کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق

بیروڕا

کاتێک بەغدا نیوەی دەستوور جێبەجێ دەکات، کوردستان باجەکەی دەدات

0:00
0:00
قەبارەی دەق
خالید ساڵح
خالید ساڵح

27-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان
بیروڕا26-11-2026

هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد
پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟
بیروڕا26-11-2026

پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟

شێرکۆ میروەیس
شێرکۆ میروەیس
دەستوور و بڕیارە نوێیەکەی زەیدی: چارەنووسی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ماددەی 140
بیروڕا25-11-2026

دەستوور و بڕیارە نوێیەکەی زەیدی: چارەنووسی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ماددەی 140

مەحموود بابان
مەحموود بابان

دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی پرسیارێک دەورووژێنێت کە زیاتر لە سنوور، نەوت و گومرگ دەگرێتەوە: کێ ئەو دەستوورە تەواو دەکات کە دادگا داوا لە هەمووانی دیکە دەکات پابەندی بن؟


رۆژی دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، دادوەرێک لە مۆنتریال لە کەنەدا یاسایەکی راگرت کە رێگەی بە یاسادانەرە هەڵبژێردراوەکانی هەرێمی کیوبیک دەدا دەستبەرداری سوێندی دەستوورییان بن بۆ پاشا. رۆژی چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەم، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق راڤەکردنێکی بۆ دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان دەرکرد.


بیر لەو بنەمایە بکەنەوە کە لە دۆسیەی یەکەم دا خراوەتەڕوو و بەسەر ئەو دامەزراوەیەدا جێبەجێی بکەن کە بڕیار لەسەر دووەمیان دەدات.

لە بڕگەی 91ی بڕیارەکەیدا، دادوەر ئیان دیمێرس لە دادگای باڵای کیوبیک نووسیویەتی: "دەستوور لیستی خواردن نییە تاوەکو ئەوانەی پابەندن پێیەوە ئەوەی لێ هەڵبژێرن کە لەگەڵ خۆیان دا دەگونجێت. بۆچوونە سیاسییەکان لەوانەیە ببنە پاڵنەر بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، بەڵام ناتوانن خۆیان ببنە هەموارکردنەوەکە."


بڕیارەکەی کیوبیک کاتییە و پەیوەندی بە سیستمێکی دەستووریی جیاوازەوەیە و هیچ نموونەیەکی پابەندکەر بۆ عێراق دروست ناکات. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکەی پشتی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ شوێنەکانی دیکەش دەگوێزرێتەوە: ئایا دامەزراوەیەک دەتوانێت پەنا بۆ باڵادەستیی دەستوور ببات، لە کاتێکدا ئەو بڕگانەی کە دەسەڵاتی خۆی رێکدەخەن بە جێبەجێنەکراوی دەهێڵێتەوە؟


لە عێراق دا، ئەو پرسیارە گرنگی و پێشنۆرەییەکی زۆری وەرگرتووە.


کێ دادوەران دادگایی دەکات؟


لە 24ی تشرینی دووەم دا، دوای لێکۆڵینەوەیەک لە قاچاخچێتیی نەوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کۆمەڵێک رێوشوێنی سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردن راگەیاند. رۆژێک دواتر، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای زەیدی، بڕیاری ژمارە 268/فیدراڵی/2026ی دەرکرد، کە تێیدا دابەشکردنی دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەکانی راڤە کرد. دوو ئەندام هاوڕای نەبوون.

عێراق بەرپرسیارێتیی رەوای هەیە بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی، رێگریکردن لە قاچاخچێتی و لێپرسینەوە لە داهاتە گشتییەکان. هیچ شتێک لە بنەمای فیدراڵی دا سامانی گشتی لە وردبینی نابەخشێت، بەڵام ئامانجێکی رەوا، دەستووریبوونی هەموو ئەو ئامرازانە ناسەلمێنێت کە بۆ بەدیهێنانی بەکاردەهێندرێن.


پێش مشتومڕکردن لەسەر راڤەکردنەکەی دادگا، مادەی 92(2)ی ئەو دەستوورە بخوێننەوە کە دادگا راڤەی پێ دەکات.


ئەو بڕگەیە فەرمان بە دامەزراندنی دادگایەکی باڵای فیدراڵی دەکات کە لە دادوەران، شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و یاساناسان پێکدێت. پێکهاتە، هەڵبژاردن و شێوازی کارکردنی ئەو دادگەیەش بە یاسایەک رێکدەخرێ کە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەکرێ.


رێکخستنە کارپێکراوەکەی ئێستا جیاوازە. دادگاکە لە بنەڕەت دا بەپێی یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005 و لە قۆناخی راگوزەردا پێکهێندرا. یاسای ژمارە 25ی ساڵی 2021 ئەو یاسایەی هەموارکردەوە و ئاماژەی بە بوونی سەرۆکێک، جێگرێک و حەوت ئەندامی سەرەکی دا کە لەنێو دادوەرانی سەر کاردا هەڵدەبژێردرێن. هەڵسەنگاندنی دەستووریی ساڵی 2022ی (پەیمانگەی دیموکراسی و هاوکاریی بواری هەڵبژاردنیی نێودەوڵەتی) باس لەوە دەکات کە هەموارەکە بە زۆرینەی سادە تێپەڕێندراوە، نەوەک بەو زۆرینەی دوو لەسەر سێیەی کە لە مادەی 92دا دیاریکراوە.


ئەمانە تۆمەت نین سەبارەت بە کەسایەتی یان لێهاتوویی خودی دادوەرەکان. بەڵکو جیاوازی و ناتەبایین لە نێوان دەقێکی دەستووری و رێکخستنێکی یاسایی دا.


هەروەها ئەم مشتومڕەش لە سەرنجی دادوەری بەدەر نەبووە. لە بڕیاری ژمارە 104/فیدراڵی/2022ی رۆژی 30ی ئایاری 2022دا، دادگا تۆماری کردووە کە تانەیەکی پێشتر دژی یاسای ساڵی 2021، لە بڕیاری ژمارە 21/فیدراڵی/2022 لە 6ی نیسان دا رەتکراوەتەوە. دادگاکە رەتیکردەوە تانەکەی دواتر وەربگرێ، چونکە پێشتر بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەسەر بابەتەکە درابوو. گێڕانەوەیەکی هاوچەرخی دادوەری خانەنشینکراوی عێراقی، سالم رەزوان موسەوی، لە بڕیارەکەی پێشووەوە ئەوە دەگێڕێتەوە کە تێیدا ئەرکی راوێژکاریی شارەزایان لە ئەرکی دادوەریی دادوەران جیاکراوەتەوە.


لەوانەیە ئەو جیاکردنەوەیە بنەمایەک بداتە دەست بۆ راڤەکردنی ئەوەی چۆن پۆلە جیاوازەکان دەبێت بەشداری بکەن، بەڵام بە تەنیا روونی ناکاتەوە بۆچی مەرجی دەستووری بۆ بەشداریکردنیان و دەرکردنی یاساکە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ، دەبێت چی دیکە گرنگیی نەمێنێت.


ماددەی 94 هێزی پابەندکەریی بڕیارەکانی دادگا دەچەسپێنێت. مادەی 130 بەردەوامبوونی یاسا کارپێکراوەکان مسۆگەر دەکات. نابێ هیچ کام لەم دوو مادەیە پشتگوێ بخرێن.


بەڵام بەردەوامبوون هەمان شت نییە لەگەڵ گونجانی تەواوی لەگەڵ دەستوور، هەروەها کۆتاییبوون و یەکلاییکەرەوەبوونی بڕیارێکیش بە مانای ئەستەمبوونی رەخنەگرتن لە پاساو و بەڵگەهێنانەوەکەی نییە.


ئەرکەکە ئەوە نییە کە دادبینیی دەستووری بە راگەیاندنێک هەڵبووەشێندرێتەوە. بەڵکو ئەوەیە کە بنەمای دەستووریی ئەو دامەزراوەیە تەواو بکرێت کە ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە.


ئەو فیدراڵییەی هەرگیز نەبووە خاوەنی ئەنجوومەنی دووەمی خۆی


دادگاکە تاکە دامەزراوەی ناتەواو نییە.


مادەکانی 48 و 65ی دەستووری عێراق، دەسەڵاتێکی یاسادانانی فیدراڵی لەبەرچاو دەگرن کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی پێکدێ، کە نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانە دەکات لە هەرێمێکدا رێکنەخراون. ئەمەی دووەمیان هەرگیز دانەمەزراوە. مادەی 137 دواخستنێکی کاتی و بڕیارێکی پەرلەمانی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دیاری دەکات، بەڵام نەبوونی ئەنجوومەنی دووەم لەڕووی دامەزراوەییەوە بێ کاریگەر ناکات.


ئەمە تەنیا سکاڵایەکی کورد نییە. دادگای باڵای فیدراڵی خۆیشی لە بڕیاری ژمارە 18/فیدراڵی/2025دا دانی بەوە داناوە کە هەردوو پێکهاتەکەی دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵیی عێراق هێشتا ناتەواون.


فیدراڵییەکی دەستووری تەنیا دەسەڵاتێکی یاسادانانی ناوەندی نییە کە نوێنەرانی لە شوێنە جیاوازەکانەوە هەڵبژێردرابن. بەڵکو پێویستی بە بەشداریکردنێکی واتاداری یەکە هەرێمایەتییە پێکهێنەرەکانیشی هەیە لە بڕیارە هاوبەشەکان دا. دەسەڵاتە وردەکانی ئەنجوومەنی فیدراڵیی پێشنیازکراوی عێراق پشت بە یاسای جێبەجێکردنەکەی دەبەستێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە کە شکستهێنان لە دامەزراندنی دا گرنگیی خۆی هەیە: ئەو میکانیزمە دەستوورییەی کە بۆ دابینکردنی ئەو بەشداریکردنە دانرابوو، تەواو نەکراوە.


نموونەکانی دیکە کێشەکە قووڵتر دەکەنەوە. مادەی 105 دەستەیەک لەبەرچاو دەگرێ بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی دادپەروەرانەی هەرێم و پارێزگاکان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان دا. یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2016 پەسەندکرا، بەڵام لە ئەیلوولی 2026دا نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان هێشتا گوشاریان دەکرد بۆ دامەزراندنی بە شێوەی کرداری.


مادەی 106 میکانیزمێک لەبەرچاو دەگرێ بۆ چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان. دەستەکەی بەپێی یاسای ژمارە 55ی ساڵی 2017 دامەزرێندرا و لە کاردایە. سەرەڕای ئەوەش، کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی لە 11ی تشرینی دووەمی 2026دا درێژەکێشانی کێشەکان لە داهاتەکان، تەرخانکردنەکان و گواستنەوە داراییەکاندا تۆمارکرد.


ئەمانە شکستی جیاوازن، نەوەک نموونەی جێبەجێنەکردن کە بکرێت لە جێگەی یەکدیدا دابنرێن. دامەزراوەیەک هەر نییە؛ یەکێکی دیکەیان یاسای هەیە، بەڵام وەک باس دەکرێ پێکهێنانێکی کارای نییە. ئەوی دیکەشیان هەیە، بەڵام رووبەڕووی کەموکوڕیی کارکردن دەبێتەوە. ئەم جیاکردنەوەیە پێویستییەکی حەتمییە بۆ تێگەیشتن لەوەی چی هەڵەیە و چۆن دەکرێت راست بکرێتەوە.


ئەو دوا وادەیەی لە وادەکەی خۆی زیاتر ژیا


ئینجا مادەی 140ـیش هەیە.


دەستوور جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی کردبووە مەرج بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2007. لە ساڵی 2019دا، دادگای باڵای فیدراڵی دووپاتی کردەوە کە مادەکە بە کارایی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی مەبەستەکەی بەدی دەهێنرێت. دواتر لیژنە و قەرەبووکردنەوە و خەرجکردن بەدوایدا هاتن، بەڵام ئەو یەکلاییکردنەوەیەی دیاریکرابوو هێشتا تەواونەکراوە.


نزیکەی 19 ساڵ دوای وادە بنەڕەتییەکە، بڕیارەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتدارێتی و سەرچاوەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان دا، هێشتا لە سێبەری ئەو پاشخانە دەستوورییە چارەسەرنەکراوەدا دەدرێن.


دەقە راگەیێندراوەکەی دوایین بڕیاری دادگا، دان بە بەردەوامیی گرنگی و پەیوەندیداربوونی مادەکانی 58 و 140دا دەنێ. بۆیە نادروست دەبێت ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکرێ کە بڕیاری ژمارە 268 بە سادەیی مادەی 140ی سڕیوەتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو تێبینی و مەرجدارکردنە رێگەیەکی واتادار بەرەو چارەسەرە دەستوورییەکە دەپارێزێت یان بڕیارە کارگێڕییەکان دەتوانن بەرەبەرە ئەنجامەکە یەکلایی بکەنەوە پێش ئەوەی ئەو پرۆسەیەی دیاریکراوە رووبدات.


ناکۆکییەکی دەستووری تەنیا لەبەرئەوە چارەسەر نابێت کە دەسەڵاتێک ئامرازی کرداریی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خاکەی جێی ناکۆکییە.


چۆن فیدراڵییەک دەتوانێ بەبێ هەموارکردنەوە ون ببێت


ئەو کێشەیەی ئەم دۆسیانە دەریدەخەن لەوانەیە لە هەر بڕیارێکی تاکەکەسی مەترسیدارتربێت. فیدراڵییەک نەوەک هەر بەوەی دامەزراوەکانی دەیکەن، بەڵکو بەوەی شکست دەهێنن لە دامەزراندنی دا، دەکرێ گۆڕانکاریی بەسەردابێت.


ئەمە گریمانەیەکە سەبارەت بە گەشەسەندنی دەستووریی عێراق: دامەزراوە فیدراڵییەکانی جێبەجێکردن کەوتوونەتە کار، لەکاتێکدا هەندێک لەو دامەزراوانەی کە مەبەست لێیان نوێنەرایەتیکردن، هاوسەنگکردن و سنووردارکردنی دەسەڵات بووە، هێشتا بە ناتەواوی ماونەتەوە. دواتر ناکۆکییەکان لەنێو ئەو ناهاوسەنگییەدا کە دروست بووە، دادوەرییان لەسەر دەکرێ و بەڕێوەدەبرێن. لە ئەنجامدا لەوانەیە هاوسەنگیی کردەیی هێز بگۆڕێت، تەنانەت کاتێک دەقی دەستوور ناگۆڕێت.


پێویست بە هیچ پیلانگێڕییەک نییە بۆ پرۆسەیەکی لەو شێوەیە. چەقبەستوویی یاسادانان، سازشە کاتییەکان، کارئاسانیی دامەزراوەیی و بڕیارە کارگێڕییە دووبارەبووەکان دەتوانن دابەشبوونێکی بەردەوامی دەسەڵات بەرهەمبێنن کە هیچ کەسێک بە فەرمی لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە پەسەندی نەکردووە.


بەڵام گریمانەکە حوکمێکی کۆتایی نییە. دادگاکە دەسەڵاتی فیدراڵیشی سنووردار کردووە. لە ساڵی 2022دا، ئەو فەرمانی جێبەجێکردنەی هەڵوەشاندەوە کە لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوەی لە گەندەڵی پێکهێنابوو، بە کۆمەڵێک پاساو کە سەربەخۆیی دادوەری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لەخۆگرتبوو. راڤەکردنەکەی ساڵی 2019یشی بۆ مادەی 140، پابەندییەکی دەستووریی پاراست کە وادەکەی تێپەڕاندبوو. ئەم بڕیارانە هەر بانگەشەیەک ئاڵۆز دەکەن کە بڵێت دادگا بەشێوەیەکی نەگۆڕ خزمەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵی دەکات.


لەجیاتی ئەوە، تاقیکردنەوەکە ئەوەیە کە چی بەسەر دەسەڵاتی راستەقینەی بڕیاردان دا دێت. کێ بڕیارێکی دیاریکراوی لە دەست بوو پێش راڤەکردن؟ کێ لە دواییدا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە؟ ئایا بەشداریکردنی داواکراوی دەستووریی هەرێمێک سەرەکییە، یان تەنیا راوێژێکە کە دەکرێت دەرەنجامەکەی پشتگوێ بخرێت؟


بڕیاری ژمارە 268 روونیدەکاتەوە کە بۆچی ئەو پرسیارانە گرنگن. راڤەکردنە راگەیێندراوەکەی دان بە دەسەڵاتە تایبەتەکانی فیدراڵییەکان دادەنێت بۆ پاراستنی سنوور، لە هەمان کاتدا دان بە هاوئاهەنگیی گومرگی بەپێی مادەی 114 و بەڕێوەبردنی هاوبەشی نەوت و گازی دەرهێندراو بەپێی مادەی 112دا دەنێ. سیستەمێکی نیشتمانیی گومرگ یان وردبینیی دارایی فیدراڵی مەرج نییە هێرش بێت بۆ سەر فیدراڵی. دەکرێت رێوشوێنێک خزمەتی بەرژەوەندییە هەنووکەییەکانی واشنتۆن یان حکومەتێکی دراوسێ بکات، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان کۆنترۆڵێکی کەمتریان بەسەر ئەو بڕیارانەدا بمێنێتەوە کە شێوە بە ژیانیان دەبەخشن. پرسیارە یەکلاییکەرەوەکە ئەوەیە کێ یاسا و رێساکان، داتاکان، مۆڵەتەکان، داهاتەکان و ئامرازەکانی تانەدان لە بڕیارێکی هەڵە کۆنترۆڵ دەکات.


مادەی 111 نەوت و گاز دەکاتە موڵکی هەموو عێراقییەکان. ئەوە ناچەسپێنێت کە هەموو بڕیارێک سەبارەت بەو موڵکە بە تەنیا موڵکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵی بێت. مادەی 112 باس لە بەڕێوەبردنی هاوبەش و سیاسەتی ستراتیژی دەکات؛ مادەی 114 بەڕێوەبردنی گومرگ لە سیاسەتی تاقانەی دارایی و گومرگیی فیدراڵی جیا دەکاتەوە؛ مادەکانی 115 و 121 ئەو دەسەڵاتانە دەپارێزن کە لە دەرەوەی بازنەی تایبەتیی فیدراڵی دان. پەرلەمان هێشتا لە تشرینی یەکەمی 2026دا خەریکی گفتوگۆکردن بوو لەسەر رەشنووسی یاسای فیدراڵیی نەوت و گاز.


وەڵامی چارەسەرێکی یاسادانانی تەواونەکراو ناکرێت بە سادەیی وادابنرێت کە لە فراوانکردنی بەردەوامی راڤەکردنی تایبەتمەندییە فیدراڵییەکانی ئێستادایە. بڕیارە تەواو و واژۆکراوەکە، پاساوەکانی هەردوو ئەندامە ناڕازییەکە و ئامرازە کردارییەکانی جێبەجێکردن، گرنگ و پێویستن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا لەم دۆسیەیەدا ئەوە روویداوە یان نا.


هەمان دەستوور لە هەولێر


دەبێ ئەم بنەمایە بەرگەی جێبەجێکردنی بەسەر خودی کوردستانیش دا بگرێت.


ماددەی 120 هەر هەرێمێکی فیدراڵی پابەند دەکات بەوەی دەستووری تایبەت بە خۆی پەسەند بکات. پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009دا پڕۆژەیەکی پەسند کرد، بەڵام هەرگیز نەچووە واری جێبەجێکردنەوە. زیاتر لە دوو دەیە دوای پەسندکردنی دەستووری فیدراڵی، هەرێمی کوردستان هێشتا قەرزاری هاووڵاتیانی خۆیەتی بۆ هەبوونی چوارچێوەیەکی دەستووریی تەواوکراوی تایبەت بە خۆی.


ئەوە پابەندییەک نییە بەغدا بتوانێت لەجیاتی هەولێر جێبەجێی بکات. هەروەها شکستێک لە بەغدا ناتوانێ ببێتە پاساو بۆی.


دەبێ ئەم رێسایە لە تایبەتمەندییە هەرێمییەکان تێپەڕێ بۆ مافەکانی هاووڵاتیان، دەستاودەستکردنی دیموکراسییانەی دەسەڵات، سەربەخۆیی دادوەری، لێپرسینەوەی گشتی و ئازادیی رەخنەگرتن لەوانەی دەسەڵات پیادە دەکەن. فیدراڵی مۆڵەتی راکردن لە رەخنەی دەستووری ناداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن سەروەریی نیشتمانی مۆڵەتێکی لەو شێوەیە ناداتە حکومەتی فیدراڵی.


رێککەوتنە فیدراڵییەکەی عێراق دوای ساڵی 2003 دانوستاندنی لەسەر کرا، نەوەک ئەوەی لەلایەن ناوەندێکی فیدراڵیی پێشتر پێکهێنراوەوە بەسەر کوردستان دا بەخشرابێت. مادەی 117 دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی ئێستای دادەنێت. دەسەڵاتە بەدەستوور پارێزراوەکانی بەشێکن لە فۆرمی دەستووریی عێراق، نەوەک سازش و بەخششێک کە هەر کاتێک رێککەوتنی سیاسی قورس بوو بتوانرێت لێی بسەندرێنەوە.


بەرگریکردن لەو رێککەوتنە واتە بەرگریکردن لە پابەندییەکانی هاوشانی پاراستنەکانی.


پرسیارێک بۆ تەواوی عێراق


گفتوگۆی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت جیاوازی بکات لە نێوان رێوشوێنە یاساییە دەستبەجێیەکان بۆ پاراستنی سامانە گشتییەکان و ئەو کارە دەستوورییە درێژخایەنەی کە کۆمار بە ناتەواوی بەجێی هێشتووە. هەر رێوشوێنێکی جێی ناکۆکی دەبێت بنەمایەکی یاسایی دیاریکراو، دابەشکردنێکی روونی بەرپرسیارێتییەکان، رێکارێکی بەڵگەدار بۆ هاوئاهەنگی و رێگەیەکی کارای بۆ راستکردنەوە هەبێت. بە هەمان شێوە، ئەو پابەندییە دەستوورییانەی کە ماونەتەوە، پێویستییان بە دامەزراوەی دیاریکراو، رێکاری یاسادانان و خشتەی کاتی هەیە کە لەبەردەم رای گشتی دا مایەی لێپرسینەوە بێت.


پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا بەغدا مافی ئەوەی هەیە پێداگری لەسەر پابەندبوونی دەستووری بکات یان نا. بەڵکو ئەوەیە ئایا ئەو سیستمە دەستوورییەی کە ئەو مافە لە چوارچێوەیەدا پیادە دەکرێت، خۆی تەواو دەکرێت یان نا.


ئەگەر مادەی 110 پابەندکەر بێت کاتێک دەسەڵات دەداتە دامەزراوە فیدراڵییەکان، پڕۆسەی یاسایی بۆ کاراکردنی مادەکانی 65، 92، 105، 106 و 140 چییە و خشتەی کاتیی هەولێر بۆ جێبەجێکردنی مادەی 120 چییە؟


هیچ دژبەرییەک لە پێداگریکردن لەسەر هەردووکیان نییە. لە راستی دا، دژبەرییەکە لەوەدایە کە کۆمەڵێک پابەندی وەک هەنووکەیی و ئەوانی دیکەش وەک شتێک مامەڵەیان لەگەڵ دا بکرێ کە دەکرێت دەستبەرداریان ببیت.


مەترسییە بەردەوامەکە ئەوەیە کە رێکخستنێکی دامەزراوەیی کاتی ببێتە هەمیشەیی تەنیا لەبەرئەوەی ئەو رێکخستنە کە هەر ئێستا دەسەڵات لە رێگەیەوە پیادە دەکرێ. ئەوەی وەک گونجاندنێکی کاتی دەستی پێکرد، دەبێتە ئەو چوارچێوەیەی کە هەموو پرسیارێکی دەستووریی دواتر لە نێویدا وەڵام دەدرێتەوە. ئەوەیشی کە هەر بە نەبوون دەمێنێتەوە، بەرەبەرە چی دیکە وەک کێشەیەک مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.


دەستوور دەبێت وابکات کە دەسەڵات مایەی راستکردنەوە بێت، نابێ ببێتە ئامرازێک کە دەسەڵاتی ئێستا خۆی پێ لە دەستوور بپارێزێت.


داواکردنی جێبەجێکردنی بڕگە فیدراڵییەکانی عێراق، داواکردنی دەستوورێکی کەمتر نییە. بەڵکو داواکردنی زیاتری ئەو دەستوورەیە کە عێراق هەر ئێستا هەیەتی.


عێراق پێویست ناکات لەنێوان یەکگرتووییەکەی و فیدراڵییەتەکەیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت. دەستوورەکەی، فیدراڵیی کردووەتە بەشێک لە فۆرمی یەکگرتووییەکەی. کاتی ئەوە هاتووە بنیاتنانی تەواو بکرێت.


تێبینیی تایبەت بە سەرچاوەکان:

بابەتە پاڵپشتەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی راستییەکان؛ بەشێک نین لە وتارەکە.


1.[بڕیارەکەی کیوبیک، 23ـی تشرینی دووەمی 2026] دۆسیەی (Public Interest Litigation Institute et al. v. Attorney General of Quebec)، دادگەی باڵا، دۆسیەی ژمارە 500-17-139512-266، بڕگەکانی 91-92 و 100-109. دەقی رەسەنی بڕیارەکە بە زمانی فەرەنسی، بە فەرمانە کاتییەکەشەوە.


2.[بڕیاری ژمارە 268/فیدراڵی/2026] رووداو - ئینگلیزی (Rudaw English)، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، راپۆرتکردنی بڕیارەکە و رێوشوێنە جێبەجێکارییەکان.


3.[راگەیێندراوی بڵاوکراوەی بڕیاری ژمارە 268] پەرەگراف (Peregraf)، 25ـی تشرینی دووەمی 2026؛ مەرج و تێبینییەکان، لەوانە هاوئاهەنگیی گومرگی و هەردوو ئەندامە ناڕازییەکە پشتڕاستدەکاتەوە.


4.[دەستووری عێراق، 2005] وەرگێڕانی فەرمیی ئینگلیزی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە. بڕوانە مادەکانی 1، 13، 48، 65، 92-94، 105-106، 110-112، 114-115، 117، 120-121، 130، 137 و 140.


5.[یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2021] هەمواری یەکەمی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵ، رۆژنامەی فەرمی ژمارە 4635، 7ـی حوزەیرانی 2021. دەقی عەرەبی کە لەلایەن دیجڵێکسەوە (Dijlex) بڵاوکراوەتەوە؛ مادەی 1 ئەندامێتیی تایبەت بە تەنیا دادوەران دیاریدەکات.


6.[دامەزراوەی International IDEA و رەواق بەغدا، 2022] (Assessing the Iraqi Constitution’s Impact on State and Society - هەڵسەنگاندنی کاریگەریی دەستووری عێراق لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگە)، گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهاتە و شەرعییەتی دادگە، لەوانە دەنگدان بە زۆرینەی سادە و مادەی 92.


7.[دادگەی باڵای فیدراڵ، بڕیاری ژمارە 104/فیدراڵی/2022] 30ـی ئایاری 2022، لاپەڕە 7. رەتکردنەوەی تانەی پێشتر دژی یاسای ژمارە 25 لە بڕیاری ژمارە 21/فیدراڵی/2022ـدا تۆماردەکات و داوای دواتریش بە پاساوی پێشتر یەکلاکردنەوەی بابەتەکە رەتدەکاتەوە.


8.[سالم رەودان موسەوی، 24ـی ئایاری 2022] شیکردنەوەیەکی عەرەبی لەلایەن دادوەرێکی خانەنشینکراوی عێراقییەوە کە لاپەڕەکانی 7-8ـی بڕیاری ژمارە 21/فیدراڵی/2022 سەبارەت بە ئەرکە جیاوازەکانی دادوەران و شارەزایان دەگێڕێتەوە. بەڵگەی لاوەکییە بۆ پاساوی بڕیارەکەی پێشوو.


9.[دادگەی باڵای فیدراڵ، بڕیاری ژمارە 18/فیدراڵی/2025] وەرگێڕانی فەرمیی ئینگلیزی، لاپەڕە 6، دان بە نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵ و ناتەواویی دەسەڵاتی یاسادانان دادەنێت.


10.[جێبەجێکردنی مادەی 105] باسنیوز (BasNews)، 21ـی ئەیلوولی 2026، گێڕانەوەی گوتەبێژی پەرلەمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) سەبارەت بە یاسای ژمارە 26ـی ساڵی 2016 و داواکاریی بەردەوام بۆ پێکهێنانی دەگوازێتەوە. ئەمە راپۆرتێکی سیاسییە کە بە ناوی لایەنێکەوە بڵاوکراوەتەوە، نەک پشتڕاستکردنەوەیەکی سەربەخۆی دۆخی کارکردنی ئێستا.


11.[جێبەجێکردنی مادەی 106] ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، راپۆرتی چالاکیی دەستەکە؛ یاسای ژمارە 55ـی ساڵی 2017 و کاراکردنەکەی بەپێی مادەی 54ـی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 دیاریدەکات.


12.[چاودێریکردنی داهاتی فیدراڵ] ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆبوونەوەی لیژنە بە بەشداریی دەستەی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵەکان و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازییەکان و کێشەکانی پارەدارکردن.


13.[مادەی 140، بەردەوامیی کارپێکردن] رووداو (Rudaw)، 30ـی تەممووزی 2019، راپۆرتکردنی راڤەکردنەکەی دادگەی باڵای فیدراڵ.


14.[مادەی 140، تۆماری جێبەجێکردن] فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (Special Documents on Article 140 of the Federal Constitution of Iraq (2005-2025) - بەڵگەنامە تایبەتەکان لەسەر مادەی 140ـی دەستووری فیدراڵی عێراق 2005-2025)، 21ـی شوباتی 2026. گێڕانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرە جێبەجێنەکراوەکە، لیژنەکان و خەرجییەکان.


15.[نموونەی پێچەوانەی دادوەری: لیژنەی جێبەجێکردن] یونامی/کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI/OHCHR)، (Update on Accountability in Iraq - نوێکاری سەبارەت بە لێپرسینەوە لە عێراقدا)، حوزەیرانی 2022، لاپەڕە 9، هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 29 تۆماردەکات لەلایەن دادگەوە لە 2ـی ئاداری 2022ـدا.


16.[یاسادانانی فیدراڵی نەوت و گاز] ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆمارکردنی بەردەوامیی گفتوگۆکانی یاسادانان، لەوانە رەشنووسی یاسای فیدراڵی نەوت و گاز.


17.[دەستووری هەرێمی کوردستان] شەفەق نیوز (Shafaq News)، 5ـی ئابی 2026 و رووداو (Rudaw)، تشرینی یەکەمی 2026، راپۆرتدەکەن کە رەشنووسی دەستووری ساڵی 2009ـی هەرێمی کوردستان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان
بیروڕا26-11-2026

هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد
پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟
بیروڕا26-11-2026

پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟

شێرکۆ میروەیس
شێرکۆ میروەیس
دەستوور و بڕیارە نوێیەکەی زەیدی: چارەنووسی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ماددەی 140
بیروڕا25-11-2026

دەستوور و بڕیارە نوێیەکەی زەیدی: چارەنووسی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ماددەی 140

مەحموود بابان
مەحموود بابان
پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە