رووداو دیجیتاڵ
قسەکانی دۆلۆریس ئاڤێری دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جارێکی دیکە تیشکی خستەوە سەر کاری دایکی ئەستێرە دیارەکانی دونیای تۆپی پێ. پاشئەوەی هێرشی تووندی کردە سەر پۆرتوگالییەکان، بەهۆی رێزنەگرتن لە کوڕەکەی و دڵخۆشیی خۆی بەوە دەربڕی، پۆرتوگال بەبێ کریستیانۆ بەرامبەر دانیمارک دۆڕا.
دۆلۆریس، رەخنەی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال گرت، پاشئەوەی تۆمەتباری کردن بەوەی رێزیان لە کریستیانۆ نەگرتووە و بەپێی پێویست پێزانینیان بۆی دەرنەبڕیوە.
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا، باسی لە دیارترین دایکی ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێ کردووە، ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری ئەوان، لە کاروانی کوڕەکانیان کردووە، لە رێگای بەڕێوەبردنی گرێبەستەکانیان، دانوستاندن و چوونە سەر هێڵ بۆ بەرگریکردن لێیان، هەروەها بایەخپێدانیان لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگا.
دایکێک دەست لەهیچ هەڵناگرێت
ڤیرۆنیک رابیۆ، دایکی ئەدریان رابیۆی ناوەڕاستکاری فەرەنسییە و بەڕێوەبەری کارەکانییەتی، ئەو بەکەسایەتی تووندی لە دانوستاندندا ناسراوە، بەدرێژایی کاروانی یارییکردنی کوڕەکەی، لەگەڵ چەندین یانەی جیاوازدا، ناکۆکی قووڵی هەبووە.
دەستتێوەردانی ڤیرۆنیک لە کاروبارەکانی کوڕەکەی، بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، کاتێک رابیۆی لە ئەکادیمیای یانەی مانچێستەر سیتی دەرهێنا، دوای تەنیا لە شەش مانگ، لەمانەوەی کوڕەکەی لەو ئەکادیمیایە.
ئەو پێیوابوو، سیتی بەرژەوەندییەکانی کوڕەکەی لەبەرچاو ناگرێت، هەر بۆیە لە یانەکە بردییە دەرەوە و دواتریش لەگەڵ پاریس سانجێرمان، کەوتە ناکۆکی قووڵەوە.
هەندێک سەرچاوە گوتوویانە، شکستی چوونیی رابیۆ لە رۆماوە بو مانچێستەر یونایتد، هەر بەهۆی دایکییەوە بووە، پاشئەوەی لە دوای یۆرۆی 2020 دەستیخستە ناو دەستەوارەکەوە، پاشئەوەی لەگەڵ دایک و باوکی کیلیان ئێمباپێ و کەسە نزیکەکانی پۆل پۆگبا، کەوتە مشتومڕ و دەمەقاڵەی تووندەوە، بەهۆی دەرکردنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
فایزە عەماری، خاوەنی دوایین قسە
فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ، رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی کوڕەکەیدا هەیە. ئەو سەرپەرشتی کارە بازرگانییەکان و مافی وێنەی کوڕەکەی دەکات، هەروەها رۆڵی سەرەکی هەبوو لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کوڕەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2022.
فایزە هەروەها خاوەنی قسەی کۆتایی بوو، لە چوونی کوڕەکەی بۆ ریال مەدرید لە ساڵی 2024، کە تێیدا توانی پاداشتێکی گەورەی واژۆکردنی گرێبەست وەربگرێت، لەگەڵ سەپاندنی چەندین مەرجی جیاواز، لەبارەی مافی بەکارهێنانی وێنەی کوڕەکەی لە دەرەوەی یانەکە.
فایزە هەروەها رۆڵی گەورەی هەبوو لە ململانێی نێوان ئێمباپێ و یانەی پاریس سانجێرمان، بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی کوڕەکەی کە لە کۆتاییدا، بەپێی بڕیارێکی دادگا، یانەکە ناچارکرا بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ بداتە یاریزانەکە.
شیلا ئیبانا، ناوبانگ و پارە بەرامبەر وێنە
شیلا ئیبانا، دایکی لامین یامال، تەنیا پشتگیری کوڕەکەی ناکات، بەڵکو سوودی زۆری لە ناوبانگی کوڕەکەی وەرگرتووە و بووەتە کەسێکی ناسراوی سۆشیال میدیا. ئەو خاوەنی ملیۆنان فۆڵۆوەرسە لە ئینستاگرام و تیک تۆک.
شیلا دەستیکردووە بە بەشداریکردن لە هەندێک بۆنەدا، بەرامبەر بەوەرگرتنی پارە. ئەو ساڵی 2025 لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتیدا کە نانخواردن و ئامادەبوون و هەندێک نمایشی خۆشبژێوی تێدابوو، بەرامبەر هەزاران پاوەند، رێگای بەبەشداربوواندا، لەگەڵیدا دەربکەون.
دایکی لامین بەهۆی ئەو چالاکییەوە رەخنەی لێگیرا، بەڵام ئەو لە وەڵامدا گوتی، "نەک هەر من پێموایە بەناوبانگم، بەڵکو بەڕاستی من بەناوبانگم".
دایکی جود هێشتا جێخەوی کوڕەکەی چاکدەکاتەوە
دینیس بێلینگهام، دایکی جود بێلینگهامی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، بەرپرسە لە چەندین کاروباری کەسی و دارایی کوڕەکەی، پاشئەوەی یاوەریی کوڕەکەی کرد لە گواستنەوەی بۆ بۆرووسیا دۆرتمۆند لە تەمەنی 17 ساڵیدا، بەرلەوەی دواتر رووبکاتە ئیسپانیا.
بێلینگهام لە مۆندیالی 2022دا ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا، دایکی جێخەوەکەی بۆ رێکدەخاتەوە، پێشتریش هەر خۆی دەیگەیاندە مەشقەکان و بەرپرسە لە رێکخستنی چەندین وردەکاری ژیانی ئەو.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە، دایکی بە "شاژنەکەم" ناوبردووە، هەروەها دەڵێ، "ئەو کۆڵەکەی پشتی منە". هاوکات باسی لە خاکەڕایی و ئارامیی ئەو کردووە، لە مامەڵەکردن لە گوشارەکانی دونیای تۆپی پێ.
لە دایکایەتییەوە بۆ بەڕێوەبەری کار
مارسیا لویس، دایکی مایڵز لویس سکیلی، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ، بڕیاریدا لە تۆپی پێدا بخوێنیت، پاشئەوەی کوڕەکەی لە ئەکادیمیای یانەکە وەرگیرا لە تەمەنی 8 ساڵیدا، ئەوەش لەپێناو هاوکاریکردنی کوڕەکەی لە گەشەپێدانی کاروانەکەی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.
مارسیا دواتر مۆڵەتی کارکردن وەک بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی وەرگرت، هەروەها بووە نوێنەری کاروبارەکانی کوڕەکەی و بەشداریکرد لە دانوستاندنی گرێبەستەکانی. دواتریش روویکردە خوێندنی ماجستێر لە بەڕێوەبەری کاروباری تۆپی پێدا.
مارسیا ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی یاریزانە لاوەکان دروستکردووە، لەبارەی شێوەی مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەری کار و بەهرەدۆزەرەوەکانی تۆپی پێ، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن، لەگەڵ گوشارەکانی یارییەکە.



