئەوانیش (نەفع)یان لێ نەدیت!
(من یەقەى خۆم لە بۆیە دادەدڕم
ئێوە نابن بە هیچ و من دەمرم)
حەقیقەتەن کورد نابن بە هیچ، (رووح)یان نەماوە، وەکى (ڕشباح)ى (سینەما) دێن و دەچن. من لە (ئەوائیل)ى عومرم حەزم لە شاعرى بوو، (ئەمما) شتآ بوو بە (مانع)، ئارەزووم ئەکرد، لە ئیبتیداى کار شیعرى (دەقیق) و پڕ (مەعنا) و ئابدار، وەکى (کەلیم) و (ێائب) و (کەمال)ى (هیندى) دانێم، ئەمەش (مومکین) نەبوو، مەیلەکەم داکەوت، کول بوو (قووەت)ى نەساند (لله الحمد) بابم، (شیعر)ى خۆشى هەبوو، (فارسى) و کوردى، ئەگەر ئەشعارى کۆکراباوە دیوانی ئەبوو، بە منداڵى کە تازە چووبوومە قوتابخانە، بە شێوەى کوردى خۆى پەندى پآ ئەدام (شعر)ى بۆ دادەنام، (تەشویق)ى ئەکردم لەسەر خوندن:
عەزیزم ڕۆژ و شەو بۆخۆت بخوێنە
لە نێو گێژاوى جەهلدا مەمێنە
لە دنیادا عەمەل تەحێیلى عیلمە،
ئەوى عیلمى هەبآ دائیم بە حیلمە
مەلا زادەى نەخوێندى میسلى ێەگ سار
دەبآ هەر هەڵپەڕآ یا وەک ێەگى هار
قلو قاچى موسڵمانان دەرێنآ
لە سفرەى زاڵمان نانآ بڕفێنآ
مەکەن مەیلى جگ و هێلکە شکانە
مەبە مەشغولى گوزینە و رگانە
شوعەرای ئەوروپایى ئەمڕۆ، ڕوو لە (حیکمەت) و (هیدایەت)ى (ئوممەت) ئەدەن، (تەشویق)یان بۆ (مەێالح)ى (دەوڵەت)ى ئەکەن. ئەى (حیکمەت) و (عیلم) و (عیرفان) (نەزم) کا، (رووح)ى حەماسەت و شەجاعەت و مەجد و کەرەمکارى بهاوێتە دەماغى قەوم، حەقیقەتەن شایەنى (تەبجیل)ە لاى خواش بە حورمەتە.
ئیمامى شافعى لە (مەشاهیرى شوعەرا)یە، حەتتا بەعزآ لە حەقى ئەڵێن: (کان شاعراً غلب علیە الفقە) ئى ئەێمەعى (بیل عەکس)ە: (کان فقیهاً غلب علیە الشعر). من ئەوەم لە حەق بابم و (شێخ) ئەوت، بابم (شاعیر) بوو، مەلایەتى غەلەبەى کرد، شێخ ڕەزا مەلا بوو شاعیرى غەلەبەى کرد. شێخ ڕەزا توڕە ئەبوو بەعزآ جار ئەیوت: "بۆ پێم ناڵێن: مەلا؟".
بۆ ئوممەت پێگەیاندن، (ئەوەلەن) داک، بە لاى لایە، ئەتوانێ منداڵ پوختە بکا، (دووەم) شاعیر، (سێیەم) مامۆستایە تێگەیشتى، (مع الاسف) هیچ و برسى، (یۆک)(4).
- پاش ئاتەش بارانى کۆیە، چەند (ئەبیات)آ کوردیم دانا ئەز (جوملە):
خۆزى (ئیمام)ى (ڕازى) ئەمڕۆکە زیندى بایە
تا لە (ێنع)ى (بەشەرى) (تەیارە)ى بدیبایە
ئەوجا (ئیمان)ى ئێنا بە (قودرەت)ى (بەشەرى)
(قەت) (ئینکار)ى نەدەکرد بە (تەقلید)ى (ئەشعەرى)(5)
......................................................................
جگە لە پەراوێزەکان: سوود لە هەردوو کتێبى (دین و جیهانبینى مەلاى گەورە و ژیان و ئەزموونى مەلاى گەورە) وەرگیراوە.
پەراوێزەکان:
(1) مەلاى گەورە زاناو ئەدیب و شاعیر، عەبدولخالق عەلائەدین، ل: 76
(2) تەفسیرى مەلاى گەورە، بەرگى 10، ل: 501
(3) هەمان سەرچاوە، بەرگی 9، ل: 211
(4) هەمان سەرچاوە، بەرگی 7، ل: 59 و بەرگی 3، ل: 285
(5) هەمان سەرچاوە، بەرگی 8، ل: 215
Hawkar_ash@yahoo.com



