رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەگەر گرفت نەیەتە پێش، پێش دەستپێکی ساڵی 2029 تەواوی رێگە سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکان دەکرێنە دووساید. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ساڵی 2014ـەوە بەغدا "یەک دینار" بودجەی وەبەرهێنانی بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 287 کیلۆمەتر رێگەی دووسایدی نوێ دروستکراوە و کۆی گشتیی رێگە دووسایدەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی 500 کیلۆمەترە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لە هەموو شار و وڵاتێک ئاوەدانکردنەوە پێوەری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە بزانرێت حکومەت تاکو چەند خزمەتی هاووڵاتییانی خۆی کردووە و تاکو چەند کاری کردووە. لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەمڕۆکە رۆژانە پرۆژەی نوێ رادەگەیەندرێت، شارەکان خەریکی گەشەکردن و گەورەبوونن. ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەمانەوێت وەڵامی هەندێک پرسیاری بنەڕەتی بدەینەوە کە سەرەڕای گەشەسەندنەکان هێشتا هەندێک پرسیاری بنەڕەتی هەن. لەگەڵ بەڕێزیان ئەمڕۆ دانیشتووین، زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز دانا عەبدولکەریم. سەرەتا لە شەقامە دووسایدەکانەوە دەستپێبکەین کە پرسیاری زۆرینەی خەڵکە و ئەو کەسانەش بەتایبەتی کە هاتووچۆی شارەکان دەکەن. چەند کیلۆمەتر شەقامی قیرتاوکراوی تەواوکراومان لەنێوان شارەکاندا هەیە؟
دانا عەبدولکەریم: بەڵێ. بەخێربێن سەرچاو نمە خان، سوپاس بۆ هاتنتان، رێز و سڵاوم بۆ بینەرانی خۆشەویست. ئێمە لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم تاوەکو ئەم کاتە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە 287 کیلۆمەتر رێگەوبانی دووسایدی تازە دروستکراوە. وە پێشتریش نزیکەی 200 کیلۆمەتر رێگەوبانی دووسایدمان هەبووە تەقریبەن. یانی دەتوانم بڵێم بەکۆی گشتی ئەوەی کە ئێستا هەمانە، کەمترە لە 500 کیلۆمەتر رێگەوبانی دووساید، بەڵام خۆشبەختانە کاری پرۆژەکان لە رێگەوبانەکانی دووساید لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. وە دەتوانم بڵێم بەپێی ئەم پلانەی کە ئێستا ئێمە کاری تێدا دەکەین و ئەو پرۆژانەی کە ئێستا دەڕوات بەڕێوە، دەتوانم بڵێم ئەگەر گرفت نەیەتە بەردەم ئەم پرۆژانە، ئیشەڵڵا تاوەکو 3 ساڵی دیکە واتە پێش دەستپێکی ساڵی 2029، پێویستە هەموو رێگە سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دووسایدکردنی تەواو بووبێت.
رووداو: هەندێک رێگەی زۆر سەرەکی هەن کە خەڵک پرسیاری هەیە لەسەریان، بۆ نموونە رێگەی دووکان و رانیە، یاخود رێگەی سماقووڵی هەولێر، ئەوانەی کە دەکەونە نێوان شارەکان و هەولێر و سلێمانی. ئەو رێگەیانە بۆچی تاوەکو ئێستا دواکەوتوون لە تەواوبوونیان و کەی ئیتر بە رووی خەڵکدا بەتەواوەتی دەکرێنەوە و بێ کێشە دەتوانین لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ بکەین؟
دانا عەبدولکەریم: بەداخەوە بەهۆی ئەو گرفتانەی ساڵانی رابردوو رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، نەتوانراوە هەندێک لە پرۆژەکان تەواو بکرێن. بەڵام رێگەی دووسایدی نێوان با بڵێین هەولێر - سلێمانی، کە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و سلێمانیش گەورەترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە، بەشێکی زۆری ئەم پرۆژانە لە ساڵی 2011 واتە نەک کابینەی هەشت، لە کابینەی حەوتدا چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. وە مودەی ئەم پرۆژانەش سێ ساڵ بووە، لە 2011 گرێبەستیان بۆ کراوە و پێویست بووە لە ساڵی 2014 تەواو بکرێن. وە ئەو کاتانە بەراستی گرفتی داراییشمان نەبووە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەداخەوە تەواو نەکراون و لە ساڵی 2014 گرفتی دارایی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دروستبوو لەسەر نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان و ئەمە وایکرد کە ئەو پرۆژانە تەواو نەبن. واتە ئەم پرۆژانە هی دوو کابینە پێش دەستپێکردنی ئێمەیە لە کاری وەزارەت، کە دەبوایە تەواو بکرانایە. بەڵام خۆشبەختانە ئێمە توانیومانە لەم ماوەی ساڵانی رابردوودا بەشێکی باش لەو پرۆژانە تەواو بکەین و بچێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە و ئێستاش بەشێکیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە. بۆ نموونە ئێمە دووسایدی نێوان هەولێر - کۆیە ئێستا بەشێکی زۆر باش کاری تێدا دەکرێت و رێژەی جێبەجێکردنی وا نزیک دەبێتەوە لە 50%، یانی نزیکەی لە 48% زیاترە. وە لە دیوی دووکان - چوارقوڕنەش ئێمە رێگەی دووسایدی نێوان دووکان - چوارقوڕنە قۆناخی دوو و سێمان دەستپێکردووە کە پێشتر قۆناخی یەک تەواوکرابوو لە چوارقوڕنە بۆ پردی هیزۆپ، بەڵام ئێستا لە پردی هیزۆپ تا دەگەینە دووکان کە قۆناخی دوو و سێیە، کارکردن بەشێوەیەکی زۆر باش تێیدا بەردەوامە و بەم شێوازی کارکردنەی کە ئێستا کاری تێدا دەکەین، ئەگەر کارەکان بەردەوام بن ئینشائەڵڵا تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو دەبێت رێگەی دووکان - چوارقوڕنەش تەواو ببێت، کە رێگەی دووکان - چوارقوڕنە بەشێکی گرنگی رێگەی دووسایدی نێوان سلێمانی - هەولێرە. چونکە ئێمە لە یەکێک لە ستێشنەکانی رێگەکە بەرەو تونێلێکی تازە دەبێت دروستبکەین کە تونێلی هەیبەت سوڵتانە دەچێتە دیوی کۆیە و لە دیوی کۆیەش ئێستا ئێمە رێگەی دووسایدی نێوان کۆیە - هەولێرمان هەیە. سەرەڕای ئەمەش ئێمە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەیە بە دروستکردنی رێگەی کۆیە - دووکان، وە ئەمە تەقریبەن دیزاین و شتەکەشی تەواوبووە و سپاردنیشی بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کراوە، بەڵام هەندێک وردەکاری ماوە کە پێویست دەکات تەواو بکرێت بۆ ئەوەی رەزامەندیی کۆتایی لەسەر تێچووی پرۆژەکە بدرێت. ئینشائەڵڵا ئومێدەوارین نازانم فریا دەکەوین پێش کۆتایی ساڵ ئەو رەزامەندییە بێتەوە یان نا، بەڵام ئەگەر نا، لە سەرەتای ساڵی داهاتووش بێت ئینشائەڵڵا رەزامەندیی ئەو پرۆژەیەش دێتەوە. ئەمە وادەکات کە رێگەی دووسایدی نێوان پایتەختی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانیش تەواو ببێت. سەرەڕای ئەوە ئێمە رێگەی دووسایدی نێوان دەربەندیخان - کەلارمان تەواو کردووە کە درێژییەکەی نزیکەی 41 کیلۆمەتر بوو، رێگەی نێوان دووسایدی کەلار - کفریمان تەواو کردووە، کە ئەمانەش بەشێکی زۆری لەو ناوچانە بوون کە پێویستیان پێی بوو و پێشتر وا ناسێندرابوون کە رێگەی مەرگ بوون، ئێستا خۆشبەختانە هاووڵاتییان بەشێوەیەکی سەلامەت و تەندروست هاتووچۆی پێدا دەکەن و گرفتەکانی رووداوەکانی هاتووچۆش زۆر زۆر کەمتر بووەتەوە. وە رێگەی سەیدسادق - پێنجوێن بەشێکی تەواوبووە و بەشێکی ماوە، وە ئەو بەشەی تریشی نووسراومان کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ ئەوەی رێگەی دووسایدی نێوان سەیدسادق - پێنجوێن تەواو بکەین، هەر کاتێک رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران هاتەوە دەتوانین ئەویش دەستپێبکەین. سەرەڕای ئەوەش ئێمە رێگەی سەیدسادق - هەڵەبجەش تەواوبووە، لە کابینەی پێشووتر ئەم کارە دەستپێکرابوو و لە سەرەتای کابینەی نۆیەم رێگەی هەڵەبجە - سەیدسادقیش تەواوبوو، رێگە دووسایدەکەی. واتە بەکۆی گشتی ئێمە دەتوانم بڵێم لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا زیاتر لە 287 کیلۆمەتر رێگەی دووسایدمان تەواو کردووە.
رووداو: چەندێک بایەخ دەدەن بە رێگەی نێوان گوندەکان، جگە لە رێگە سەرەکییەکان و شەقامە جووتسایدە سەرەکییەکان، چەندێک بایەخ بە رێگەی گوندەکان دەدەن ئەگەر ئامارێک هەبێت لەسەر ئەوەی کە چەند رێگەی نێوان گوندەکان قیرتاوکراوە و بێ کێشەیە بۆ هاتووچۆی خەڵک؟
دانا عەبدولکەریم: ئێمە خۆی بەپێی ئامارەکان کە لامانە لە وەزارەتی پلاندانان نزیکەی 5000 گوند لە هەرێمی کوردستان هەن. لەم 5000 گوندە تەقریبەن دەتوانم بڵێم نیوە کەمتری رێگەوبانەکانی بۆ قیرتاوکراوە، یانی بە درێژایی تەمەنی حکومەتی هەرێم و پێش دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش. لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم وەکو پێویست لە ساڵان، لە درێژایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 91 دوای راپەڕین تا ئێستا نەمانتوانیوە خزمەتی گوندەکان بکەین. بەڵام ئێمە خۆشبەختانە یەکێک لەو پلانانەی کە داماننا سەرەڕای گرنگیدان بە رێگە دووسایدی نێوان پارێزگاکان، رێگەوبانی گوندەکان بوو کە گرنگیمان پێداوە. دەتوانم بڵێم ئێمە لەم بوارەدا 450 گوندمان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رێگەوبانەکانمان بۆ قیرکردوون، کە کۆی درێژیی ئەو رێگەوبانانە زیاتر بووە لە 698 کیلۆمەتر، یانی نزیکەی 700 کیلۆمەتر رێگەوبانی گوندیشمان کردووە، بە گوژمەی نزیکەی 100 ملیار دیناری تێچووە رێگەوبانی گوندەکان. ئەمە وەکو رێگەوبانی گوندەکان، یانی سەرەڕای رێگە ستراتیژییەکان، رێگەوبانی گوندەکانیشمان فەرامۆش نەکردووە و خزمەتێکی باشی گوندنشینان کراوە. بەڵام وەکو باسم کرد ئێستاش لەوانەیە زیاتر لە 2000 گوندی دیکە مابێت لە هەرێمی کوردستان کە پێویست دەکات رێگەوبانەکانیان بۆ قیرتاو بکرێت. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ئێمە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا جێبەجێمان کردووە گرنگیدانی تەواو بووە بە رێگەوبانەکان، یانی دەتوانم بڵێم ئێستا ئێمە نزیکەی 874 پرۆژەی رێگەوبانمان تەواو کردووە کە تێچووی ئەم 874 پرۆژەیە زیاتر بووە لە تریلیۆنێک و 800 ملیار دینار، کە تەقریبەن زیاتر لە 3400 کیلۆمەتر رێگەوبان بەم پارانە جێبەجێکراوە. جا بەشێکی ئەم پرۆژانە کە تەواوبوون چاکسازی بووە لە رێگەوبانەکاندا، یانی ئەو رێگەوبانانەی کە هەمانبوون بەڵام تێکچووبوون چاکمان کردوونەتەوە. واتە بە رێگەی دووساید، بە رێگەی یەکساید، بە رێگەی لاوەکی، بە رێگەی گوندەکان زیاتر لە 874 پرۆژەمان تەواو کردووە کە تێچووەکەیان زیاتر بووە لە 1 تریلیۆن و 800 ملیار دینار.
رووداو: باشە. لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی 2027 هیچ بڕێکی دیاریکراو تەرخانکراوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان و پەرەدان بە پرۆژەی زیاتر؟
دانا عەبدولکەریم: خۆی یاسای بودجەی 2027ـی عێراق، هەرێمی کوردستان داوای مافی خۆی کردووە لە هەموو، چونکە ئێمە سەرەڕای با بڵێین بودجەی تەشغیلی کە سەرەڕای بودجەی ئاسایی، پێویستمان بە بودجەی وەبەرهێنانیشە چونکە ئێمە هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە، یانی نابێت تەنیا مووچەی بۆ دابین بکرێت. بەپێی ئیستحقاقی خۆی، بەپێی دەستووری عێراق، بەپێی ئەو یاسایانەی کە پێشتر بۆ موازەنە دەرچوون، پێویستە هەرێمی کوردستان یاسایی یانی بودجەی خۆی بۆ بنێردرێت، نەک مووچە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە ساڵانی رابردوودا، حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچەی ناردووە، ئەویش بە ماوەی دەتوانم بڵێم نزیکەی وا دوو ساڵ دەبێت تەقریبەن بەشێوەیەکی رێکوپێک مووچەکان هاتووە، بەڵام ساڵانی رابردوو مووچەکانیش بەشێوەیەکی رێکوپێک نەهاتووە. واتە ئێمە لە ساڵانی رابردوو دەتوانم بڵێم لە ساڵی 2014 بەدواوە تاوەکو ئێستا کە نزیکەی 12 ساڵ زیاتر دەکات، یەک سەنت، یەک دینار بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە. بەڵام لە یاسای 2027ـدا ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پرۆژەکانی خۆمان کە پەیوەندیدارە بە، کە دەبێت لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بکرێت، خستوومانەتە چوارچێوەی داواکارییەکانی ئێمە و بەپێی ئەو پلانەی کە تیمی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تیمی حکومەتی فیدراڵی کردوویەتی، دەبێت هەرێمی کوردستانیش بودجەی وەبەرهێنانی خۆی بۆ دابین بکرێت. بەڵام ئایا ئەمە لە یاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت، دەنگی لەسەر دەدرێت؟ ئەوە پەیوەندیدارە بەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکرێت و پەیوەندیدارە بەو نییەتەی کە حکومەتی فیدراڵی هەیەتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور. بەداخەوە ئەوەی کە من تا ئێستا دەیبینم و تا ئێستا هەواڵەکانمان بۆ دێتەوە و ئەوەی کە شاندی دانوستانکار زانیارییەکانمان پێدەدەن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی نین و حکومەتی فیدراڵی هەر وا بە نیازە تەنیا مووچە بنێرێت و یانی قسەکانیان ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، ئەویش بە کۆمەڵێک مەرجەوە. یانی ئەوەی کە تا ئەم دەقەیە بە ئێمە گەیشتووە وەکو زانیاری، گفتوگۆکان زۆر دڵخۆشکەر نین لەبارەی بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان، چونکە زۆربەی زۆری ئەم پرۆژانە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان دەکرێت و بە تەئکید ئەگەر بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، گەشەسەندنێکی زیاتر، ئاوەدانییەکی زیاتر و جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەچێتە ئاستێکی باڵاتر و هیچ گرفتێکی دارایی ئەو کاتە نامێنێت.
رووداو: چەندی پێویستە هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی وەبەرهێنان کە بتوانێت پرۆژەکان تەواو بکات و ئەو پلانەی کە هەیە بۆ گەشەسەندنی زیاتری هەرێم و هەروەها پرۆژەکانی رێگەوبان، پرۆژەکانی نیشتەجێکردن، ئەوەی کە ئێوە خستووتانەتە بەردەست ئەنجوومەنی وەزیران، بەنزیکەیی بڕێکی دیاریکراو چەند پێویستە هەرێمی کوردستان کە بۆی خەرج بکرێت لە بودجەدا؟
دانا عەبدولکەریم: هەرێمی کوردستان ئەوەی کە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان داواکراوە زیاترە لە 3 تریلیۆن دینار بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان، زیاترە لە 3 تریلیۆن دینار، بەڵام ئایا چەندی لێ جێبەجێ دەکرێت نازانم بەراستی، چونکە وەکو باسیشم کرد لە 2014ـەوە تا ئێستا حکومەتی فیدراڵی یەک سەنت یان یەک دیناری لە چوارچێوەی بودجەی وەبەرهێناندا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
رووداو: باشە. هیچ وردەکارییەکی نوێ هەیە لەبارەی رێگەی گەشەپێدان، گەیشتووەتە کوێ و چەندی بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت؟
دانا عەبدولکەریم: بەداخەوە لە بڕیاردان لە رێگەی گەشەپێدان پرس بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرابوو و هیچ راوێژێکی لەگەڵ نەکرابوو. حکومەتی فیدراڵی خۆی راوێژی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی کەنداو کردبوو. وە ئەو رێڕەوەی دانراوە بۆ رێگەی گەشەپێدان رێڕەوێکی تەندروست نەبووە بە دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمە رەخنەمان لەسەری هەبووە، من خۆم لە سەردانەکانماندا بۆ بەغداش باسمان کردووە و بە فەرمیش حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵیی لەو بارەیەوە ئاگادار کردووەتەوە. ئەوەی تا ئێستا ئێمە دەیبیستین ئەوەیە کە کار دەکەن لە تەواوکردنی دیزاینی پرۆژەکە، تا ئێستاش دیزاینی رێگەی گەشەپێدان تەواو نەبووە. ئیتر کەی تەواو دەبێت، کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە زۆر وردەکاریمان لێی نییە لەبەرئەوەی با بڵێین ژوورێکی هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی نییە. پێویستە ژوورێکی هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی هەبێت بۆ ئەوەی کە بتوانرێت رێگەی گەشەپێدان هەموو عێراق بگرێتەوە. چونکە ئەو رێڕەوەی کە وەکو باسم کرد بەپێی داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان نییە، بە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا ناڕوات و نزیک لێیەوە ناڕوات، ئەمە وادەکات ئەو رێگەی گەشەپێدانە هەرێمی کوردستان سوودێکی وای لێ نەبینێت.
رووداو: بەگوێرەی ئەو پرۆژانەی کە هەتاکو ئێستا کراون، ئەو پارانەی کە خەرج کراون لەنێو پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە هەرێمی کوردستان، ئێوە خۆتان پێتان وایە کە تا چەند لە ئاستی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و هاونیشتمانییاندا بووە؟
دانا عەبدولکەریم: بەدڵنیایی پرۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئێمە لەم ساڵانەی رابردوودا تەنیا لەبەر گرفتی دارایی، زیاتر گرنگیمان بە رێگەوبانەکان داوە. خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم کە ئەو پرۆژانەی کە جێبەجێ کراون رەنگدانەوەیەکی زۆر ئەرێنییان هەبووە لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ئەو ئەنجامانەی کە لێی چاوەڕوان کراوە بەدیهاتوون. چونکە رێگەوبانەکان دەتوانم بڵێم ژێرخانێکی خزمەتگوزاریی زۆر گرنگن، یانی لە هەرە گرنگترین خزمەتگوزارییەکانن کە دەبێت لە وڵاتدا هەبن. هەر وڵاتێک هۆکارەکانی گەیاندن و گواستنەوەی پێشکەوتوو بوو، ئەو وڵاتە وڵاتێکی پێشکەوتووە لە رووی ئابوورییەوە. واتە یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بریتییە لە رێگەوبانەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەی. خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم ئەو پرۆژانەی کە ئاماژەم بە ژمارەکانی دا و ئاماژەم بە تێچوونەکانی دا، چوونەتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە. بەڵام ئێمە وا بزانم لە چەند بۆنەیەکی تریشدا باسم کردووە، کۆتایی مانگی نۆ کۆنفرانسێکمان بەست لە هەولێر کە کۆنفرانسی پلانی 10 ساڵە، یانی ئەپدەیتی ماستەرپلانی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد لەو کۆنفرانسەدا. چونکە ئێمە وەکو وەزارەت ماستەرپلانی رێگەوبانەکانمان هەیە، بەڵام ئەپدەیتمان کرد و ئەپگرەیدمان کرد کە دەبێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان بچنە چوارچێوەی رێگەوبانە نێودەوڵەتییەکان و لە ئاست و جۆرایەتی ئەواندا هیچی کەمتر نەبێت. ئومێدەوارم ئەگەر هەرێمی کوردستان سەقامگیریی زیاتر لە رووی ئابووری و لە رووی سیاسیشەوە هەبێت، ئێمە بتوانین وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئەو پلانانە جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی باشترین تۆڕی رێگەوبانمان هەبێت لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: رەنگە لە هەرێمی کوردستان هێشتا بوونە خاوەنی شوقەیەک یان خانوویەک بۆ بەشێک لە گەنجان هێشتا هەر خەونێک بێت. ئێوە وەکو وەزارەت چیتان کردووە بۆ ئەمە، بۆ گەنجان؟
دانا عەبدولکەریم: خۆی لە ئەرکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن شتێکمان هەیە پێی دەوترێت دروستکردنی خانوو یان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی خاوەن دەرامەتی سنووردار، یانی ئەوانەی کە دەتوانین بڵێین بە مانایەکی تر کەمدەرامەتن. وە تا ساڵی 2012 حکومەتی هەرێمی کوردستان 9000 یەکەی نیشتەجێبوونی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و گرێبەستی بۆ کراوە لەگەڵ بەڵێندەران. وە ئەم 9000 یەکەی نیشتەجێبوونە بەشێکیان تەواوبوون، بەشێکیان تەواو نەبوون. بەڵام بەداخەوە وەکو پێشتریش باسم کرد بەهۆی گرفتە داراییەکانی کە حکومەت هەیبووە، ئێمەش وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نەمانتوانیوە، ساڵانە داواکاریمان هەبووە بۆ ئەوەی کە ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە تەواو بکەین، بەڵام لەبەر نەبوونی نەختینە و پارەی پێویست، رەزامەندی لەسەر نەکراوە و ئەو 9000 یەکەیە وەکو باسم کرد بەشێکی تەواوبووە و بەشێکی تەواو نەبووە. یانی دەتوانم بڵێم لە رووی نیشتەجێبوونەوە کارەکان وەکو پێویست نەبووە بەراستی، چونکە پارەی پێویست نەبووە بۆ تەواوکردنیان. ئەم 9000ـەش ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پێشنیازێکمان هەبوو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بە تەواوبووەکان و بە تەواونەبووەکانەوە هەمووی دابەش بکەین، بەڵام تا ئێستا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران نەهاتووەتەوە، ئەوان تەنیا رەزامەندییان لەسەر ئەوەیە تەنیا یەکە نیشتەجێبووە تەواوەکان دابەش بکەین بەسەر هاووڵاتییاندا. ئێمە بۆچوونمان جیاواز بوو، چونکە ئێمە چۆن ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان زەوی دابەش دەکات بەسەر فەرمانبەراندا، هەندێک لە زەوییەکان تەقریبەن لە ناوچە دوورەکانن تا پرۆژەی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەوبان و کارەبا و ئەوانەیان پێدەگات لەوانەیە نزیکەی چەندین ساڵی تری پێبچێت. منیش پێم باش بوو ئەم یەکانەش بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا دابەش بکەین کە کەمدەرامەتن، لە داهاتوودا لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان یەکەکانیان بۆ تەواو بکەین. واتە لە ئێستاوە هاووڵاتییەک بزانێت، جا ئەو هاووڵاتییە گەنجە، بەپێی شایستەکەی خۆی، ئەو فۆڕمانەی کە ئێمە لە وەزارەت بڵاومان کردەوە و ئەوان پڕیان کردووەتەوە بەپێی خاڵبەندییە، بەپێی ئەو خاڵبەندییەی هاووڵاتییەکە هەیەتی بزانێت لە داهاتوودا یەکەیەکی هەیە کە حکومەت بۆی تەواو دەکات و حکومەت پابەندە بەوەی کە ئەم یەکەیەی لە داهاتوودا بە تەواوکراوی رادەست بکات. بۆیە ئێمە پێمان باش بوو کە ئەو یەکانە دابەش بکەین بە تەواوبووەکان و تەواونەبووەکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رەزامەندیی ئەوانمان وەرنەگرتووەتەوە کە بەو کارە هەڵبستین، چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانین لەو بارەیەوە.
رووداو: ئەو 9000 یەکەی نیشتەجێبوونە ئەگەر تەواو ببێت و دابەش بکرێت بەسەر هاووڵاتییاندا، پێتان وایە بەشێکی پێداویستیی خەڵک پڕ دەکاتەوە و ئاستی ژیانی خەڵک، ئەوانەی کە چاوەڕێی ئەوەن ببنە خاوەنی شوقە و خانوو، باشتر دەبێت؟ پێتان وایە گۆڕانکارییەکی چۆن دروست دەکات لەنێو خەڵکدا؟
دانا عەبدولکەریم: بەتەئکید گۆڕانکارییەکی ئەرێنی دەبێت، 9000 یەکەی نیشتەجێبوون کەم نییە یانی، بەڵام بەو ژمارە زۆرەش نییە، چونکە ئێمە بەپێی ئەو فۆڕمانەی بڵاومان کردبووەوە نزیکەی 27000 کەس داواکاریی پێشکێش کردبوو. لەو 27000 کەسە، 9000 کەسی ئەگەر هەمووشی دابەش بکەین بە تەواوبووەکان و بە تەواونەبووەکان، 9000 کەسی بەردەکەوێت، واتە یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیەی کە فۆڕمەکانیان پڕ کردووەتەوە یەکەکانیان بەردەکەوێت. واتە هێشتا خەڵکی دیکە دەمێنێت کە پێویست دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریان بۆ بکات بۆ ئەوەی یەکەیان بۆ دابین بکات. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا تۆ لە سێ هاووڵاتی هاووڵاتییەک بتوانیت یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بۆ دابین بکەیت، بێگومان گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لەسەر دۆخی هاووڵاتییان دروست دەکات بەدڵنیایی.
رووداو: باشە. دابەشکردنی پرۆژەکان لە پارێزگا و لە ئیدارە سەربەخۆکان و لە ناوچەکان بەگشتی لەسەر چ بنچینەیەکن؟ ئایا لەسەر پێداویستیی ئەو شوێنەیە یاخود لەسەر ژمارەی دانیشتووانە یان لەسەر بودجەی نێوخۆیی پارێزگا و ئیدارەکانە؟
دانا عەبدولکەریم: خۆی راستییەک هەیە من دەبێت باسی بکەم، بەداخەوە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 تاوەکو ئەم کاتە و بەتایبەت لە ساڵی 2005ـیش کە ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی هەولێر یەکی گرتووەتەوە و خاوەنی یەک حکومەتی هەرێمین، بەڵام ئەم یەکگرتنەوەیە شەکلی بووە، یانی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی نەبووە، یانی تەنیا لە رووکەشدا حکومەتێکی یەکگرتووی هەرێممان هەبووە، ئەگینا لە رووی کارکردنەوە ئەم چەند ساڵەش لە دوای 2005 تا ئەم کاتەش ئێمە هەر بە دوو ئیدارەیی کار کراوە. وە ئەمەش رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر هەموو سێکتەرەکان، لەسەر هەموو وەزارەتەکان، لەسەر کارەکانی حکومەت بەشێوەیەکی گشتی. ئەوەی کە ئەم بنەمایەی ئێمە کارمان لەسەر کردووە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، هەوڵمان داوە بە هیچ شێوەیەک جیاوازی نەکەین. بەڵام لە ساڵی 2005 کە ئیدارەی سلێمانی و هەولێر یەکی گرتووەتەوە، خۆیان رێککەوتنێکیان کردووە لەنێوان خۆیاندا کە رێژەیەکە پێی دەوترێت 57 بە 43. واتە هەر شتێک، هەر داهاتێک کە لە بەغداوە دێت یان هەر بڕیاری هەر پرۆژەیەک دەدرێت یان هەر دابەشکارییەک دەکرێت، دەبێت ئەو رێژەیە لەبەرچاو بگیرێت: 57% بۆ سنووری ئیداریی پێشووی هەولێر، 43% بۆ سنووری ئیداریی پێشووی سلێمانی. وە لەسەر ئەم بنەمایە وەزارەتی پلاندانان ساڵانە و ئەنجوومەنی وەزیران کارەکانی خۆی کردووە و هەموو وەزارەتەکانیش تەقریبەن لەسەر ئەم رێژەیە رۆیشتوون. هەرچەندە ئێمە 100% پابەند نەبووین بەم رێژەیەوە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چونکە هەندێک ناوچە پێداویستیی زیاترە لە ناوچەکانی تر، واتە ئێمە پێداویستییەکانیشمان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام بە تەجاوزکردنی 57% بە 43%ـەکە بەراستی نەمانتوانیوە زۆر تەجاوزی بکەین، بەڵام وەکو خۆشی پابەند نەبووین پێوەی، ئەو شوێنانەی کە پێداویستیی زیاتری تێدایە هەوڵمان داوە پرۆژەی زیاتر و داخوازیی زیاتری بۆ بکەین. وە وا بزانم ئەو کاتی خۆشی ئەو 57 بە 43ـیە لەسەر با بڵێین خەمڵاندنێکی ژمارەی دانیشتووان کراوە بۆیە بەو شێوەیە دابەش کراوە. ئەمەش یەکێکە لەو گرفتانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی کە تا ئێستاش ئێمە پێوەی دەناڵێنین و ئومێدەوارم لە داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراوەیی بڕوات و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان و لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان پرۆژەکان دابەش بکات.
رووداو: باشە. پرۆژەی زۆرمان هەیە هی نیشتەجێبوون لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان. هیچ خاوەن کۆمپانیایەک یان خاوەن پرۆژەکان بەهۆی سەرپێچییەوە لە کوالێتی یان هیچ سەرپێچییەکی دیکە سزادراون لەم ماوانەی دواییدا؟
دانا عەبدولکەریم: مەبەستت پرۆژەکانی نیشتەجێبوونە، ئەوانەی کە ئەوان جێبەجێی دەکەن؟
رووداو: بەڵێ.
دانا عەبدولکەریم: پرۆژەکانی نیشتەجێبوون وەکو باسم کرد ئێمە تەنیا ئەو 9000 یەکەیەمان هەیە کە لای بەڵێندەرن، ئەوانەش بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانە وەستاون. بەڵام ئەو پرۆژانەی تر کە ئەگەر بەڕێزتان مەبەستانە نمە خان، ئەوانە لای دەستەی وەبەرهێنانن، لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نین، ئەوانە پرۆژەکانی وەبەرهێنانن. ئەو یەکانەی کە، ئەو هەموو یەکەیەی کە ئێستا ئەو هەموو باڵەخانەیەی تۆ دەیبینیت دەچێت بە ئاسماندا دروست دەکرێت، ئەوە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دەکرێت و پەیوەندیدارە زیاتر بە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانەوە، یانی کاری سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کوالێتیی پرۆژەکان لای ئێمە نییە، زیاتر پەیوەندیدارە بە دەستەی وەبەرهێنانەوە.
رووداو: باشە. پلانی درێژخایەنی ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستاندا چەند واقعییە لەگەڵ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو قەیرانەکانی کە ئێستا رووبەڕووی دەبێتەوە؟
دانا عەبدولکەریم: خۆی دوو شت دەبێت لەبەرچاو بگرین، راستە ئێمە بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی چ هەمانبووە لە رووی سیاسی و چ لە رووی ئابوورییەوە، بەرنامەکان هەموو کات لە کاتی خۆی جێبەجێ نەکراون. بەڵام تۆ ئەگەر گرفتەکانیشت هەبێت دەبێت پلانت هەبێت، یانی دەبێت پلانت هەبێت بۆ ئەوەی هەوڵی بۆ بدەیت چەندی جێبەجێ بکەیت. لەوانەیە بەپێی ئەم دۆخانەی کە بەسەر ئێمەدا تێپەڕیوە پلانەکانمان زۆر گەورەتر بووبن لەو واقعەی کە پێمان جێبەجێ کراوە. راستە لەوانەیە جۆرێک لە ناواقعییەت لەگەڵ پلانەکەدا هەبێت، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو گرفتانەی کە رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، هەم گرفتی ئابووری بوون و هەم گرفتی سیاسی بوون و ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی کە نەتوانرێت پلانەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت تۆ وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆتت هەبێت. وەکو پێشتریش باسم کرد ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پلانی 10 ساڵی داهاتووی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستانمان داڕشتووەتەوە کە ئومێدەوارین لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی دارایی و سەقامگیربوونی بارودۆخی دارایی بتوانین سەرجەم ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکرێن.
رووداو: وەکو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەگەر خۆت رەخنە لە خۆتان بگرن، چ گرفتێکی گەورە یاخود چ شتێک هەبووە کە بووەتە زەحمەتییەک بۆتان لە وەزارەتدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا؟ وە ئەگەر سەرەتا ببیتەوە بە وەزیر و کات بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای کارکردنت، چ شتێکت دەکرد جیاواز، لە چیدا جیاوازیت دەکرد و گۆڕانکاریت دەکرد لە کارەکانتدا؟
دانا عەبدولکەریم: بەڵێ. بێگومان تۆ نزیکەی حەوت ساڵ زیاتر تێپەڕی بەسەر دەستبەکاربوونمان، بە تەئکید ئەو خیبرەیەی ئێستا هەمانە لەگەڵ سەرەتای دەستبەکاربووندا نەمانبووە. ئەگەر ئێستا بچینەوە ئەو کاتە و بەم خیبرەیەی ئێستا، بێگومان لەوانەیە بتوانین کارێکی باشتر و ئەو کەمووکوڕییانەش کە هەمانبووە چارەسەریان بکەین. هیچ کەسێک بێ کەمووکوڕی نییە، کە مرۆڤ لە هەر کارێکدا کاری کرد بەردەوام کەمووکوڕیشی دەبێت و هەندێک جار رەخنەشی لێدەگیرێت. بەڵام ئەوەی کە من خۆم وەکو شەخسی لێی ویژدانم ئاسوودەیە، کە توانیومانە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا گوێ لە هەموو هاووڵاتییان بگرین، یانی هیچ هاووڵاتییەک نییە هاتبێتە ئەم وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە ئێمە نەمانبینیبێت. هیچ داخوازیی هیچ گوندێک، هیچ شارێک، شارۆچکەیەک یان رێگەی گوندێک هەبووبێت هاتبێتە ئێرە و ئێمە بەدەمیانەوە نەچووبێتین. وە من ناڵێم 100%، بەڵام ئەو پلانەی کە هەمانبووە زیاتر لە 60%ـیمان جێبەجێ کردووە و ئەمە وادەکات یانی کە جۆرێک لە ئاسوودەیی نێوخۆیی و ویژدانیمان هەبێت کە بەشێکی ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە. بەڵام بە تەئکید ئەو گرفتانە کەم نەبوون کە لەبەردەمماندا بوون، گرفتی زۆر زۆر هەبووە لەبەردەم کاری وەزارەت و گرنگترین گرفت کە ئێمە پێوەی ناڵاندوومانە بەراستی گرفتی نەبوونی نەختینە بووە، واتە گرفتی نەبوونی پارە بووە، چونکە بەشێکی زۆری پرۆژەکانی ئێمە پرۆژەی گەورەن، یانی پرۆژەیەکن کە پێویستیان بە پارەیەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و لەم بارودۆخە داراییە سەختەشدا دابینکردنی ئەو نەختینەیە کارێکی گران بووە. لەبەرئەوە یانی گرفتی سەرەکیمان کە هۆکاری سەرەکییە بریتییە لەوەی کە نەبوونی نەختینە بووە. سەرەڕای ئەوە گرفتێکی تریشمان هەیە ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و تەسەور دەکەم وەزارەتەکانی تریش هەیانبێت، ئەوەیە بەردەوام ئێمە خەڵکی خاوەن ئەزموون خانەنشین دەبن، بۆ نموونە تەمەنی دەگاتە 60 ساڵ دەبێت خانەنشین ببێت، هەرچەندە بەپێی یاساکانی پێشوو بوو لە 63 ساڵی خانەنشین کران، یانی خانەنشین بوون. ئێستا تۆ کەسێکت پێویستە ئەندازیارێکی باشە، کرێکارێکی لێهاتووە، فەرمانبەرێکی زۆر باشە، بە ناچاری دەبێت لە 60 ساڵیدا خانەنشینی بکەیت و لەولاشەوە ناتوانیت کەس دابمەزرێنیت بێتە شوێنەکەی. واتە ئێستا من لە هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانەکان چەندین مەکائینم هەیە بەهۆی ئەوەی کە شۆفێری مەکائینەکان خانەنشین بوون ناتوانین کەس بخەینە شوێنیان، مەکائینەکانمان جاری وا هەیە وەستاون یا جاری وا هەیە ناچارین بە کرێ شۆفێری بۆ بهێنین بۆ ئەوەی مەکائینەکان...
رووداو: ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەبێت، چۆن ئەو ئەزموونە دروست دەکرێتەوە کە گەنج و خەڵکی تازە دابمەزرێندرێن؟
دانا عەبدولکەریم: دەبێت بەردەوام، دەبێت بەردەوام لەگەڵ خانەنشینبوونی خەڵک تۆ بەردەوام دامەزراندنیشت هەبێت، بۆ ئەوەی قۆناخ بە قۆناخ، فەرمانبەری تازە دەچێتە شوێنی موەزەفێک کە خیبرەی زیاترە، ئەوی تر دەچێتە جێگەی ئەوی تر تا ئەمە وادەکات وەکو سووڕێکی تەواوە بۆ جێبەجێکردنی کارەکان. بەڵام تۆ لە شوێنێک کە خەڵکت لێ خانەنشین دەبێت و ناتوانیت جێگەکەی پڕبکەیتەوە، بۆشاییەک دروست دەبێت. ئەمەش یەکێکی ترە لەو گرفتانەی کە ئێمە هەمانبووە. بەداخەوە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ میلاکێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە زیاد نەکراوە و ئەمە وایکردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا بتوانێت بە گرێبەست خەڵک دابمەزرێنێت و ئەم گرێبەستەش سنووردارە، یانی نەتوانراوە وەکو پێویست کەمووکوڕییەکانی وەزارەتەکان پڕبکاتەوە بەراستی. واتە تاوەکو تۆ ئەو سووڕە بەتەواوەتی دەوری خۆی نەبینێت، دامەزراوەکانی تۆ گرفتیان دەبێت. یانی ئێمەش گرفتی دووەممان ئەوە بووە کە خەڵکێکی زۆرمان لێ خانەنشین بووە و نەمانتوانیوە جێگەکانیان پڕبکەینەوە.
رووداو: بەڵێ. بەڕێز دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، زۆر سوپاست دەکەم ئەمڕۆ لەگەڵمان بوویت.
دانا عەبدولکەریم: سوپاس بۆ بەڕێزیشت.


