کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Article hero image
بیروڕا

گۆڕینی دوای كۆرۆنا

0:00
0:00
قەبارەی دەق
ئاکۆ محەممەد
ئاکۆ محەممەد

27-03-2020

بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو

بابەتی پەیوەندیدار

کاتێک بەغدا نیوەی دەستوور جێبەجێ دەکات، کوردستان باجەکەی دەدات
بیروڕا27-11-2026

کاتێک بەغدا نیوەی دەستوور جێبەجێ دەکات، کوردستان باجەکەی دەدات

خالید ساڵح
خالید ساڵح
هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان
بیروڕا26-11-2026

هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد
پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟
بیروڕا26-11-2026

پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟

شێرکۆ میروەیس
شێرکۆ میروەیس
ڤایرۆسی كۆرۆنا (پەتای كۆڤید 19) تەنیا وەك پەتایەك نامێنتەوە، بەڵكو گۆڕانی گەورە لە بیركردنەوەی تاكەكەسەكان، حیزب، دەوڵەتان، نەتەوەكان لە جیهاندا دروستدەكات، هەروەها زۆر لە هاوپەیمانی و هاوبەشییە جیهانییەكان دەخاتەوە بەر پرسیار و داڕشتنەوەی تازە. ئەمانەش گۆڕانكاری گەورەی زانستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. 

ئەو گۆڕانكاریانەش لە بەرژەوەندی بیركردنەوە دەبن لە هەژاران و پێشكەوتنی زانستی، بەتایبەتیش زانستی پزیشكی و پێشكەوتنی ئاستی تەندروستی بۆ هەمووان، نەك بۆ چین و دەستەبژێرێك لە جیهاندا.

رەنگین و بەهەشت نیشاندانی جیهانی دوای كۆرۆنا، هەر خەیاڵێكی خۆشە، بەڵام گۆڕانی وشیاری خەڵك راستییەكی نزیكە و گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت. بەردەوامیش گۆڕان لە بیركردنەوەدا گۆڕانی ریشەیی كردەیی دروستكردووە. لەبەرئەوەش جیهانی دوای ئەو بیركردنەوەیە لەوانەیە رەنگینتر بێت. 

رۆژانە لە جیهاندا ژمارەیەكی زۆر زیاتر لەوانەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەمرن، بە پەتا و ڤایرۆسی دیكە دەمرن، ژمارەیەكی زۆرتر بەهۆی پەتا و ڤایرۆسی دیكە بە نەخۆشی لەدایكدەبن و لەگەڵ ئەو ڤایرۆسانەدا بە ئازار و نەخۆشییەوە دەژین، بەڵام ئەو مەرگەساتە ویژدانی بەشێكی زۆر كەم لە مرۆڤەكان دەهەژێنێت و زۆر كەم كەسیش كار بۆ رزگاركردنی ئەو مرۆڤانە دەكەن لەو ڤایرۆس و پەتایانە و، نابێتە جێگەی بایەخی لووتكەی دەوڵەتان و كاربەدەستانی جیهان. 

ئەی بۆچی جیهان بەوشێوەیە كاریگەر و داخبارە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا؟ چونكە بێ چارەسەرە تائێستا و، دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارانیش هیچ چارەسەر و پێكوتەیەكیان بۆ خۆیان و خێزان و خۆشەویستانیان دەستناكەوێت وەك هەژاران، بەڵام بێگومان لە هەژاران باشتر شێوەكانی خۆپاراستن و توانای باشتری چارەسەركردنیان لەبەردەستن. هەروەها پەتاكە خێرا بڵاودەبێتەوە، ئەوەش مەترسییەكەی زیاتر دەكات. 

هۆكاری دووەمیش ئەوەیە، كۆرۆنا جوڵەی ئابووری جیهانی و خۆشی بینینی لە جیهان وەستاندووە، ئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر هەموو مرۆڤەكان دروستكردووە، بە پلەی یەكەم لەسەر دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران. لەبەرئەوە ئەمجارە هەژاران و دەوڵەمەندان پێكەوە كەوتوونەتە ژێر كاریگەری یەكێك لەو پەتایانەی رووحی مرۆڤ و ئابووری دەكێشێت. 

ئەگەر مەترسی پەتای كۆرۆنا بەوشێوەیە گشتگیر نەبووایە بۆ هەمووان، بێگومان ئەو كاریگەرییەی لەسەر جیهان نەدەبوو وەك زۆر پەتا و ڤایرۆسی دیكە كە چەندین ساڵە ژیانیان لە زۆر كۆمەڵگە مەرگەساتبار كردووە. 

ئێستا كە مرۆڤ بیر لە جیهان دەكاتەوە، بیر لە كەم كاری و كەم كاریگەریی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكاتەوە، كە لەو دۆخەدا دەرگاكانی داخستووە، بەڵام لە هەمانكاتدا بیر لە كاری مرۆڤدۆستانەی بیل گەیتسی دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دەكاتەوە، كە بەر لە 12 ساڵ پڕۆژەی دروستكردنی ئاودەستی پێشكەوتووی لە ناوچە هەژارەكانی هیندستان و ئەفریقیا دەستپێكرد، بۆ ئەوەی دوو ملیار و پێنج سەت ملیۆن كەس كە لە جیهاندا ئاودەستی پاكیان دەستناكەوێت پارێزراوبن، هەروەها بۆ پاراستنی ساڵانەی گیانی 500 ملیۆن منداڵی تازە لەدایكبوو لە مردن. 

بیل گەیتس كە لەساڵی 2018 لە پێشانگەیەكدا لە چین نموونەی 20 جۆرە ئاودەستی گونجاوی دۆستی ژینگە و گونجاو بۆ ناوچە هەژارنشینە كەم ئاوەكان خستەڕوو، یەك شووشەشی بەدەستەوەبوو كە 200 ترلیۆن خانەی ڤایرۆسی و 20 ملیار بەكتیریای تێدابوو و 100 هەزار هێلكۆكەی كرمەكان، بۆ ئەوەی جیهان تێبگەیێنێت هەبوونی ئاودەستی پاك بۆ ژیانی مرۆڤ چەند گرنگە. 

راپرسییەكانی جیهان لەسەر دەستنەشووشتنی خەڵك لە دوای چوونە ئاودەست لە جیهاندا زۆر شۆكهێنەرن، بەڵام بێگومان ئەو هەڵمەتە وشیاركردنەوەیەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا هەموو جیهانی گرتەوە، گۆڕانێكی گەورە لە كولتووری مرۆڤ و زۆربەی كۆمەڵگەی وڵاتانی جیهاندا دروستدەكات، بەڵام بێگومان بەشێكی زۆر ناوچەی جیهانیش بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراكی پێویست و توانای دارایی باش، ناتوانن ئێستا هەموو ئەو پێداویستیانەی ژیانێكی پاك بەدەستبێنن، بەڵام وشیارییەكەیان ئەوەندە دەچێتە سەرەوە كە بزانن پێویستە هەوڵی زیاتری بۆ بدەن. 

جیهان لەڕووی تەكنەلۆژییەوە زۆر پێشكەوتووە، بەڵام پەتای كۆرۆنا ئەوەی نیشاندا، جیهان لەڕووی تەندروستییەوە هاوشێوەی بواری ئابووری و تەكنەلۆژی پێشكەوتوو نییە، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی پەتا تازەكاندا بێ توانایە، چونكە دەوڵەتان بایەخیان بەو هوشدارییانە نەداوە كە پێشتر رێكخراوی تەندروستیی جیهان سەبارەت بە دابینكردنی بودجەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتا چاوەڕوانكراوانە داویانە. 

بێگومان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و بەهۆی بەرزبوونەوەی وشیاری خەڵك، چاوەڕواندەكرێت بودجەی تەرخانكراو لەسەر ئاستی نیشتیمانی و جیهانیدا بۆ تەندروستی زیاتر ببێت. هەروەها ئەو گفتوگۆیەی ئێستا كە دەڵێت پێویستە رەچاوی یەكسانی لە پاراستن و چارەسەر لە سیستەمی تەندروستی جیهانیدا رەچاوبكرێت، بۆ ئەوەی چارەسەرە پزیشكییەكان بگەنە كۆمەڵگە هەژار و دەوڵەمەندەكان پێكەوە، بایەخێكی زۆری هەیە. 

راستە یەكسەر یەكسانی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، بەڵام نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەخاتە بەردەم داواكارییەكی زۆر جیدی، ئەگەر نەڵێین دەیخاتە بەردەم شەرمێكی زۆر گەورە. 

لەڕووی سیاسییەوە، پەتای كۆرۆنا زۆر گۆڕانكاری گەورە بەسەر بیركردنەوەی خەڵكدا دەهێنێت، كە ئەوەش بەشێوەیەكی ئاشكرا لەسەر سیاسەتی وڵاتانی سیستەم دیموكراسیدا رەنگدەداتەوە. ئەوكاتەی ئیتاڵییەكان بیر لەوە دەكەنەوە ئەو رۆژەی باوك و دایك و خۆشەویستانیان بەكۆمەڵ و بەبێ ئامادەبوونی خۆیان نێژران، لەجیاتی یەكێتی ئەوروپا، چین یارمەتی ئیتاڵیای دەدا، ئەوە گۆڕانێكی گەورە دروستدەكات لەشێوەی بیركردنەوەیاندا، بەتایبەتیش كە ئێستا راستڕەوی لە ئەوروپا لەبرەودایە. 

ئەوەش بێگومان گفتوگۆیەكی زۆر تووند لەسەر شێوەی كاركردن و مانەوەی یەكێتی ئەوروپا و هاوبەشییەكانی نێودەوڵەتییەكانی جیهان دەهێنێتە كایەوەو، هاوبەشی تازە دروستدەكات. هەروەها سیاسەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەهێزدەكاتەوە و هاوبەشی ناوچەیی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، ئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بازرگانی ئازاد دەبێت. ئەو قسەیە لە ئێتاڵیا و زۆر وڵاتی دیكەی یەكێتی ئەوروپادا زۆر بەهێز دەبێت، كە یەكێتی ئەوروپا چوارچێوەیەكە بۆ دابینكردنی بازاڕێكی ئازاد بۆ كاڵاكانی ئەڵمانیا. 

لە هەمانكاتدا هاووڵاتیانی هەموو جیهان، بیر لە كاری حكومەت و سەركردە و سیاسەتڤانەكانی دەكاتەوە، كە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا چۆن كاریانكردووە و چەند لەسەر كاربوونە و چەند لەگەڵ گەلی خۆیان بوونە. ئێستا هەموو خەڵك و كۆمەڵگەكان لە قەیراندان، بەڵام دوای قەیران شیكردنەوەی كاری حكومەت و سەركردەكان دەبێتە گفتوگۆیەكی زۆر گەرمی ناوخۆیی وڵاتان. 

بێگومان شێوازی تازەی كاركردنیش پەیدا دەبن، كە ئەوە هۆكار و شوێنی كاركردنی تازەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش بە درێژایی مێژوو گۆڕانی بنچینەیی لە بیركردنەوە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا لەگەڵ خۆی هێناوە. 

بابەتی پەیوەندیدار

کاتێک بەغدا نیوەی دەستوور جێبەجێ دەکات، کوردستان باجەکەی دەدات
بیروڕا27-11-2026

کاتێک بەغدا نیوەی دەستوور جێبەجێ دەکات، کوردستان باجەکەی دەدات

خالید ساڵح
خالید ساڵح
هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان
بیروڕا26-11-2026

هەوڵی بەغدا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد
پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟
بیروڕا26-11-2026

پاکێجێک دژی هەرێمی کوردستان یان دەرچەیەک بۆ چارەسەر؟

شێرکۆ میروەیس
شێرکۆ میروەیس
پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە