پەرلەمانی تورکیا ئێستا کار لەسەر رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە/کەجەکە، بە ناوی "یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکخستنی کۆمەڵایەتی" دەکات، دەکرێت لە بنەڕەتدا وەک لێبووردنێکی مەرجدار بۆ بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە - نەک هەموویان - تەماشا بکرێت؛ ئەوەش دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا لەسەری رێککەوتوون. رەشنووسی یاساکە بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە؛ ئەمەش ئەو ژمارەیەیە، کە دەستووری ئەو وڵاتە بەپێی ماددەی 87 وەک مەرج دایناوە، بۆ راگەیاندنی هەر جۆرە لێبووردنێکی گشتی یان تایبەت. وا چاوەڕوان دەکرێت بەر لەپشووی ساڵانەی پەرلەمان - کە ئەمجارەیان لە وادەی خۆی دواکەوتووە - یاساکە پەسەند بکرێت. رەنگە بۆ ئەمەش بایەخە سیمبولییەکەی مانگی ئاب لەبەرچاو گیرابێت؛ چونکە پەکەکە لە 15ی ئابی 1984دا شەڕی چەکداریی دەستپێکرد، ئێستاش هەوڵەکە ئەوەیە لەو مانگەدا بە یاسایەک سەرەتای کۆتاییهاتنەکەی تۆمار بکرێت.
بەپێی رەشنووسەکە، دیارە ئەم یاسایە تەنیا بۆ پەکەکە/کەجەکەیە و کاتی دەبێت؛ بە جۆرێک ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەتوانن لە ماوەی شەش مانگدا کەڵکی لێ وەربگرن. ئامانجی یاساکەش تەنیا کۆکردنەوەی چەک نییە، بەڵکو چارەنووسی هەزاران ئەندام و لایەنگری پەکەکە یەکلایی دەکاتەوە، لە ئەورووپا، کەمپی مەخموور، هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا/سووریا و ناو زیندانەکاندا دەژین. هەڵبەت باس لەوەش دەکرێت، کە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، سەرەتا پێویستە پەکەکە/کەجەکە بە کردەیی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و دواتریش ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لەبەردەستیدان رادەستیان بکات.
رەنگە لێرەدا جیاوازییەک لە نێوان روانگەی پەکەکە و تورکیا سەبارەت بە چەمکی "هەڵوەشاندنەوە" لە ئارادا بێت. لەوانەیە بۆ پەکەکە، هەڵوەشاندنەوە زیاتر گۆڕینی فۆرمێک بێت بۆ فۆرمێکی دیکە، وەک گواستنەوەی رێکخستن و تواناکانی بۆ ناو پارتێکی سیاسی-یاسایی لەناو تورکیا. لە دوای بانگەوازەکەی ئۆجالان لە 27ی شوباتی ساڵی رابردوو، پەکەکە لە ماوەی نێوان 5 تاوەکو 7ی ئایاری هەمان ساڵدا، لە کۆنگرەی 12دا خۆی هەڵوەشاندەوە. زیاتر لە دوو مانگ دواتریش، لە هەنگاوێکی سیمبۆلیدا بۆ پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ئۆجالان، ژمارەیەک لە چەکەکانی خۆی سووتاند و لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵیشدا هێزەکانی بۆ هەرێمی کوردستان کشاندەوە، کە پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر نەبووبن.
هەڵبەت رەنگە مەبەستی رەشنووسەکە لە "هەڵوەشاندنەوەی کردەیی" و روانگەی تورکیا، هەڵوەشاندنەوەی زنجیرەی فەرماندەیی و بڕیاری حیزبی، پچڕاندنی پەیوەندیی ئۆرگانیی نێوان دامەزراوە و ئەندامەکان، کشانەوەی جوگرافیی زیاتری ئەو ئەندامانەی، کە یاساکە نەیانگرێتەوە، هەروەها لەناوبردنی توانستی شەڕکردن، راگەیاندن و دارایی بێت، کە تێیاندا هەم چەک و هەم جوگرافیا و شوێنی مانەوە رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا باس لە گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە ئەورووپا دەکرێت؛ لای خۆشیەوە رەمزی کارتـال، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە، رایگەیاندووە ئەگەر ئۆجالان داوا بکات، دەگەڕێینەوە. دیارە گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە ئەورووپا گەڕانەوەیەکی ئاسایی نییە؛ گەڕانەوەی رێکخستنەکانی ئەورووپای پەکەکە لەسەر بنەمای تاکەکەسی، بە واتای گواستنەوەی سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی، مرۆیی و راگەیاندنی ئەو رێکخراوەیە لە ئەورووپاوە بۆ هەر پارتێکی گریمانەیی یاسایی لەناو تورکیا.
هاوکات، گەڕانەوەی دانیشتووانی کەمپی مەخموور و نزیکەی 1500 تاوەکو 2000 ئەندامی چەکداری ئەو رێکخراوە—کە زۆربەیان لە چیاکانی هەرێمی کوردستان و بەشێکیشیان لە رۆژئاوا/سووریان—توانای مرۆیی رێکخراوەکە وەک هێزێکی شەڕکەر تا ئاستێکی زۆر دادەبەزێنێت. ئەگەر ئەمەش هاوکات بێت لەگەڵ رادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان وەک باسی لێوە دەکرێت، ئەوا ئەو گرووپەی کە پێشبینی دەکرێت یاساکە نەیانگرێتەوە، تا رادەیەکی زۆر توانای دەستپێکردنەوەی شەڕ لەدەست دەدەن، تەنانەت ئەگەر لە سازانەکەش پەشیمان ببنەوە؛ هەرچەندە دوران کالکان، یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی پەکەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەوان جارێکی دیکە بیر لە شەڕ ناکەنەوە.
ئۆجالان لایەنێکی سەرەکیی ئەم سازانەیە، بەڵام رەنگە یاساکە ئۆتۆماتیکی و بە فەرمی ئەویش نەگرێتەوە. بەپێی رەشنووسەکە - کە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە- بێجگە لە ئۆجالان، یاساکە ژمارەیەک کادیر و بەرپرسی باڵای رێکخراوەکەش ناگرێتەوە، کە بەر لە 1ی حوزەیرانی 2005 سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی مەزەندەیەکی سەرەتایی ژمارەی ئەوانەش نێوان 250 تا 500 کەسێک دەبن. یاساکە زیاتر لە "لێبوردنێکی بێدەنگی مەرجدار" دەچێت؛ چونکە لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی تاواننامەی هەندێک رەفتاری پێشوو کار دەکات، بۆ نموونە: ئەندامبوون لە پەکەکە کە پێشتر تاوان بوو، بەڵام لەگەڵ نەمان/هەڵوەشانەوەی پەکەکەدا ئەو تاوانە و سزاکەشی نامێنێت، بەڵام بۆ ئەوانەی سزای بڕاوەیان لەسەرە دۆخەکە جیاوازترە، بە جۆرێک کە دەشێ دوای 2 تا 3 ساڵ بوار بۆ هەندێکیان بڕەخسێت هەتا بەشداری لە سیاسەتدا بکەن.
لە سیناریۆیەکدا کە یاساکە دەربچێت، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنەکانیش پێوەی پابەند بن، بە ئەگەری زۆر تورکیا داوای کشانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە چیای گارا، خنێرە و لانی کەم بەشێک لە قەندیل دەکات. لە بەرامبەردا رەنگە کێشەیەکی ئەوتۆی نەبێت لەوەی کە ئەو بەشەی پەکەکە کە یاساکە نایانگرێتەوە، لەگەڵ پەژاکدا لە سنوورێکی نێوان چیای ئاسۆس تا پێنجوێن بـمێینەوە، کە سەرووی ٤٠٠ کیلومەتر بە پێ لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورن. ئەم دوورییە جوگرافییەش کاری هەر گرووپێکی چەکدار بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ تورکیادا سەخت دەکات.
هەم بۆ پەکەکە و هەم بۆ دەوڵەتی تورکیاش، پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. رەنگە پەکەکە لەم قۆناخەدا وەک دەرفەتێک تەماشای ئۆجالان بکات تا لە رێگەیەوە دەرگایەک بۆ خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ناو تورکیادا بکاتەوە. رەنگە حکومەتی تورکیاش لەبەر رای گشتیی ناوخۆ، خۆی لەوە بەدوور بگرێت کە راستەوخۆ رۆڵێکی ئاشکرا بە ئۆجالان بدات؛ بەڵام ئاگایە لەوەی کە بەبێ ئۆجالانیش ئەم پرۆسەیە سەرناگرێت، بۆ سەرخستنیشی پێویست دەکات ئۆجالان خاوەنی دەسەڵات و سەنگێکی رێکخستنی - سیاسی بێت.
بە ئەگەری زۆر، یاساکە جۆرێک لە ریزبەندی و دابەشکاری لە نێوان ئەندامانی پەکەکەدا دروست دەکات؛ ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە و ئەوانەی نایانگرێتەوە. ئەمەش دواجار دوو "پەکەکە" بەرهەم دەهێنێت: یەکێکیان ئەوەی کە دەگەڕێتەوە و دەستبەرداری شەڕ دەبێت، ئەوی دیکەشیان ئەوەیە کە پێدەچێت چاوەڕێی قۆناخێکی دیکە بمێنێتەوە. رەنگە تورکیا پێی وابێت کە بە جێبەجێکردنی یاساکە، تەنانەت ئەگەر ئەم گرووپەی دووەم لە سازانەکەش پەشیمان ببنەوە، چیتر توانای ئەوەیان نامێنێت کە بە ئاسانی شەڕ دەست پێ بکەنەوە.
زۆر لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا وەک هەوڵێک بۆ "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" سەیری ئەم پرسە دەکەن، لە بەرامبەردا پەکەکەش بە چاوی گۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ بەشدارییەکی سیاسی-یاسایی لێی دەڕوانێت. روانگەی لایەنەکان هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ئەم پرۆسەی چەکدانان و گەڕانەوەیە سەربگرێت، ئەوا دەبێتە وەرچەرخانێکی جۆری لە بزاڤی سیاسیی کوردی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پرۆسەی ئێستا دەرئەنجامی قۆناخێکە کە لە ساڵی 1999دا بە دەستگیرکردنی ئۆجالان و گواستنەوەی جوگرافیای شەڕ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاوە دەستی پێکرد. بەڵام باڵانسی سەربازی هەرجۆرێک بێت دواجار، نە پەکەکە توانی لە رێگەی شەڕەوە بگاتە ئامانجە سەرەتاییەکانی خۆی و نە تورکیاش توانی بە تەواوی ئەو رێکخراوە شکست بدات و لەناوی ببات.
دوای رێککەوتنی دۆڵمەباخچە لە نێوان ساڵانی 2013-2015، ئەمەی ئێستا جدیترین قۆناخێکی دانوستاندنی راستەوخۆ و ناراستەوخۆیە سەبارەت بە بێچەککردنی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕێک کە چوار دەیەی خایاندووە؛ هەرچەندە هێشتا هەردوو لا لە دوو دیدگەی جیاوازەوە سەیری کۆی پرۆسەکە دەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)


