ئەو هەڵمەتەی لە بەغدا دەستیپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە گەندەڵکارانی (پەرلەمانتار و بەرپرسی فەرمانگە و بەڕێوەبەری ناو وەزارەتەکان و هەندێ کەسایەتیی ناو حیزبە سیاسییەکان)، لە واقیعدا ئەو تۆڕەیە کە ماسییە بچووکەکان دەگرێت و ماسییە گەورەکان قوتار دەبن، بەڵام دەستپێکێکی گرنگە بۆ دەرخستنی حەقیقەتی حوکمڕانیی دوو دەیەی رابردووی ئەو گەندەڵستانەی چەند پەرلەمانتارێکی کورد کردبوویانە نموونەی باڵا.
سەرباری ئەوەی ئەوانەی دەستگیرکراون، دەسەڵاتدار و کاربەدەستی ناو دامەزراوە دەوڵەتییەکان و بەشێکیشیان پەرلەمانتارە دیارەکانی عێراقن، ئەو پارە و زێڕ و چەک و ئۆتۆمبێل و موڵکە گرانبەهایانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، ئێجگار زۆرن، بەڵام لە چاو حەقیقەتی گەندەڵیی عێراق و نەهەنگە گەورەکانی تاڵانکردنی وڵاتەکەوە، ئەوانەی دەستگیرکراون دزی بچووکن و ئەو سەروەت و سامانەش کە دەستیان بەسەردا گیراوە، زۆر کەم و بێبایەخن.
ئەوەی دەگوزەرێت تەنیا هەڵدانەوەی سەری مەنهۆڵەکەیە. کارەساتی گەورە لەناو مەنهۆڵەکەدایە کە هیچ کەس ئازایەتیی ئەوەی نییە دەستی تێبخات. تاوەکو ئێستا هەموو ئەو پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بە دۆلار و دینار و نرخی زێڕ و موڵک و چەک و سامانە گرانبەهاکانیشەوە، زۆر کەمترە لە یەک لە سەتی ئەوەی دزراوە. تەنانەت ئەوانەشی دەستگیرکراون لە چاو دزە گەورەکانەوە وەک ئەوەیە پاسەوانی ماڵی بەرپرسێکی گەندەڵ بن و لە قاسەی پڕی ماڵە بەرپرسەکە چەند سەت دۆلارێکی دزیبێت، چونکە بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی لەلایەن دەزگا دارایی و بانکییە نێودەوڵەتییەکان و دەزگای چاودێریی داراییە جێمتمانەکانی دنیاوە بۆ رێژەی گەندەڵیی عێراق دەکرێت، لە سەرووی تریلیۆن دۆلار دزراوە و براوەتە دەرەوەی وڵات. نە دزە گەورەکان دەستگیر دەکرێن و نە دزراوە زۆرەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڵام بایەخ و لێکەوتەکانی دەستپێکردنی پرۆسەکە بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێجگار گرنگە.
بۆ عێراق گرنگە، چونکە رەنگە لە هەندێ ئاستی نزمدا ترسێکی زۆر دروست بکات بۆ گەندەڵکارە بچووکەکان و چی دیکە نەتوانن یاخود نەوێرن وەک پێشتر دزی بکەن. چاوی ئەو خەڵکە گەوجێندراو و خەڵەتێندراوەی کردەوە کە هەندێ کارەکتەری سیاسی و پەرلەمانتار بە هوتاف و گوتاری ئاگرینی دژە گەندەڵی خۆیان وەک فریشتە دەردەخست. لەم پرۆسەیەدا رووی راستەقینەیان ئاشکرابوو کە دەشێ بۆ ساڵانێک کاریگەریی لەسەر شەقام بمێنێت و هاووڵاتیی عێراقی چی دیکە بە ئاسانی باوەڕ بەوانە نەکات کە خۆیان وا دەردەخست زۆر دژی گەندەڵی و گەندەڵکارانن.
بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان بایەخەکەی گرنگترە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە 10 بۆ 12 ساڵی رابردوو کەوتبوونە ژێر کاریگەریی چەند پەرلەمانتارێکی کوردەوە و عێراقیان لێ ببوو بە نموونەی باڵای حوکمی رەشید لە جیهان. ئێستا ئەگەر لە خەوی غەفڵەت بێدار بووبنەوە، دەشێ هەڵوەستەیەک بکەن و لە خۆیان بپرسن بۆ بەو ئەندازەیە سایکۆلۆژیای خۆمان بەو کەسانەوە گرێدابوو کە دەرکەوت چەند درۆیان لەگەڵ کردووین.
لەوەش گرنگتر بۆ کوردستان ئەوەیە کە چی دیکە هاووڵاتیی عێراق بەوە ناخەڵەتێت و چەواشە ناکرێت کە سەروەت و سامانی عێراق هەمووی چووە بۆ کوردستان، چونکە پێشتر بە پلان و بەرنامە کار بۆ ئەوە دەکرا ئۆباڵی نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاو و کارەبا و رێگەوبان و نەخۆشخانە و سادەترین پێویستییەکانی پارێزگاکانی عێراق بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان و باوەڕی ئەوەیان لا دروستکردبوون بۆیە شارەکانی ئەوان وێرانە، چونکە پارەی بەغدا دەدرێت بە هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا 12 ساڵە عێراق نەک بودجە، تەنانەت مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
چەند ساڵێک بوو ئەو سەرنجەم لا دروست ببوو کە لە بەغداوە بەرنامەیەکی ترسناک بەڕێوەدەبرێت و ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد وەک ئامراز و دەستکەلای ئەو پیلانگێڕییە بەکاردەبرێن. ساڵی رابردوو لە وتارێکدا لە رووداو لەژێر ناونیشانی (رۆڵی کورد لە پەرەسەندنی گەندەڵیی عێراقدا) ئەوەم بڵاوکردەوە کە چەند پەرلەمانتارێکی کورد بەکاردەبرێن بۆ گۆڕینی سەرنجی عێراقییەکان لەسەر دزی و گەندەڵییە بێشوومارەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و بوونەتە هۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵی. ئێستا دوای ئاشکرابوونی پاشەڵی ژمارەیەک پەرلەمانتاری عەرەب، بە دووری نازانم رۆڵی پەرلەمانتارە کوردەکانیش لە بەرامبەر ئیمتیاز و سەفقاتی ملیۆنان دۆلار بووبێت.
ئەگەر ساڵێک پێش ئێستا چاودێرێکی سیاسیی عێراقی بیگوتایە ئەو پەرلەمانتارانەی لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانەوە فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن و بۆڕەیان هۆڵی پەرلەمانی پڕکردووە لە هوتافی دژە گەندەڵی، دەرپێ کورتەکانی ژێرەوەیان و مەمکلغەکانیان بە پارەی دزراو لە زێڕ دروستکراوە، رەنگە خەڵک بیانگوتایە ئەم کابرایە شێت بووە. ئەگەر میدیاکارێک یاخود چاودێرێکی سیاسی بچووبایەتە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن و بیگوتایە فڵان بەڕێوەبەری گشتی یان فیسار بریکاری وەزیر خاوەنی 100 ملیۆن دۆلارە و 100 کیلۆ زێڕ لە قاسەکەیدایە، بێگومان بە تۆمەتی دروستکردنی تۆمەت و ناوزڕاندن دەخرایە زیندانەوە، بەڵام ئێستا نەک هەر خەڵکی عێراق بەڵکو هەموو جیهان بە چاوی خۆیان ئەو دیمەنە ئابڕووبەرە بێوێنەیە دەبینن کە لە ژێرزەمین و قاسەی دەستگیرکراوەکاندا دەستی بەسەردا گیراوە.
دەبێت ئەو راستییە وەک خۆی ببینرێت، ئەوەی دیوارێکی لەبەرچاوی عێراقییەکان دروستکردبوو تاوەکو چاویان ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانەی سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان نەبینێت، بە پلەی یەکەم ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد بوون لە پەرلەمانی عێراق. پێشم وانییە ئەو ئەرکەیان لەخۆڕا گێڕابێت، کەس ئەرکی وا گرنگ و کاری قورسی لەو جۆرە، بەبێ بەرامبەر ناگرێتە ئەستۆ.
بۆیە هیچ بە دووری مەبینن رۆژێک ئەوەش ئاشکرابێت ملیۆنان دۆلار لەو پێناوەدا خەرجکراوە تاوەکو سەرنج و قەناعەتی هاووڵاتییەکی سەماوە، بەسرە، دیوانییە و کەربەلا بگۆڕێت کە ئاوی خواردنەوەیان نەبووە و گومان لەوە نەکات پارێزگاری شارەکەی گەندەڵ بووە، شک نەخاتە سەر ئەوەی پارەی پڕۆژەکانیان دزرابێت، بەڵکو خەتای کوردەکانە چونکە هەموو پارەی نەوتی بەسرە دەچێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە پارێزگاکانی ئەوان لە خزمەتگوزاری بێبەشن، چونکە کوردستانی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە.
هەر بەڕاستی ئەرک و کارێکی سەخت بوو تۆ بتوانیت وا لە هاووڵاتییەکی شیعەی پارێزگاکانی خوارووی عێراق بکەیت رقی لە خەڵکی کوردستان بێت و پێی وابێت بۆیە حکوومەت ناتوانێت قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و رێگەوبانیان بۆ بکات، چونکە کورد پارەکەیان دەبات. ئەگەر پێشتر تێگەیشتنەکە بەو جۆرە بووبێت ئامانجەکە هەر بۆ دروستکردنی رق و کینە بووە لە کورد، دوای ئاشکرابوونی ئەو تاڵانکارییە، دەبێت بەرچاوی خەڵک لە عێراق و لە کوردستانیش بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی ئەرکدارکرابوون روونتر بێت کە لە زانین و ئاگاییەوە بووبێت یان لە نەزانین، ئەرکەکەیان بۆ ئەوە بووە لە سایەی ئەو گەوجاندنەی هاووڵاتییاندا گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی عێراق بەردەوام بێت.
ئەم هەڵمەتەی لە بەغدا دەستیپێکردووە ئەگەر هیچ هەنگاوێکی دیکەشی بەدوادا نەیەت، ئەو قازانجە گەورەیەی بۆ کورد تێدایە کە هاووڵاتیی عێراقی لە چەواشەکارییەکی چەندین ساڵە بەئاگا هاتەوە و راستییەکانیان بۆ دەرکەوت کە سامانی وڵاتەکەیان کێ دزیویەتی، ماوەتەوە هاووڵاتییانی کوردستانیش ئەو راستییە بە چاوی خۆیان ببینن کە ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی کوردستان رۆڵی حەرەسی ئەو دزی و تاڵانییەیان بینیوە.



