هەموو رۆژانی دووشەممە و سێشەممە ئەجێنداکەم لەلایەن سکرتێرەکەمەوە پڕکراوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی هەفتانە لەگەڵ ئەفسەرانی نێو بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆم و بەرپرسی بنکەکانی پۆلیس لەو ناوچەیە یان کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگارەکانی ئەو ناوچەیەی من بەرپرسیارێتی پۆلیسم لەسەرشانە. رۆژی سێشەممەیە و کاژێر سێی پاشنیوەڕۆیە کاتێک یەکێک لەئەفسەرەکان بە گوێچکەمدا دەچرپێنێت کە نامەیەکی بۆهاتووە لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنەوە کە بەڕێوەن بۆ رووداوێکی هاتووچۆ و داوای یارمەتی لەو دەکەن بۆئەوەی کۆبوونەوەکە بەجێ بهێڵێت بۆئەوەی هاوکاری و پشتیوانی بۆ پۆلیسەکانی فریاکەوتن رێکبخات.
لە هۆڵەندا هەموو بنکەیەکی پۆلیس بەشی فریاکەوتنی خۆی هەیە و پاش کاژێرێک هەواڵم پێدەگات کە شەش پۆلیسی ئێمە لەسەر رووداوەکەن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، چونکە ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆر خۆی کێشاوە بە درەختێکدا و پاش گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، شۆفێرەکەی بەجۆرێک سووتاوە کە ناناسرێتەوە. هەرچەندە لە ساتی یەکەمەوە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە و زانیاریی کۆمپانیا و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ پۆلیس ئاشکرابوو، بەوپێیەی پۆلیسی ئەم وڵاتە تەلەفۆنی زیرەکی پێیە و ئەو تەلەفۆنە بەستراوەتەوە بە تۆڕی زانیاریی پۆلیس و بە زووترین کات زانیاری لەسەر هاووڵاتیان یان ئۆتۆمبێل پیشاندەدات. بەڵام لە رووداوی وادا نەک پۆلیس، بەڵکو کەس ناتوانێ بەدروستی و بەپەلە بزانێت تەرمەکە کێیە. خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەیە، یان کەسێکی دیکە لێیخوڕیوە. لەحاڵەتی وادا داواکاری گشتی بڕیار دەدات کە پۆلیس دەست بەسەر تەرمەکەدا بگرێت بۆلێکۆڵینەوە لە چۆنێتی و هۆکاری رووداوەکە و ناسینەوەی ناسنامەی شۆفێرەکە یان نا. بۆیە لەوکاتەی پۆلیس دەگاتە شوێنی رووداوەکە، ئیدی بەپێی یاسا هیچ کەسێکی دیکە بۆی نییە قسە لەسەر کەیس و ناسنامەی کەسەکە بکات و بۆشی نییە هەڵسوکەوت لەگەڵ تەرمەکەیان ئۆتۆمبیلەکە بکات. ئەمە مانای ئەوەیە کە کارمەند و ئەفسەرێکی پۆلیس بەیاسا رێگرییان لێکراوە و بۆیان نییە هیچ زانیارییەک لە هیچ شوێنێک بڵاوبکەنەوە.
وەک بەرپرسی پۆلیس لێپرسراوێتیی منە کە هەواڵی ئەو شەش پۆلیسە بپرسم کە دۆخی تەندروستی و بەتایبەتیش دەروونییان چۆنە. پاش بینینی رووداوێکی وا کە مرۆڤێکیان بینیوە بەتەواوەتی سووتاوە، کاری سەرەکیی من ئەوەیە سەلامەتیی ئەوان بپارێزم. ئەم کارە لەنێو دەزگاکەمدا وا رێکخراوە کە تیمێکی پسپۆری پۆلیس پەیوەندی بە هەر شەشیان دەکەن و قسەیان لەگەڵ دەکەن بۆئەوەی بزانن دۆخیان چۆنە. ئەگەر پێویستیان بە حەوانەوە یان پزیشکی دەروونی هەبوو ئەوە رەوانەی لای پزیشکی پسپۆری پۆلیس دەکرێن یان بەگوێرەی پێویست هاوکاریان بۆ رێکدەخرێت. بەجۆرێک بە زووترین کات بە مێشک و جەستەیەکی باشەوە بچنەوە نێو کۆمەڵگە بۆ خزمەتکردن. ئەم فەلسەفەیەی خزمەتکردنی پۆلیس لەوەوە هاتووە کە تەنیا پۆلیسێکی بەجەستە و مێشک تەندروست دەتوانێت لەسەر شەقام خزمەتی هاووڵاتی بکات، بۆیە خۆشگوزەرانی و تەندروستیی کارمەندانی پۆلیس کاری هەرە لەپێشە لە دەزگای ئێمەدا.
پاش بردنی تەرمە نەناسراوەکە بۆ نەخۆشخانە بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ناسنامەکەی، پەیوەندیم پێوەکرا کە لەڕێگەی شیکاری بۆ ددانەکانی تەرمەکە ناسنامەی دروستی دۆزراوەتەوە ودەزانین ناو و ناونیشانی کوێیە. ئەم شێوازی ناسینەوەیە بۆ ئێمە تەنیا رێگەی دروستە کە بزانین شۆفێرەکە کێیە. پاشان تیمێکی دوو کەسی پۆلیس خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بەردەستی پۆلیس لەسەر کەسەکە و رووداویکۆچکردنی و تیمەکە دەچێتەوە سەردانی ماڵی کەسە مردووەکە بۆئەوەی بەحورمەتەوە و بەشێوازێکی پڕۆفیشیۆناڵ بەکەس و کاری مردووەکە بڵێن کە رووداوەکە کەی و چۆن و لەکوێ روویداوە و خۆشەویستەکەی ئەوان چۆن کۆتایی بەژیانی هاتووە. زۆربەی کات ئەو پۆلیسەی کە یەکەمجار دەچێتە سەر تەرمەکە لەگەڵ ئەو تیمەی پۆلیس دەچێتە سەردانی کەسوکاری مردووەکە بۆئەوەی پێیان بڵێت دواهەناسەکانی ژیانی چۆن بووە یان بۆ نموونەبەبێ ئازار مردووە یان داواکاری چی بووە. لە پۆلیسی هۆڵەندا هەموو ئەندامێکی دەزگای پۆلیس بەبێ جیاوازیی پلە و پایە مەشقی ئەوەی پێکراوە کە چۆن هەواڵی ناخۆش لەسەر مردنی کەسێک بۆ کەسوکاری مردووەکە بەیان بکات. ئەم شێوازی کارکردنە هەر رێزێک نییە بۆ کەسی مردوو یان کەسوکارەکەی بەڵکو شێوازێکی تەندروستە بۆئەوەی زانیاریی دروست لەسەر کەسی مردوو لەپێشدا بەشێوازێکی رێکخراو بە کەسوکاری بدرێت پێشئەوەی لەلای میدیا و هاووڵاتی دیکە بڵاوبکرێتەوە. لەهەمان کاتدا بەم شێوازە متمانەی هاووڵاتی بە دەزگای پۆلیس زیاتر دەبێت و هاووڵاتی دەبینێت و پێیدەزانێت کە پۆلیس بە چ شێوازێک کات و پارەی دەوڵەت بۆ خزمەتی ئەو خەرج دەکات.
تەلەفۆنم بۆ یەکێک لە ئەفسەرەکانم کرد کە بەرپرسی ئەو پۆلیسانەیە کە چووبوونە سەر رووداوەکە بۆئەوەی بزانم دەنگوباسیان چۆنە و چیان بۆکراوە. کاتێک کۆتاییم بە قسەکانم هێنا و لەسەر تابلێتەکەم سەیری فەیسبووکم کرد، پۆستی ئەفسەرێکی پۆلیسم لە کورستان بینی کە تابلۆی ئۆتۆمبێلێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی پۆلیس داوا لەهاووڵاتیان دەکات پێمان بڵێن کێ خاوەنی ئەم سەیارەیە، چونکە هەموو خێزانەکەیان لە ئۆتۆمبیلەکەدا پێش چەند خولەکێک بەجۆرێک سووتاون کە کەس نایانناسێتەوە.
لەڕاستیدا بۆچەند ساتێک سەرسام بووم بەو رووداوە. لەسەرێکەوە بە رووداوێکی وا ناخۆش کە چوار کەس بەو شێوازە گیان لەدەستبدەن نیگەران بووم، لەسەرێکی دیکەشەوە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی پۆلیس لەگەڵ ئەم جۆرەرووداوانە کە بەداخەوە دوورە لەکاری پرۆفێشنەڵی پۆلیسی ئەم سەردەمە و کەمتەرخەمییە بەرامبەر ئەو کارە گرنگەی پۆلیس بەرپرسیارە لێی.
لە رووداوی وادا بڵاوکردنەوەی تابلۆیەک هیچ زانیارییەکی دروستت ناداتێ لەسەرسەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلێک. تۆ نازانێت ئایا ئەو تابلۆیە هی ئەو ئۆتۆمبێلەیە یان نا، تەنانەت ئەگەر بە ئۆتۆمبێلەکەشەوەبێت یان ئەگەر لەسەر جادەش دۆزرابێتەوە. تۆ نازانیت ئەو ئۆتۆمبیلە فرۆشراوە، بەکرێ دراوە، دزراوە، قەرزکراوە یان دەستی بەسەرداگیراوە. واتە بەهیچ جۆرێک مەرج نییە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە یان خانەوادەکەی بەشێک بن لەمردووەکان. بۆیە تابلۆیەک لە حاڵەتی وادا هیچ جۆرە زانیارییەکی دروستتت ناداتێ. دۆزینەوەی ناسنامەی چوار سەرنشینی سووتاو بەجۆرێک کە ناناسرێنەوە کاری پەلە نییە و ناشارستانییە کە وەک دەزگای فەرمی لەسەر سۆشیال میدیا بانگەوازی بۆبکەیت کە هاووڵاتی زانیاریت بداتێ. ئەگەر وەک دەزگای فەرمیی وڵات چەند هەفتەیەک لێکۆڵینەوەت کردبێت و زانیاریت دەستنەکەوێت، ئینجا ئاسایی دەبێت داوای هاوکاری لە هاوولاتیان بکەیت.
پاشان سەیرە نەزانیت مردووەکان کێن، بەڵام بە خەڵک بڵێیت خێزانێکی چوار کەسین. کێ دەڵێت خێزانن، کێ دەڵێت خێرا لێخوڕین هۆکارە، کێ دەڵێت خۆکوشتن نییە، تەکنیکی ئۆتۆمبێلەکە نییە؟ دەیان و سەدان پرسیار هەیە کە پۆلیس دەبێت بیکات و بەدوای وەڵامدا بگەڕێت پێشئەوەی هیچ لێدوانێک لەسەر رووداوی وا بدات. پاشان کە رووداوەکە روویدابێت و کەسەکان کۆچیان کردبێت، ئیتر بۆدەبێت لەماوەی چەند خولەکێکدا بزانرێت کێن، یان بۆدەبێت هەموو جیهان لەپێش کەسوکاریان بزانێت کە سووتاون و مردوون، لەبەرئەوەی تۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوت کردووەتەوە؟ یەکێک لە زەحمەتترین کاری پۆلیس و حکومەت ئەوەیە متمانەی هاووڵاتی بەدەست بهێنێت بۆ زامنکردنی ئاسایش، هەربۆیە دەبێت زۆر زۆر ئاگاداری ئەوە بیت چی دەڵێیت و چۆن دەیڵێیت، چونکە هەموو زنیارییەکی نادروست لەلایەن ئەو دەزگا فەرمییانەوە متمانەی هاووڵاتی کەمتر و کەمتر دەکاتەوە.
پەروەردە ومەشقپێدانی کارمەند و ئەفسەرانی پۆلیس کاری حکومەتە و تەنها لەوە پێکنەهاتووە مووچە و دەوامیان بۆ رێکبخەیت. کاتێک کارمەند و ئەفسەری پۆلیس لەسەر سۆشیال میدیا بەجلی فەرمییەوە ئەو جۆرە رووداوانە بە لێدوان و شیکردنەوەی خۆیانەوە بڵاودەکەنەوە ، هاووڵاتی وادەزانێت ئەمە هەواڵ و بۆچوونی حکومەتە. هەرچەندە لەم کەیسەدا پۆلیس بەفەرمی لەڕێگەی میدیاوە لەسەر بنەمای تابلۆی سەیارەکە داوای زانیاریی کردووە، بەڵام بەدەیان پۆلیس و ئەفسەر بەجلی فەرمییەوە هەمان داواکارییان بڵاوکردووەتەوە. هەربۆیە لەکاتی رووداوی لەم جۆرەدا هیچ جیاوازییەک نابینرێت لەنێوان کارمەندی دەزگای حکومی و هاووڵاتییەکی ئاسایی. هەردووکیان بەبێ هیچ فیلتەرێک و رێزگرتن لە ژیان و مردنی مرۆڤەکە لەسەربنەمای هەست و سۆز مامەڵە دەکەن. ئەمە بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی کارێکی ناشارستانییە، بەڵام بۆ کارمەندێکی حکومی هەڵەیەکی کوشتندەیە، چونکە متمانەی خۆی و دەزگاکەی لەدەست دەدات لەنێو کۆمەڵگەدا.
·ئەفسەری باڵا لە پۆلیسی هۆڵەندا



