رووداو - قەڵادزێ
تا ئەو رۆژەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، منداڵەكانی زۆر بە جوانی خزمەتیان دەكرد، هەر داواكارییەكی هەبووبێ بۆیان جێبەجێ كردووە، بۆیە ئێستاش باوەڕ بە خۆسووتاندنی ناكەن. مریەم دوای خۆسووتاندنەكەی دەستبەجێ مرد، بەبێ ئەوەی هیچ شتێك لەبارەی خۆسووتاندنەكەی بڵێ، بەڵام كەسوكارەكەی دەڵێن نەخۆشیی دەروونی هەبووە، پێدەچێ هەر لەبەر ئەوەش خۆی سووتاندبێ.
پێش نیوەڕۆی رۆژی 26/5/2019 ئافرەتێكی تەمەن 85 ساڵ بەناوی مریەم خدر كامەلا، دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی لە قەڵادزێ، لە نێو گەرماوی ماڵەكەیاندا نەوتی بەخۆیدا كرد و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەشی دەستبەجێ مرد.
ئەحمەد هەمزە، كوڕی مریەم باسی ژیانی دایكی دەكات و دەڵێت: "باوكمان 25 ساڵ لەمەوبەر مرد، بەڵام دایكم ئافرەتێكی هێندە ئازا و لێهاتووبوو، نەیهێشت هەست بەبێ باوكی بكەین و شوێنی باوكیشی بۆ گرتینەوە، پێنج منداڵی بێ باوكی گەورە و پەروەردە كرد".
وەك ئەحمەد ئاماژەی بۆ كرد، تاوەكو ساڵێك لەمەوبەریش هەموو پرس و رایەكیان بە دایكیان بووە، پێش ئەوەی تووشی نەخۆشیی دەروونی ببێ.
ئەحمەد دەڵێ: "دایكم ساڵێك دەبوو تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبوو، بە گوێرەی نیشانەكانی نەخۆشییەكەش تووشی ئەلزهایمەر بووبوو، زۆر زوو شتی لەبیر دەچووەوە، هەندێكجار كە دەچووە دەرەوە لە جیاتی ئەوەی بێتەوە ماڵەكەی خۆی، دەچوو لە دەرگای ماڵە دراوسێكانی دەدا، بەڵام سەرباری نەخۆشییەكەی، كێشەی بۆ كەس نەبوو".
ئەحمەد دەڵێت كاتێك زانیویانە دایكیان نەخۆشە، لە جاران زیاتر خزمەتیان كردووە و قەت دڵیان نەشكاندووە، هەر داواكارییەكی هەبووبێ بۆیان جێبەجێ كردووە.
مریەم لەگەڵ كچێكی دەژیا، بەڵام ئەحمەد دەڵێت ئەو خزمەتی كردوون و هەرچییەكیان ویستبێ بۆی دابین كردوون. تەنانەت بەمدواییە بەر لەوەی لەگەڵ هاوژینەكەی بچنە دەرەوە بۆ خوێندن، هەموو پێداویستییەكی بۆ كڕیون، ئینجا رۆیشتووە.
كاتێك هاتە سەر گێڕانەوەی ئەو رۆژەی كە خۆی سووتاند، ئەحمەد چاوی پڕ لە فرمێسك بوون و بۆ ماوەیەك قسەی بۆ نەكرا. پاشان گوتی: "نەمزانی بەسەر تەرمی دایكمدا دێمەوە. دایكم لەگەڵ خوشكەكەم دەژیا، ئەو رۆژە نەوتی بردووە بۆ حەمام و خۆی سووتاندووە، هەر لەوێ مردبوو، كەس فریای نەكەوتبوو لەو كاتەدا رزگاری بكات".
ئەحمەد داوای لەسەر كەس نەبوو، چونكە دەڵێت دایكی بۆ خۆی ئاگری لە خۆی بەرداوە، هۆكاری خۆسووتاندنەكەشی تەنیا نەخۆشییەكەی بووە.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین سەبارەت بە خۆسووتاندنی ئەو ئافرەتە بە (رووداو)ی گوت: "رۆژی 26/5/2019 لە گەڕەكی ئاشتی لە قەڵادزێ، ئافرەتێكی تەمەن 85 ساڵ لە گەرماوی ماڵەكەیاندا بە نەوت خۆی سووتاند و دەستبەجێ گیانی دەرچوو، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەدا دەركەوت نەخۆشیی دەروونی هەبووە، هەر لەبەر ئەوەش كەس سكاڵای لەسەر رووداوەكە نەبوو، بەڵام پۆلیس لە لێكۆڵینەوە بەردەوامە و هەوڵ دەدەین زانیاری زیاتر لەسەر رووداوەكە كۆبكەینەوە".
عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی كارگێڕی لە نەخۆشخانەی شەهیدانی نوێی قەڵادزەش گوتی: "رێژەی سووتانی ئافرەتەكە 97% بوو، تەنیا ژێر پێیەكانی نەسوتابوون. پێنج سەعات دوای مردنەكەی گەیەندرابووە نەخۆشخانە، چونكە كە لە ماڵەوە خۆی سووتاندبوو تا درەنگ كەس بە رووداوەكەی نەزانیبوو، دوای ئەوەی پشكنین و توێكاری بۆ كرا، تەرمەكەی رادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە".



