رووداو - تەندروستی
د. ماکس پیتەرسن، پسپۆڕی کوێرەڕژێنەکان و زیندەچالاکی لە زانکۆی واشنتن رایگەیاند، لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیدا دەرکەوتووە کە رێجیمی کیتۆ لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگدا چەوریی جگەر بە رێژەی 67% کەمدەکاتەوە و یارمەتیی بەشداربووان دەدات لە قۆناخی پێش-شەکرە رزگارببن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لەسەر 55 کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە، رێجیمی کیتۆ کاریگەرییەکی زۆر زیاتری لەسەر دابەزاندنی چەوریی جگەر و باشترکردنی هەستیاریی ئەنسۆلین هەبووە بە بەراورد بە رێجیمی کەم-چەوری، بێ ئەوەی ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەوریی خوێن یان کۆلیسترۆڵ.
د. ماکس پیتەرسن روونیکردەوە، ئەگەر کەسێک چەوریی جگەری زۆر بێت و لە قۆناخی پێش-شەکرەدا بێت، کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات دەتوانێت سوودێکی چارەسەریی گەورە بۆ زیندەچالاکیی جەستە هەبێت.
بۆ پاراستنی تەندروستیی جگەر، پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن:
- دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی تەندروست و بەردەوام یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمکردنەوەی چەوریی جگەر و باشترکردنی هەستیاریی ئەنسۆلین.
- پێش دەستکردن بە رێجیمێکی توندی وەک کیتۆ، راوێژ بە پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک بکرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەن یان دەرمانی دیاریکراویان هەیە.
- سیستمێکی خۆراکی هەڵبژێردرێت کە لەگەڵ دۆخی تەندروستی و توانای بەردەوامبوونی درێژخایەنی کەسەکەدا بگونجێت.



