پیتەر پیکسڵ
وەرگێڕانی: فریا یوونسی
من شتێکی وا لەبارەی مامە "یۆدۆک" نازانم، ئەوەندە نەبێ دەزانم مامەی باوەگەورەم بووە. نازانم سەروسەکوتی چۆن بووە، نازانم لە کوێ ژیاوە و پیشەی چی بووە؟ تەنیا نێوی دەزانم: یۆدۆک. هیچ کەسێکی دیکەش بەو ناوە ناناسم. باوەگەورەم، حەکایەتەکانی بە رستەی "ئەودەم کە مامە یۆدۆک زیندوو بوو..." یان "ئەو جارەی کە من سەردانی مامە یۆدۆکم کرد..." یان "ئەو کاتەی مامە یۆدۆک ڤیۆڵۆنێکی بە دیاری پێدام" دەستپێدەکرد، بەڵام هەرگیز، هیچ شتێکی لە مامە یۆدۆک نەدەگێڕایەوە. تەنیا باسی ئەو رۆژگارانەی دەکرد کە یۆدۆک زیندوو بووە و لە سەفەرێکی بۆ سەردانی یۆدۆک، یان لە ڤیۆڵۆنی مامە یۆدۆک دەدوا.
کاتێکیش لێیان دەپرسی: ئەو مامە یۆدۆکە کێ بووە؟ دەیگوت: پیاوێکی تا بڵێی بلیمەت. دایەگەورەم، بە هیچ بارێکا، وەها مامێکی باوەگەورەمی نەدەناسی و باوکی منیش کاتێک ناوی دەبیست، دەیدایە پڕمەی پێکەنین و کاتێکیش باوکم پێدەکەنی، باوەگەورەم تووڕە دەبوو. جا دایە گەورەم دەیگوت: ئەها، ئەها، یۆدۆک، یۆدۆک... ئەوسا باوەگەورەم هێمن دەبووەوە. ماوەیەکی زۆر پێموابوو مامە یۆدۆک، دارستانوان بێ، چونکە جارێکیان کە بە باوەگەورەمم گوت: دەمەوێ ببمە دارستانوان، گوتی: ئەرێ، ئەرێ، بێگومان ئەگەر مامە یۆدۆک مابایە، زۆری پێ خۆش دەبوو. بەڵام کاتێک ویستم ببمە شۆفیری شەمەندەفەر، یان تەنانەت ئەو کاتانەی کە نەمدەویست ببمە هیچ، دیسان باوەگەورەم هەر ئەو قسەیەی دەکرد. باوەگەورەم هەمیشە دەیگوت: ئەرێ، ئەرێ، بێگومان ئەگەر مامە یۆدۆک مابایە، زۆری پێ خۆش دەبوو. بەڵام باوەگەورەم درۆزن بوو. هەڵبەت من خۆشمدەویست ها، کەچی لە درێژایی ژیانیدا، درۆزنی لێدەرچووبوو. زۆربەی جار دەچووە گیان تەلەفۆنەکە، بیستۆکەکەی بە دەستەوە دەگرت، ژمارەیەکی دەگرت و دەستی دەکرد بە قسەکردن: "سڵاو مامە یۆدۆک، چۆنی مامە یۆدۆک، نا، نا برا مامە یۆدۆک، ئەرێ، ئەرێ، دیارە، بێگومان مامە یۆدۆک..." ئێمەش دەمانزانی هەمووی لەخۆوەیە. دایەگەورەشم ئەوەی دەزانی، کەچی بەو حاڵەشەوە پێیدەگوت: ئەوەندە تەلەفۆن مەکە، گرانمان لەسەر دەکەوێ. باوەگەورەم دەیگوت: دەی مامە یۆدۆک، ئیتر دەبێ دایخەمەوە، کارێکت نییە؟ جا دەگەڕایەوە و دەیگوت: مامە یۆدۆک هەواڵی هەمووتانی پرسی.
سەرەتا هەمیشە دەیگوت "کاتێ مامە یۆدۆک زیندوو بوو..." بەڵام دوایی وای لێهات دەیگوت "دەبێ جارێک سەردانێکی بکەین"، یان دەیگوت "حەتمەن مامە یۆدۆک سەردانێکمان دەکات". ئەوسا دەیکێشا بە ئەژنۆکانیدا. چونکە ئەوە زۆر جێی رەزامەندی نەبوو، ئەویش لەوە تێدەگەیشت و بێدەنگ دادەمرکا و بۆ ماوەیەکی کورت، وازی لە مامە یۆدۆک دەهێنا. ئێمەش پشوویەکی باشمان دەدا.
بەڵام زۆری پێ نەدەچوو دیسان دەستی پێدەکردەوە: "هۆی پێموابێ مامە یۆدۆک بوو تەلەفۆنی کرد.. پێموابێ ڕوانگەی یۆدۆکیش هەر ئەوە بێ.. کڵاوی ئەو کابرایە چەنێک لە کڵاوەکەی مامە یۆدۆک دەچێ.. مامە یۆدۆک زۆری حەز لە پیاسەیە، مامە یۆدۆک بەرگەی هەموو سەرمایەک دەگرێ.. مامە یۆدۆک ئاژەڵی خۆشدەوێ و پێی خۆشە لەگەڵیان پیاسە بکات و لە هەموو ساردوسەرمایەکدا پێیخۆشە لەگەڵ ئاژەڵەکاندا بچێ پیاسەیەک بکات.. مامە یۆدۆک بەرگەی هەموو سەرمایەک دەگرێ..."
باوەگەورەم ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر باسی مامە یۆدۆکی دەکرد. ئەو هەموو شتێکی بە مامە یۆدۆکەوە دەناسی و خەڵکیش رۆژبەڕۆژ زیاتر لە باوەگەورەم دەترسان. ئەو تازە خەریکبوو دەستیشی بەو ئیدعایە دەکرد کە یۆدۆک هەر ناشناسێ. باوەگەورە ئەو مامە یۆدۆکە کێ بووە؟ بەڵام باسکردن لەگەڵیدا هیچ ئەنجامێکی نەبوو. چونکە بۆ ئەو جگە لە یۆدۆک هیچ کەسێکی دیکە بوونی نەبوو.
ئیتر بە پۆستەچیی دەگوت: بەیانیت باش کاک یۆدۆک... دوایی منی بە نێوی یۆدۆک بانگ کرد و دواجار نێوی هەموو خەڵکیشی نا یۆدۆک. جاروبار یۆدۆکی بە یۆدۆکە ئازیزەکەم بانگ دەکرد. جنێوەکانیشی ببوونە "ئەی یۆدۆک"، نەفرینەکانیشی "بڕۆ بە یۆدۆک". چیتر نەیدەگوت من برسیم، دەیگوت "من یۆدۆکم"، دواتر تەنانەت منەکەشی نەدەگوت و ئەم ڕستەیە دەبوو بە "یۆدۆک یۆدۆکم".
ڕۆژنامەی بە دەستەوە دەگرت، لاپەڕەی یۆدۆک و یۆدۆک، واتە ڕووداوەکان و کارەساتەکانی دەکردەوە و دەیخوێندەوە: "لە یۆدۆکدا ڕووداوێک نزیکی یۆدۆک پێشهات کە دوو یۆدۆکی لێکەوتەوە، یۆدۆکێک درا بە یۆدۆکی یۆدۆکێکی دیکەدا و یۆدۆکێک دوای ئەوە، یۆدۆکێک لە یۆدۆکێکی دیکەدا بە یۆدۆکێکەوە، یۆدۆکا". دایەگەورەم، قامکەکانی دەخستە نێو گوێیەکانیەوە و دەیقیژاند "من چیتر بەرگەی بیستنی ئەم قسانە ناگرم، تێدەگەی؟ من بەرگەی ئەم قسانە ناگرم ئیتر..." بەڵام باوەگەورەم وازی نەدەهێنا، باوەگەورەم لە هەموو ژیانیدا وازی نەهێنا. زۆریش ژیا. منیش باوەگەورەمم زۆر خۆشدەویست. ئەگەرچی لە کۆتایی ژیانیدا جگە لە یۆدۆک، هیچی دیکەی نەدەگوت، بەڵام زۆر باش لە قسەی یەک تێدەگەیشتین. من زۆر بچووک بووم و باوەگەورەم زۆر گەورە بوو. ئەو منی لەسەر ئەژنۆکانی دادەنیشاند و یۆدۆکی یۆدۆکیی بۆ یۆدۆک، دەیۆدۆکاندەوە و ئەمەش بەو مانایە بوو کە ئەو بەسەرهاتی مامە یۆدۆکی بۆ من دەگێڕایەوە. منیش زۆرم حەز لەو حەکایەتانە بوو، کەچی هەموو ئەوانەی لە من گەورەتر و لە باوەگەورەم بچووکتر بوون، تێینەدەگەیشتن و نەیاندەویست ئەو من لەسەر ئەژنۆکانی دانیشێنێت. کاتێک مرد، من زۆر گریام. بە هەموو خزم و قەومەکانم گوت کە لەسەر کێلی قەبرەکەی، لەبری "فرێدریش کلاوزوێل"، بنووسن "یۆدۆک یۆدۆک". چونکە باوەگەورەم بێگومان وای پێ خۆش بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە زۆر زۆر گریام، کەس گوێی بۆ قسەم نەگرت.
ئیستاش حەیف، زۆر حەیف کە ئەم چیرۆکە راست نییە. وەکوو قسەکانی باوەگەورەم. چەنێکیش حەیف کە باوەگەورەم درۆزن نەبوو. چەندە حەیفیش کە زۆر پیر نەبوو. من هێشتاکە زۆر منداڵ بووم کە باوەگەورەم مرد. من تەنیا ئەوەندەم لە باوەگەورەم لەبیرە کە چۆن بوو جارێک گوتبووی :کاتێک مامە یۆدۆک زیندوو بوو... دایەگەورەشم کە زۆر خۆشیی لێی نەدەهات، بە سەریدا نەڕاندبووی: بەسی کە بەم یۆدۆکەتەوە... باوەگەورەشم خەمێک دایگرت و بێدەنگ بوو. دوایی داوای لێبوردنی کرد. ئەو ڕۆژە زۆر تووڕە بووم. تا ئەو جێیەش لە بیرم بێ، یەکەم جارم بوو لە شتێک تووڕە بووبم. وەها کە نەڕاندم: منیش ئەگەر مامە یۆدۆکێکم هەبووایە، باسی چیتر بێجگە لەوم نەدەکرد. ئەگەر باوەگەورەشم ئەو کارەی کردبایە، بەڕاستی ئەو کارەی کردبایە، ڕەنگە زیاتر زیندوو دەمایەوە و من هێشتاش باوەگەورەیەکم دەبوو کە زۆر باش لە قسەی یەک تێدەگەیشتین.



