هەفتەى رابردوو کاتێک بەشێکى گوتارى بەناو مامۆستایەکى ئایینى ئیسلام بەنێوى "رامین ساڵحزادە" بووە جێگاى سەرنجى زۆر لە میدیا کوردى و عەرەبیەکانیش، بەهۆى ئەوەى هێرشى تووندى کردە سەر کوردانى ئێزدى، نەمویست یەکسەر شتێکى لەسەر بنووسم، بەڵکو بەلامەوە گرنگ بوو بزانم ئەمجارە کوردستانیان چۆن مامەڵە لەگەڵ گوتارى رقەبەرى دەکەن.
ساڵحزادە و مێنتاڵێتى داعش
ئەو کەسەى لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەوێت لەسەر مینبەرى مزگەوتێک وەستاوە و زۆر بە روونى لە رێگاى مینبەرەکەیەوە روو لە کوردانى ئێزدى دەکات و دەڵێت: "ئێزدییەکان ئێمە ئێوە بەکافر دەزانین، یەزیدیەکان ئێمە ئێوە بەگلاو دەزانین، یەزیدیەکان ئێمە ئێوە بە داوێنپیس دەزانین، بە وەڵلاهى بچووکترین هەلمان بۆ رێککەوێ ناهێڵین یەک سانیە لەسەر ئەم ئەرزەیا بژین، ئەوە دینەکەمانە، نە لە کەسى ئەشارینەوە، نە خۆشمان ئەشارینەوە، نە لە کەس ئەترسین نە ترسیش لەناو دڵمانە، ئێمە یەک مردنمان لەسەرە با ئەو مردنە لەپێناو خوایا بێ".
بە سەرنجدان لەو گوتانە بۆمان دەردەکەوێت ساڵحزادە هەڵگرى میراتى داعشە و هەمان هزرو باوەڕى هەیە کە داعش بەرامبەر کوردانى ئێزدى هەیبوو، داعش کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد شەریعەت جێبەجێ دەکەن لەژێر سایەى ئەو خیلافەتەى کە وا وێنایان دەکرد بەوەى 'خیلافەتێک لەسەر پەیڕەوى پێغەمبەرایەتى'یە، لە شاڵاوەکانى 3ى ئاب 2014دا کۆمەڵکوژى دژى کوردانى ئێزدى کرد، ژن و منداڵى ئەوانى کردە کەنیزەک، منداڵە نێرەکانى بردنە سەربازگەکان و کردنى بە داعش، پیاوەکانیانى زیندەبەچاڵ کرد، هەموو ئەمانەش بەو بیانووانە بوو کە "ساڵحزادە" هەیەتى بۆ رەوایەتیدان بەو هزرانەى بانگەشەى بۆ دەکات.
داعش وەک لە گوتارە دەنگییەکانى "ئەبو محەممەد عەدنانى" گوتەبێژى فەرمییان، ژمارە چوارى گۆڤارى "دابق" کە بەزمانى ئینگلیزی دەریان دەکرد، هاوکات لەو نامیلکەیەشى بە ناونیشانی "پرسیار و وەڵام لەبارەی کەنیزەک و کۆیلەکان" کە 32 وەڵامى رێکخراوەکەى لەخۆ گرتبوو لەلایەن «دیوانی توێژینەوە و فەتوا»ی سەر بە داعشەوە ئامادەو بڵاوکرابوویەوە، شەرعیەت دەداتە ئەو کارە قێزەونەى داعش بەبیانووى ئەوەى ئێزدیەکان "بێباوەر، هاوبەشیدانەر بۆ خودا، پەرستنى هێزى خراپ، هەڵگەڕاوە"ن، رێک هەمان ئەو بیانووانەن کە ئەو بەناو مەلایە بانگەشەى بۆ دەکات.
خوێکردن بەسەر برینە بێ هەتوانەکە
ئەو گوتارەى "ساڵحزادە" لە سەروبەندى یادى 12 ساڵەى جینۆسایدکردنى کوردانى ئێزدى وەک خوێکردنە بەسەر ئەو برینە بوو کە هێشتا تیمار نەکراوە، ئێزدیەکان هێشتا خوێنیان لەبەر دەچۆڕێت، بەگوێرەى ئامارەکانى نووسینگەى رزگارکردنى رفێندراوانى دەستى داعش بۆ رووداو رایگەیاندووە هێشتا دوو هەزارو 526 کوردى ئێزدى بێسەرو شوێنن و چارەنووسیان نادیارە، هاوکات تائێستاش 135 هەزارو 840 کوردى ئێزدى ئاوارەن و لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان ژیانێکى ناخۆش بەسەر دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا بەسەدان خانەوادە لە چاوەڕوانى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانن و سات لەدواى سات بە ئومێدى گەیشتنى سۆراخێکى بێسەروشوێنەکانیان بەڕێدەکەن.
لەو سەروبەندەدا کەسێک دێت و رەوایەتى دەدات بەو مەرگەساتە گەورەیەى سەدەى 21 و هەڕەشەش دەکات کەمترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت یەک چرکەش لەدەست نادەن بۆ چەندبارە کردنەوەى هەمان فرمان کە ئەوەندە زۆرن خودى ئێزدییەکانیش لێیان تێکچووە ژمارە راستەقینەکە چەندە!
قۆستنەوەى گوتارە پڕ لە قینەکەى ساڵحزادە
بەداخەوە لە میدیا و سۆشیال میدیاى عەرەبى و بەشێکیش لە کوردى ئێزدى، بەشێوەیەکى دروست مامەڵە لەگەڵ گوتارەکەى "ساڵحزادە" نەکرا، هەندێک لە شنگالییەکان گوتارەکەیان وەک گوتارى کەسێک وەرنەگرت، بەڵکو جۆرێک لە گشتاندنیان دەکرد لەسەر کوردى موسڵمان و لەپەناى ئەوەشەوە هێرشیان دەکردە سەر هەرێمى کوردستان و دەسەڵاتەکەیان بە کەمتەرخەم دادەنا، لەکاتێکدا دامەزراوە فەرمیەکانى هەرێمی کوردستان هەر زوو هاتە سەر هێڵ، لەوانە:
- گوتەبێژى فەرمى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیێندراوێکیدا بەروونى رایگەیاند: ئەو جۆرە گوتارە و هاوشێوەکانى رەتکراوەیە. جەختى لەسەر فەرهەنگى پێکەوەژیانى ئاشتیانە کردەوە، ئاماژەى بەوەش دا کە ئەو کەسە لە دەرەوەى سنوورى کارگێڕى هەرێمى کوردستانە و ئەوان ناتوانن لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکەن.
- بۆردى باڵاى گوتارى هەینى لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى پەیامێکى بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "ئێمە لە بۆردی باڵای گوتاری هەینی وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی له سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە و بەناوی ئاینی ئیسلام و پێغەمبەرەوە، هەڕەشە لە برا ئێزدییەکان دەکات، سەرکۆنەی هەموو گوتارێکی زبر و ڕقەبەری دەکەین کە دژ بێ بە پەیامی ئیسلام و دۆخی ئارامی کوردستان و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان.. داوا لە مامۆستایانی وتاربێژی میراتگری پێغەمبەری (رحمة للعالمین) دەکەین لە وتاری دووەمی ئەم هەینییەدا سەرکۆنەی ئەو جۆرە گوتارە توند و رقەبەرییانە بکرێت".
- یەکێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان هاتە دەنگ و روونکردنەوەیەکى لە ماڵپەرەکەیان بڵاوکردەوە، لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە: "دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە و تێیدا پەیامێکی تووند و پڕ لە سوکایەتی و هەڕەشە ئاراستەی کوردی ئێزدی دەکات، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایدەگەینێت: ئەو جۆرە گوتار و پەیامە تووندانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن".
رووبەڕووبوونەوەى خۆرسک
ئەوە جارى یەکەم نییە کەمینە ئایینى و نەتەوەییەکانى کوردستان رووبەڕووى گوتارى رقەبەرى دەبنەوە، بەڵام ئەوەى ئەمجارە لە جارانى دیکە جیا دەکاتەوە شێوازى مامەڵەى زۆرینەى موسڵمانى کوردستانە لەگەڵ ئەو جۆرى گوتارانە.
ئەمجارە زانایانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام بە قوتابخانە هزرییە جیاوازەکانەوە کەوتنە سەنگەرى دژى "سالحزادە"، مامۆستایانى ئایینى لەرێگاى میدیا و سۆشیال میدیاوە هاتنە دەنگ و بەروونى دژى گوتارە پڕ لە قینەکەى ئەو کابرایە وەستانەوە، لەوانەش:
- م. ئیبراهیم کەریمى لە رۆژهەڵاتى کوردستان-سنە بە زمانێکى کوردى روون و رەوان لە رووداودا ناوەڕۆکى گوتارەکەى "سالحزادە"ى لە رووى شەرعەوە رەتکردەوە و لەبەر یەکى هەڵوەشاندەوە، کەریمى بە بەڵگەى قورئان و فەرموودەوە، روانگە و مامەڵەى دروستى ئیسلامى لەگەڵ ئەوانە روونکردەوە، کە لەئاییندا جیاوازن.
- مەلا جێگر مێدێرەیی لە ئەکاونتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک پۆستێکى لەسەر ئەو "سالحزادە"یە کردووە و لەبەشێکى نووسینەکەدا هاتووە: "ئەو قسانە تەواو پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، بەڵکو ئەو فکرە بۆگەنە داعشییە درێژە پێدەری فکری خەواریجەکانە ئەوانەی خەلیفەکان و هاوەڵانیان شەهید کردن".
هاتنە دەنگى مامۆستایانى ئایینى و تەرخانکردنى بەشێکى گوتارى هەینى لە مزگەوتەکانى کوردستان کە بەپێى لێدوانى بەرێز نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافى پارێزگاى هەولێر لەنێوان 70٪ - 80٪ی گوتاربێژانى سنوورى فەرمانگەکەى بەدەم داواکارییەکەى بۆردى گوتارى هەینییەوە هاتوون و سەرلەبەرى گوتارە پڕ لەقینەکەى "ساڵحزادە"یان رەتکردووەتەوە، ئەمەیش هەنگاوێکى زۆر دڵخۆشکەرە و جێگاى پێزانینە، چونکە مامۆستایانى ئایینى وەک ئەرکێکى ئیسلامى و نیشتیمانى هاتنە دەنگ و سەنگەریان لەو کەسە گرت و ناوەڕۆکى گوتارەکەیان رەتکردەوە.
گوتارى رقەبەرى یان هەوڵى نانەوەى ئاژاوە و ترساندن؟
ئەو جۆرە گوتارانە بەگشتى و لەو کاتە هەستیارەدا کە لەسەرووبەندى یادکردنەوەى 12 ساڵەى جینۆسایدکردنى ئێزدین دەمانخاتە بەردەم پرسێکى هەستیار ئەویش: بۆچى لەو کاتەدا بەو زمانە و بەو شێوەیە هێرش دەکرێتە سەر پێکهاتەیەکى رەسەنى کورد و کوردستان؟
یەکەم: جارێ لەلایەن کەسێکى کوردزمان و بەجلى مەلایەتى و لەسەر مینبەرى مزگەوت خۆى لێدانە لە پەیامى پیرۆزى ئیسلام و مزگەوت و مەلاى کورد، کە هەمیشە لەگەڵ پێکەوەژیان و یەکدی قبوڵکردن بووە، مزگەوت لە کوردستاندا رۆڵێکى یەکجار گرنگى گێڕاوە لە پاراستنى بەهاى مرۆڤبوون و کوردبوون و کوردستانیبوون، خزمەتى بەرچاوى بە بزاڤى رزگاریخوازى کورد و کوردستان کردووە لە رابردوودا، ئێستاش زۆرینەى مامۆستایانى ئایینى رۆڵێکى ئەرێنى دەبینن لەدرێژەدان بە رێبازى پێکەوەژیان و (رحمە للعالمین)، لەبەر ئەوە قیتبوونەوەى کەسێک بەو ناوە و لە مزگەوتەوە کە گوتارێکى تەواو پێچەوانەوە ئاراستە دەکات جێگاى گومانە، کەسێک لە دەرەوەى سنوورەکانەوە لەو ساتە هەستیارەدا جگە لەهەوڵى نائومێدکردن و ترس و تۆقاندنى پێکهاتەیەکى رەسەنى کورد و کوردستان و هەوڵى نانەوەى پشێوى هیچ شتێکى دیکەى پێناکرێ، هەر ئەوەشە کە مامۆستایانى ئایینى و رۆشنبیرانیش زوو تێگەیشتن و لێى هاتنە دەنگ.
دووەم: هەرگیز کوردزمانێک و چەند کوردزمانێکیش گوزارشت لەخورەوشت و بەهاى بەرزى کورد و کودایەتى و کوردستانیبوون ناکەن، لەبەر ئەوەشى یەکەمجار نییە کەسێک لە کوردستانەوە گوتارێکى لەو جۆرە ئاراستە دەکات، بەڵام ئومێد دەکەم دواجار بێت، خۆ ئەگەر کەسێک یان چەند کەسێکیش گوتارێکى خراپیان ئاراستە کرد نابێ لەسەر هەموو کورد کوردستان ئەژمار بکرێت، وەک ئەوەى بەشێک لە میدیا عەرەبیەکان کردیان، بەڵکو ئەمە گوزارشت لە هزرێکى بۆگەنى داعش دەکات و نامۆیە بە کولتوور و فەرهەنگى ئێمە.
سێیەم: ئەو هاتنە دەنگ و هەڵوێستانەى دامەزراوە فەرمییەکان و کەسایەتییەکانى کوردستان بە رەوتە جیاوازەکانەوە بەتایبەت لەلایەن مامۆستایانى ئایینى، جێگاى دڵخۆشییە. ئەوە رێگا راستەکەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەى گوتارى رقەبەرى، نابێت لەمەودوا هیچ کەسێک بۆى بچێتە سەر کە بەکەیفى خۆى بڕشێتەوە بەسەر پێکهاتەکان و رقى رەشی خۆى ببارێنێت بەسەریان و هیچ کەسیش فزەى لێوە نەیەت، جا چ مامۆستاى ئایینى یان رۆشنبیرو سیاسى یان هەر کەسێکى دیکە بێت، بەڵکو دەبێ لەدژیدا شەپۆلێکى وا دروست ببێت کەسى رقەبەر هەست بە شەرمەزارى بکات و نە ئەو و نە کەسی دیکەش بوێرى ئەوەیان نەبێت بە هەمان رێگادا بڕۆن؟
چوارەم: هەوڵدانى مامۆستایانى ئایینى بۆ هەڵوەشاندنەوەى گوتارە رقەبەرەکە و رەتکردنەوەى لە روانگەى ئیسلامەوە زۆر گرنگە، ئەمەیشیان هەنگاوێکى دیکەى ستراتیژى رووبەڕووبوونەوەى دروستى گوتارى رقەبەرییە، چونکە ئەگەر لە بەرامبەر گوتارە پڕ لە قینەکە کە بەناوى خواو پێغەمبەروە (د.خ) تۆمەت و قسەى نارەوا هەڵدەبەستن و دەیانەوێ شەرعیەت بدەنە هزرە داعشیەکانیان کەسانێک نەبن بە ئایەت و فەرموودە گوتارەکەیان لەبەر یەک هەڵبوەشێننەوە ئەوا خەڵکانێک دەکەونە ژێر کاریگەریان، ئەمەیش مەترسى راستەقینە دروست دەکات.
پێنجەم: سەرجەم ناوەندەکانى میدیا و رێکخراوەکان و دەزگار پەیوەندیدارەکانیش گرنگە وەبەرهێنان لەو قۆناخەدا بکەن، هانى ئەوانە بدەن کە دەنگیان هەڵبڕی و دەستیان بگرن، بۆ ئەوەى ئەو کاروانە گەورەتر و بە بەرهەمتر بێت، بەمەیش دەتوانین زۆر بەباشى رووبەڕووى گوتارى رقەبەرى بوەستینەوە و دڵنیایی تەواو بدەینە خوشک و برایانى ئێزدى و تەواوى پێکهاتەکانى دیکە، کە کوردستان وەک سەر زەمینى پێکەوەژیانى ئاشتیانە دەمینێتەوە.
شەشەم: لەپاڵ رۆڵى بنیاتنەرانە و کاریگەرى مامۆستایانى ئایینى و رۆشنبیرو چالاکڤانان پێویستە لەگەڵ کارابوونەوەى پەرلەمانى کوردستان کار بۆ دەرکردنى یاساى رووبەڕووبوونەوەى گوتارى رقەبەرى بکرێت و سزاى پێویستیش دابندرێت بۆ ئەوانەى گوێ بەهیچ شتێک نادەن و ئامادەن رق وەک بۆمب لەنێو دڵ و هزرى کوردستانیان بچێنن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان.



