ئەم بەیانییە (17-12-2021) زۆرینەمان بە هەواڵی ناخۆشی لافاوەکەی هەولێر بەئاگاهاتینەوە. دەنگوباسەکان زۆر ناخۆش بوون. ماڵوێرانییەکی زۆر، خنکان، سەروماڵ لەناوچوون و لیتەباران!
یەکسەر وەک خویەکی رۆژانەم رامکردەسەر جەنک داتا، جەنک داتا واتا زبڵخانەی داتا! بە کوردییەکەی خۆمان بڵێم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گاڵتە ناونەنراوە جەنک داتا! چونکە هەرچی بشێ و نەشێ، دەستی نووسینت هەبێ و نەبێ، رێنووسزان بی یان نەزان، قسەکانت شەکرەسێو بێ یان ژەهری مار! کێشە نییە و پۆست بکە بە ئارەزووی خۆت!
لەم زبڵدانەدا، چەندێک خەم و هاوسۆزیم بۆ ئەو کارەساتەی هەولێر بینی، هەزار ئەوەندە جنێو و "رەخنە" و قسەی نەشیاوم بەرچاوکەوت. دیارە ئەوە خوویەکی خراپی ئێمەیە لەگەڵ بوویەرەکاندا، ئیدی بوویەر خۆش بێت یان ناخۆش، تەنانەت کارەساتی نەتەوەییش بێت، وەک ئەمەی ئەمڕۆی هەولێر! لای زۆربەمان کێشە نەبووە، گاڵتەجاڕیی خۆمانمان لەو زبڵدانەدا هەر نیشانداوە. جنێومان هەر داوە و دەدەین.
لە رۆژە رەشەکان و کارەساتبارەکان، سۆشیاڵ میدیای گەلانی ترم دیوە. تەنانەت کەم شۆخی-شی تێدا دەبینرێت، نەخواستە گاڵتەجاڕی و جنێو.
کەسانی ناکورد، لەو رۆژە رەشانەدا لەگەڵ یەکدا دەوەستن، جنێو و رەخنە بەگشتی جارێ لە ئارادا نییە تاوەکو کارەساتەکە تێدەپەڕێنن. یارمەتیی لێقەوماوان دەدەن. هێوریان دەکەنەوە، بێنوایان دەکەنە خاوەن نوا، برسییەکان تێردەکەن، نەخۆشەکانیش دەرمان!
تەنها و تەنها ئێمە نەبین. بەگشتی، لە بەیانیی ئەمڕۆوە، زانا و نەزانمان، گەورە و بچووکمان، خەریکی گاڵتەجاڕی و جنێوین..
لەجیاتی ئەوەی هەر یەکێکمان جووتێک جزمە لە پێ بکەین و خاکەنازێک بەدەستەوە بگرین، شار پاکبکەینەوە، ئاوەڕۆکان ئازاد بکەین، بە هاوشاری و هاوزمانە هەولێرییەکانمان بڵێن لەگەڵتانین، خەفەتبارین و زۆر کاری پێویستی تریان بۆ بکەین، کەچی هەر جنێو دەدەین بە هەموو شتێک، بە حکومەت، بە ماستەرپلان، بە باڵەخانەی ئمپایەر، بە نازانم کوێ-سیتی.. هەر دادەگرینەوە! کۆستکەوتووانیش بە تەنهان، ماڵیان پڕ لە قوڕ و لیتەیە.. پرسەکانیان چۆڵ و وەک پێویست نییە.. هەیە خۆی، دایکی و داپیری خنکاون. کەسوکاریان پێویستیان بە دڵخۆشیی ئێمەیە.. جنێو چییان بۆ دەکات..
لە هەمووی کارەساتاویتر، ئەمڕۆ هەولێر پرسەیەتی و کۆستی کەوتووە و هەر بەڕاستیش کارەساتێکی نەتەوەییە، کەچی لە سلێمانی ڤیستیڤاڵی هونەرە! دەی بەڵام دا لە هونەر و ڤیستیڤاڵەکانی ئەگەر لەگەڵ ئازارەکانی خەڵکی خۆیدا نەبێت! دەبووایە ئەو ڤیستیڤاڵە بەلایەنی کەمەوە بۆ چەند رۆژێک دوابخرایە و سلێمانی پرسەی نیشتمانیی رابگەیەندایە!
کارەسات دەبێت تێپەڕێت، ماڵەکان پاک ببنەوە، کۆستکەوتووان کەمێک هێمن ببنەوە و سەبوورییان بێت، ئنجا کاکی پۆستنووس، جنێو دەدەی، رەخنە دەگری، چی دەکەی بکە. بەڵام ئێستا جووتێک جزمە و خاکەنازێکت پێویستە و شارەکە پاکبکەرەوە.. ئەوە پەیامی ئێستای تۆیە نەک جنێو!
هاوڕێ باخەوان
١٧-١٢-٢٠٢١
ڤۆربورگ - هۆڵندا



