چەندین ساڵە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان سکاڵای لە بەغدا هەیە، ئەم جارە بە زمانێکی کەمێک جیاوازتر. بەغدا ئەو بودجەیە نانێرێت کە کوردستان بەپێی دەستوور پێیدەبڕێت. راپۆرتێکی نوێی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 312 لاپەڕە پێکهاتووە و تایبەتە بە ساڵانی 2019 تاوەکو 2025، بە ژمارە و بەڵگە ئەو سکاڵایانە دەخاتەڕوو.
کاتێک هەرێمی کوردستان لە پشکە یاساییە 12.67%یەکەی لە بودجەی گشتی بێبەش دەکرا، بڕە پارەیەکی خەیاڵی لە سامانی گشتیی عێراق بە ئاشکرا دەدزرا، ئەویش لەلایەن بەرپرسانی ناو خودی ئەو دامەزراوانەی کە بەرپرسیار بوون لە بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە.
ئامارەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن کە بەغدا تەنیا 8 بۆ 10%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی لە ساڵی 2021دا ناردووە. هەروەها خشتەی بەراوردکاری بۆ ساڵانی 2024 و 2025 پێشانیدەدات کە هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە لەو دوو ساڵەدا بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە. لە ماوەی حەوت ساڵ دا، کۆی ئەو پارانەی کە بەغدا لە پشکی 12.67%ـی یاسایی هەرێمی کوردستان بڕیوەو گلیداوەتەوە گەیشتووەتە دەیان تریلیۆن دینار. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا بەتەنیا مایەوە لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کە 945.8 ملیار دینارە بۆ 1.19 ملیۆن مووچەخۆر. دیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری لە رێگەی داهاتی ناوخۆیی گومرگ و باج بەشێکی دابینکردووە، بەڵام ئاشکرایە هیچ کات نەیتوانیوە قەرەبووی ئەو پارەیە بکات کە بەغدا نەیدەنارد.
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەمیشە ئەم بابەتەیان وەک ناکۆکی لەسەر یاسای بودجە و تێنەگەیشتن لە میکانیزمەکانی فرۆشتنی نەوت، یان قوربانیی چەقبەستنی سیاسی لە بەغدا وەسفکردووە، بەڵام رووداوەکانی ئەم مانگەی بەغدا ناتوانن پشتگوێی بخرێن، ئەوەش ئەوەیە کە هەمان سیستەمی فیدراڵی کە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕێت، بۆ چەندین ساڵ نەیویستووە یان نەیتوانیوە رێگری لە بەرپرسانی خۆی بکات کە خەزێنەی دەوڵەت تاڵان بکەن.
دزیی سەدە
لە ساڵی 2022دا، لێکۆڵەرانی عێراق ئەوەیان ئاشکراکرد کە میدیا ناوخۆییەکان ناویان لێنا "دزیی سەدە." ونبوونی نزیکەی 3.7 تریلیۆن دینار (نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار) لە دەستەی گشتیی باجەکان. لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوت کە 247 چەکی ساختە لە لقەکانی بانکی رافیدەینی حکومەتی فیدرالی لە نێوان ئەیلوولی 2021 بۆ ئابی 2022 خەرج کراون، کە لەلایەن پێنج کۆمپانیای کارتۆنییەوە راکێشرابوون کە هیچ مافێکی یاساییان لەو پارانەدا نەبوو. تەنیا لە مانگی حوزەیرانی 2022دا، 45 چەک بە بەهای 775 ملیار دینار تەنیا لە یەک مانگ دا خەرجکراون.
لە ساڵی 2024دا 13 کەس سزادران، کە هەندێکیان بەبێ ئامادەبوون سزادران لەبەرئەوەی لە دەرەوەی عێراق بوون. سزاکانیش قورس نەبوون، هەندێکیان تەنیا سێ ساڵ بوون بۆ گەندەڵییەکی دارایی کە دواتر دەرکەوت زۆر گەورەترە لەوەی سەرەتا راگەیێندرابوو. کاتێک دۆسییەکە لە ئایاری 2026دا لەلایەن لیژنەیەکی نوێی گەڕاندنەوەی پارەکان کرایەوە، بەرپرسان قەبارەی گەندەڵییەکەیان بۆ نزیکەی 5 ملیار دۆلار بەرزکردەوە. واتە دوو هێندەی ژمارەی سەرەتایی. بۆ ئەوەی بەراوردی بکەین، تەواوی داهاتی نانەوتی ساڵانەی هەرێمی کوردستان کە دەرەنجامی گومرگ، باجی خانووبەرە و باجی کۆمپانیاکانە لە هەموو پارێزگاکان دا، بە دەگمەن لە 700 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا تێدەپەڕێت. تەنیا یەک کەیسی گەندەڵی و دزیکردن لە بەغدا کە لە ماوەی 12 مانگ دا لە رێگەی مامەڵەی کاخەزییەوە کراوە، یەکسان بووە بە زیاتر لە حەوت ساڵی هەموو ئەو داهاتەی کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە تەنیا کۆی بکاتەوە.
هەڵمەتی ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کە لە مانگی ئایاردا دەستبەکاربوو، لەوکاتەوە فراوانترین هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە ماوەی چەندین ساڵ دا دەستپێکردووە. لە تەنیا یەک ئۆپەراسیۆنی پێش بەرەبەیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا لە 28ی حوزەیران دا، یەکەکانی دژە تیرۆر دەیان بەرپرس، پەرلەمانتار و بازرگانیان دەستگیرکرد، کە ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 60 کەس لەگەڵ فراوانبوونی لێکۆڵینەوەکان. لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا بریکارێکی پێشووی وەزارەتی نەوت هەیە، کە تەنیا لە کەیسەکەی ئەودا دەست بەسەر 107 ملیۆن دۆلار پارەی نەختینە، زێڕ، ئۆتۆمبێل و خانووبەرەدا گیراوە کە هەندێکیانی لە ژێر زەوی دا شاردبوونەوە. دەسەڵاتداران ئەم ئۆپەراسیۆنەیان وەک قۆناخی یەکەم وەسفکردووە و چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی دووەم کەسایەتییە سیاسی و داراییە باڵاکان بگرێتەوە.
ئێستا بەرپرسان و شرۆڤەکاران مەزەندە دەکەن کە کۆی زیانەکانی عێراق بەهۆی گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردنەوە لە ساڵی 2003وە لە نێوان 150 ملیار بۆ 300 ملیار دۆلاربێت. ئەو ژمارانەی کە چەندین جار لە کۆی ئابووریی هەرێمی کوردستان گەورەترن. عێراق ئێستا پلەی 136یەمی لە کۆی 182 وڵات لە پێوەری تێڕوانین بۆ گەندەڵی (CPI) هەیە، پێگەیەک کە لە ماوەی دوو دەیەی بەڵێنەکانی چاکسازیدا بە ئەستەم جووڵاوە.
دوو شکستی هەمان سیستم
ئەم جیاوازییە تەنیا لە قسەدا نییە، بەڵکو پێکهاتەییە. نەناردنی بودجەی کوردستان و قەبارەی گەندەڵی لە بەغدا هەردووکیان هەمان هۆکاریان هەیە. سیستمێکی دارایی فیدراڵی کە خاوەنی هێچ یەکەیەکی وردبینی سەربەخۆ نییە، زاڵبوونی روانگەی سیاسی بەسەر دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە و سامانی گشتی و نەبوونی هیچ دامەزراویەکی روونکاریی کە نیشانیبدات پارەی گشتی لە راستی دا بۆ کوێ دەچێت. کاتێک سیستمەکە شکست دەهێنێت، لە هەردوو ئاراستەکەدا شکست دەهێنێت، رێگە دەدات پارە لە بەغدا ونبێ و رێگە دەدات شایستە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ وەڵام بمێننەوە.
حکومەتەکەی زەیدی هەڵمەتەکەی ئێستا وەک گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی پێناسە دەکات. بۆ هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوەکە جیاوازە. ئایا حکومەتێکی فیدراڵی کە وادەنوێنێت جدییە لە گەڕاندنەوەی ملیاران دۆلاری دزراو لە بەغدا، ئایا بە هەمان شێواز پێداگر دەبێت لە ناردنی پشکی دادوەرانەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی رابردوو.



