رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر رایگەیاند کە بەفەرمی لەبارەی ئەو رووداوە تراژیدیانەی لە یاریی کلاسیکۆی کوردستان، لە یاریگای دهۆک روویاندا، سکاڵای تۆمارکردووە و دووپاتی دەکاتەوە "جەماوەری دڵسۆزی یانەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەکمانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسێیە دەکەین و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی یانە و یاریزانان و هاندەرە بەئەمەکەکانمان نابین".
رۆژی هەینی لە گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یاریی کلاسیکۆی کوردستان لەنێوان دهۆک و هەولێر لە دهۆک بەڕێوەچوو، و بەئەنجامی 1-1 یەکسانبوون کۆتاییهات، بەڵام دوای یارییەکە شەڕ و ئاژاوە روویدا و چەندین کەس بریندار بوون.
یانەی هەولێر دوای یارییەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا سەبارەت بە رووداوەکانی یاریی کلاسیکۆی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە سکاڵا تۆمار دەکات، چونکە دوای یارییەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و هاندەرانی یانەی دهۆکەوە هێرشێکی ناڕەوا، دڕندانە و ترسنۆکانەی بەرنامە بۆ داڕێژراو کراوەتە سەر هاندەران، یاریزانان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەیان، لێیاندراوە و چەندین کەس بریندارکراون.
ئەمڕۆ یانەی هەولێر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند کە سکاڵایان تۆمارکردووە و تێیدا دەڵێت "بۆ هاندەرانی خۆشەویست و دڵسۆزانی یانەکەمان، ئاگادارتان دەکەینەوە کە سەبارەت بەو رووداوە تراژیدیانەی لە یاریی یانەکەمان بەرامبەر یانەی دهۆک لە یاریگای دهۆک روویان دا، دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان بەشێوەیەکی فەرمی سکاڵایەکی یاسایی پێشکەش بە لێژنەی رێکاری و رەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد".
هەروەها لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە "لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەی یانەکەماندا، وردەکاریی تەواوی هەموو ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییە پلان بۆ داڕێژراوانەی کرانە سەر هاندەران، یاریزانان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان خراونەتە روو، هەروەها سەرجەم بەڵگە ڤیدیۆیی و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکانیش پێشکەش بە لێژنەکە کراون".
لە کۆتاییشدا، یانەی هەولێر دەڵێت "جەماوەری دڵسۆزی یانەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەکمانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەین و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی یانە و یاریزانان و هاندەرە بەئەمەکەکانمان نابین تاکو وەرگرتنەوەی تەواوی مافەکانمان بەپێی یاسا و رێنماییە وەرزشییەکان".



