دەستپێک با لەخۆمان بپرسین: سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ چییە؟ وەک لە ناوەکەی دیارە ئەم سیستمە لە تێکەڵکردنی دوو سیستمی دیکە پێکدێت، سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی و سیستمی زۆرینە، بەم پێیە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ بریتییە لە پەیڕەوکردنی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر دوو ئاستی جیاواز: یەکەم ؛ ئاستی ناوچەییە، لە رێگەی بوونی ژمارەیەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ نموونە (هەرێمی کوردستان بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن) رێژەیەک لە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ نموونە 50%ـیان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بەسەر ئەوبازنانەدا دابەشدەکرێن، تێیدا دەنگدەرانی هەر بازنەیەک دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆی لەو بازنەیە دەدات، کام لە بەربژێرەکان زۆرترین دەنگیان هێنا و بەدوای یەکدا ئەوا دەبنە ئەندامی پەرلەمان لەم ئاستەدا سیستمی زۆرینە پەیڕەو دەکرێت.
ئاستی دووەم ئاستی نیشتمانییە کە تیایدا سەرانسەری وڵات (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان) یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت، رێژەیەک لە کورسییەکان بە نموونە 50% بۆ ئەم بازنەیە دادەنرێت، تیایدا حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەریەکێک دەتوانێت لیستێک لە بەربژێرانی خۆی هەبێت و پێشبڕکێ لەگەڵ یەکدی بکەن لەسەر ئەو 50 کورسییە، دەنگدەر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەنگ بە لیستەکە بدات، واتا لیستەکە داخراو دەبێت، لەکۆتایدا کۆی ئەو دەنگانەی هەر لیستێک لە لیستەکان بەسەدەستیان هێناوە هەژمار دەکرێت و دابەشی نرخی ژمارەیی هەر کورسییەک دەکرێ و ئەنجامەکەی دەردەکەوێ لەوەی ئایا کورسی بەدەستهێناوە یان نا؟ ئەگەر بەدەستی هێناوە ژمارەیان چەندە، لەم ئاستەدا سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی کاری پێدەکرێت.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵدا هەم لیستی داخراو و هەم لستی کراوە، بوونیان دەبێت، دەنگدان بە خودی بەربژێرەکان و دەنگدان بە لیستی داخراوی حیزب و لایەنەکان دەدرێت، لە یەککاتدا هەم فرەبازنەیی و هەم یەک بازنەیی پەیڕەو دەکرێت، دەنگدەر هەم دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆی دەدات، هەم بە لیستی حیزبەکەی دەدات. شایانی باسە ئێستا نزیکەی 20 دەوڵەت کار بەم جۆرە سیستمە دەکەن.
دوای ئەم ناساندنە، هەوڵدەدەین بە کورتی و پوختی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: بۆچی سیستمی تێکەڵ بۆ هەرێمی کوردستان باشە؟
یەکەم: لە هەڵبژاردنی خولی یەکەم تاوەکو سێیەمی پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوی سیستمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی رێژەیی کرا، بەشێوەی لیستی داخراو، لە خولی چوارەم و پێنجەم بە هەمان سیستم، بەڵام بەشێوەی لیستی کراوە، لە هەموو ئەو خولانەدا هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، ئێستا بەشێک لە حیزب و لایەنەکان داوای سیستمی زۆرینە و فرەبازنەیی دەکەن، ئەگەر بەراوردی خولی یەکەم و دووەم و سێیەمی پەرلەمانی کوردستان کە بە لیستی داخراو بوو، لەگەڵ خولی چوارەم و پێنجەم کە لیستی کراوە بوو بکەین بۆمان دەردەکەوێت لە رووی سەقامگیری کاری پەرلەمانی و پرۆسەی یاساکاری و بوونی کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو خاوەن ئەزموون لەناو پەرلەمان ئەو خولانەی بە لیستی داخراو هاتوون تاڕادەیەک باشتربوون لەو خولانەی بەلیستی کراوە هاتوون، واتا بۆ هەرێمی کوردستان زەرورە ئەگەر بەتەواوەتیش پشت لە لیستی کراوە نەکات، لانیکەم بۆ هەڵبژاردنی نیوەی ئەندامانی پەرلەمان لیستی داخراو بگەڕێتەوە و کاری پێ بکرێت، ئەمەش لە رێگەی سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵەوە فەراهەم دەبێت.
دووەم: یەکێک لە رووە گەشەکانی سیستمی سیاسیی دیموکراسی فرە حیزبی سیاسییە، فرەحیزبی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە چەندین لاوە جێگەی سەرنج و تێڕامان و شەن و کەوکردنە، بەڵام لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەم فرەحیزبییەوە فرەفراکسیۆنی لەسەر بنەمای فکری و سیاسی لەناو پەرلەمانی کوردستان بوونی هەبووە، ئەم فرەدەنگی و رەنگییە لەناو دەسەڵاتی یاسادانان مانادار و هێمابەخشە بەوەی کە هیچ کام لە توێژ و پێکهاتە و چینە کۆمەڵایەتی و نەژادی و نەتەوەیی و ئایینی مەزهەبیەکان و رەوتە سیاسی و فکریەکان بێ نوێنەرنەبوون و هەستیان بەبوونی خۆیان کردووە، بۆیە دەستگرتن بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە، ئەگەر تەنها پەیڕەوی لە سیستمی زۆرینە لە رێگەی فرەبازنەیی بکرێ وەک ئێستا داوادەکرێت ئەوا حیزبە بچووکەکان بەهۆی دابەشبوون و کۆنەکردنەوەی دەنگەکانیان ناتوانن کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، بە پێچەوانەوە حیزبە گەورەکان زۆربەی زۆری کورسی بازنەکان بۆ خۆیان بەرن، واتا پەیڕەویکردن لە سیستمی زۆرینەو فرەبازنەیی بە تەنها، لە بەرژەوەندیی حیزبە بچووکەکان نییە و دیاردەی فرەحیزبی لاواز دەکات، ئەمەش دەبێتە خەوشێک بەڕووی دیموکراسیەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە هەر لە بنەڕەتدا بەدەست چەندین کێشەوگرفتەوە دەناڵێنێت.
سێیەم: سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ لە رێگەی دانانی رێژەیەک لە کورسییەکان بۆ ناوچە جوگرافی و یەکە ئیدارییەکان و پەیڕەوکردنی فرەبازنەیی، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ پیادەکردنی دەنگدان بە شێوەی فەردی و راستەوخۆ بە خودی بەربژێرەکان، بەمەش لەلایەک کارلێکی پۆزەتیڤانەی نێوان دەنگدەر و ئەندامی پەرلەمان کاراتر دەبێت، لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان بە شێوەیەکی هاوسەنگی ئەوتۆ دەبێت کە هیچ ناوچەیەکی جوگرافی و یەکەیەکی کارگێڕی بێ نوێنەر نەبێ و هەست بە بێ نوێنەری و ستەمی پەرلەمانی نەکات، ئەوەی پێی دەگوترێت نوێنەری چاودێری خزمەتگوزار بۆ ناوچەکان دەستبەر دەبێت.
چوارەم: بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە پەیڕەوی لە سیستمێکی هەڵبژاردن بکات کە نەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی زیاتری ئەو دابەشبوونە جوگرافی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەی هەیە، هەڵبژاردنی رێژەیەک لە کورسییەکانی پەرلەمان بەشێوەی لیستی داخرا و بوونی یەک بازنەی نیشتمانی کە لە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵاودا بوونیان دەبێت، خزمەتی کۆی گشتیی سیاسی و حوکمڕانی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و کولتووری هەرێمی کوردستان دەکات.
بەم شێوەیە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ لایەنە باشەکانی هەردوو سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی و زۆرینە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و لەگەڵ واقعی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگونجێت.



